قەرز بەهای دیناری عێراقی دادەبەزێنێت

پۆڵەتیك پرێس
عێراق لە ئێستادا زیاتر 160 ملیار دۆلار قەرزارە، ئابووریناسێك دەڵێت: ئەو قەرزە زۆرە عێراق رووبەڕووی كۆمەڵێك كێشە دەكاتەوە لەسەرو هەموویانەوە كەمبوونەوەی بەهای دراوەكەیەتی، بەو پێیەی یاساكانی بانكی نێودەوڵەتی لەقەرزكردن تێپەڕاندووە.

دكتۆر عزەت سابیر مامۆستای زانكۆ و ئابووریناس بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەو قەرزە زۆرەی عێراق كردوویەتی كاریگەری دەبێت لەسەر كەمبوونەوەی بەهای دراوەكەی و متمانەی كۆمپانیا بیانییەكان بۆ وەبەرهێنان لەدەست دەدات، هەروەها ئەو شت و مەك و هەناردانەی هەیەتی بێكاریگەر دەبێت.

دكتۆر عزەت سابیر، وتیشی: بانكی نێودەوڵەتی یاسایەكی هەیە نابێت ئەو قەرزە نێودەوڵەتییەی دەكرێت 30% ی داهاتی وڵاتەكە تێپەڕێنێت لە كاتێكدا عێراق تێی پەڕاندووە.

باسی لەوەشكرد لە بری پەنا بردن بۆ قەرز باشتر وایە حكومەتی عێراق لە رێگەی زیادكردنی سەرچاوەی داهات و كەمكردنەوەی خەرجی‌و چاكسازی لە دەروازەكان و بەرهەمی نەوتی، چارەسەری كێشە ئابووری و داراییەكانی بكات.

وڵاتی عێراق قەرزێكی زۆری كەڵەكەبووی نێودەوڵەتی لایە، كە مەزەندە دەكرێت بە زیاتر لە 160 ملیار دۆلار و بەردەوامیش بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنان و چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكان پەنا بۆ قەرزی دەرەكی دەباتەوە.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک