شمخانی: چوونە دەرەوەی ئەمریکا گرنگترین توخمی سەقامگیری ناوچەکەیە

پۆڵەتیک پرێس

ئەمینداری باڵای ئاسایشی نیشتیمانی ئێران رایگەیاند، یەکێک لە گرنگترین توخمەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە چوونەدەرەوەی تەواوەتی سەربازانی ئەمریکایە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی شمخانی لەمیانی کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ جومعە عیناد وەزیری بەرگری عێراق لە تارانی پایتەختی ئێران رایگەیاند، ئێران پاڵپشتی بێسنور پێشکەشی عێراق دەکات بۆ رزگارکردنی شارەکانی لەدەست داگیرکاری داعش و لەڕێی هەماهەنگی بەرگری و ئاسایش لەگەڵ عێراق رووبەڕووی کاری “تیرۆرستی” دەبنەوە کە لەلایەن ئەمریکاوە پەیڕەودەکرێت.

وتیشی: یەکێک لە ئامانجە ئاشکراکانی بوونی ئەمریکا لەم ناوچانە دروستکردنی ناکۆکی و گرژی و ئاڵۆزییە لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە بۆیە پێویستە هەموومان رووبەڕووی ئەم پیلانە ببینەوە.

لایخۆیەوە، جومعە عیناد رایگەیاند، گرنگە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران پەرەیان پێبدرێت و بەهێزتر بکرێن بەتایبەت لە بواری سەربازی و ئەمنی.

وتیشی: هیچ وڵاتێک ناتوانێت کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێران دابنێت و ئەزموونیشیان لە روبەڕوبوونەوەی داعش ئەوەی سەلماندووە کە لەژێر رۆشنایی هەماهەنگی هاوبەش توانای بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری گەلی هەردوو وڵاتیان هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، بە یاوەری شاندێکی باڵای سەربازی جومعە عیناد وەزیری بەرگری عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا