چۆن ئەم قۆناغە تێپەڕێنین؟

لەتشرینی دەوومی ساڵی ١٩٩١ حكومەتی سەدام حوسێن بەتەواوی بڕیاری خۆیدا كەهێزو بنەو بارەگاو دامودەزگاكانی بكشێنێتەوە لەكوردستانی دوای ڕاپەڕینی بەهاری ئەو ساڵەدا تاوەكو هێزە سیاسیەكانی كورد كە ئەوكات بەرەیەكی كوردستانیان درووست كردبوو بۆ حوكمڕانی خۆماڵی، ئەم كشانەوەیە لێدانی یەكەم بزماربوو لەتابووتی ئامادەكراوی دەسەڵاتی كوردی تا مرداری بكەنەوە!.

ئەمساڵ هەر لەتشرینی دووەمی ٢٠٢٠ لەڕێی یاسای قەرز هەردوو كازمی و حەلبووسی دووەمین بزماریان لەتابووتی ئامادەكراوی دەسەڵات و حكومەتی هەرێمی كوردستان دا تاوەكو بەیەكجاری بیمرێنن!.

ئەم دوو ڕێكەوتە هەر لەتشرین بوو، دوو بزمارن لەمێژووی هاوچەرخی سیاسی عێراقدا، سەدام باوەكووشتی جەلادێكی خوێنڕێژ، حەلبووسی چاوش و كازمی ڕۆژنامەنووسێكی دڵ ڕەش بۆ كورد هەرسێكیان یەك تایپ و یەك ماشێن بوون بۆ پووكانەوە شۆڕش و ڕاپەڕین، سەدام پێی وابوو دوای كشانەوەی دەزگاكانی میری كورد دەكەوێت، بەڵام ئەوزەمان كورد خاوەنی یەك ئیرادە بوو، خاوەنی دڵسۆزی و پشتوپەنای هێزە سیاسیەكان بوو، جەماوەری ئەو سەردەمە بەجلوبەرگی شڕو سكێ تێرو سكێ برسی گیرفانی خاڵی و ژیانێكی كەمێك لەمەلای مردنەوە چاكی مەردایەتیان لێهەڵماڵی و نەیانهێشت دەسكەوتی ڕاپەڕین بەرەو پووكانەوە بچێ، خۆڕاگر بوون لەئاست زیندەگیەكی سەخت و دژوار، بۆ ئەو ڕۆژە ئەمە هەڵوێستێكی ئاڵتوونی بوو بۆ هێزە سیاسیەكان!، بۆیە دوای حەوت مانگ كورد بڕیاری خۆیدا بۆ هەڵبژاردن و دامەزراندنی یەكەم حكومەت وەك تەحەدایەكی مێژوویی بەرامبەر بەسەدام حوسێن، بۆ تشرینی ساڵی ١٩٩٢ كورد ئیعلانی فیدڕاڵیەتی ڕاگەیاند لەچوارچێوەی عێراقدا دوای یەك ساڵ.

لەسەروبەندی ساڵی ١٩٩١ هەتا ساڵی٢٠٠٣ كورد لەنێو چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتە خۆماڵیەی كە هەیبوو توانی بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بەگیرفانی خۆی و بەگومركی ئیبراهیم خەلیل و دەروازەكانیترو باج و خەراج و هاوكاریە مرۆییەكان خۆی بژێنێ سەرەڕای سەختی بژێوی جەماوەر چەندین شەڕی ناوخۆ بەرۆكی ئەم هەرێمەی گرتبوو، بەڵام دارایی حكومەت و دامەزراوەكان تا ئەندازەیەی باش جێگیركرابوو بەپارەیەكی دراوی كۆنی ناڕەسمی‌ توانرا ئیدارەی خۆماڵی كورد ڕێكبخرێت، هەموو ئەمانە چونكە ئیرادە هەبوو كوردو حزبە دەسەڵاتدارەكان توانیان زاڵبن بەسەر ئەو دۆخەو تێیانپەڕاند!!.

