خەنجەری ژەهراویی

سەرەڕای ئەوەی سیاسەت زانست‌و