ئێستا لەسەروبەندی دوای ١٧ ساڵ حوكمڕانی هاوبەش لەگەڵ عێراقی پاش ڕووخانی سەدام، كورد دیسانەوە لەتشرینی دووەمدا كەوتە بەر پیلان و داڕووخانی دەسەڵاتی خۆماڵی خۆی كە ئەمجارەیان سەدام نەبوو بەڵكو حەلبووسی و كازمین، لەگەڵ ستاڤێكی بێ دایك و باوك كە ئاستەمە لەسەدام باشتربن بۆ كوردی كڵۆڵ، ئەو یاسایەی پێرێ بەیانی لەگەڵ شیڕەی شەبەقدا كە لەپیلانێكی دوای نوێژی بەیانی ڕاگەیەنرا لەپەرلەمانی عێراقەوە هیچی كامتر نەبوو لەو ساتە وەختەی سەدام بەئەمری مەجلیسی قیادەی سەورە كشایەوە لەكوردستان، هەردوو پیلانەكە ڕێكەوت وایە لەتشریای دووەمەدایە بۆ لەباربردنی دەسەڵاتی كوردو دەسكەوتەكانی تا شكستبخوات و هەڵنەسێتەوە.

كورد ڕێگای سێیەمی نیە بۆ هەڵسانەوە لەم حاڵەتەدا، هەروەكو چۆن هێزە سیاسیەكانی كوردستان لەووتوووێژی قورس و گران بوون ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ سەدام، خۆ دیسانەوە وەفدی كورد زیاتر لەساڵێكە لەووتوێژدان لەگەڵ كازمی، ئەوی ڕۆژێ كۆتایی بەكشانەوە هێنا سەدام، ئەمڕۆش دیسانەوە لەبەردەم دووڕیانێكی یان تەسلیم بوون بەبەغدا یان گەڕانەوە بۆ ئیرادەو خۆهەڵسانەوەی وەكی تشرینی ساڵی ١٩٩١ .

بڕیاردان لەچارەنووسی یەكجارەكی بۆ ڕێكخستنەوەو بەخۆداچوونەوەو باشتركردنی جوومگەكانی حوكم و چاكسازی ڕاستەقینە دەبێت سەركردەكانی كورد لەخۆیانەوە دەست پێبكەن و سەرلەنوێ بەكۆی هەموو سیستمەكەدا بچنەوەو داهاتی كوردستان بكەن بەیەك داهات و پارو پوولی دزراوی میللەت بهێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و حزبەكان بەتایبەتی پارتی و یەكێتی و گۆڕان پەیمانی شەرەف بنووسنەوەو ئیمزای بكەن لەبەردەم ڕای گشتیدا وەك عەهدێكی نوێ بۆ بەهێزبوونی گیانی برایەتی و پێكەوەیی دوور لەدەمارگیری حزبایەتی تەسك و ملشكاندنی یەكتر، لەسەروو هەموو ئەمانەوە بۆ هەنووكەیی و كاتیش بێت دەتوانن ئەو دوو لایەنە قەرزێكی بچووك بكەن بۆ ئەوەی ئەمانیش دوو تا سێ مووچە بەدەن تا سەری ساڵی ئایندەو پەنا بەبن بۆ مللەتی خۆیان باشترە تابچن كڕنووش بەرن بۆ داگیركەرو حوكمی سەدامی و كازمی كە هەردووكیان لەیەك پێستدان و دراوێكی یەك ڕوون!.

من باوەڕم وایە كورد دەتوانێ ئەم قۆناغە تێپەڕێنێ و باشترین هەلە كە ئەزموونی تشرینی ساڵی١٩٩١ بگێڕنەوە كە چۆن میللەت پشتو پەناتان بوو، هەر ئاوهاش هەوڵ بدەن میللەت بەڕاستگۆیی خۆتان ئاشتیان بكەنەوە تاكو ببنە پشتوپەناتان بۆ ئێستاو ئایندە، باوەڕتان بێت هەلی وا زێڕینی كوردانەو پێشمەرگانە بۆ كورد هەرگیز هەڵناكەوێت بەو مەرجەی بتوانن ئیرادەتان هەبێت بۆ خۆهەڵسانەوەو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە قوورسە!!.

داهاتی كوردستان ئەگەر تەخشان و پەخشان نەكرێت و بۆ حكومەت بگەڕێتەوە دڵنیام بەشی دوو حكومەت داهاتمان هەیە!، بەڵام ئەفسووس نیوەی داهاتی كوردستان كەس نازانێ كام ساحیر لووشی دەدات، ئەمە گرفتە گەورەكەیەو ئەوەش پێویستی بەبڕیاری قوورسە لەلایەن پارتی دیموكراتی كورستان و یەكێتی نیشتمانی كورستان بدرێت، دیسانەوە دیڵێمەوە ئەگەر ئیرادە هەبێت ئەوەش ئاسانە، خۆ ئەگەر نەبوو، ئەوا گەنم گردوو جۆبڵاو تا شۆڕشێكیتر بەخواتان دەسپێرم.

ئەسعەد جەباری

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا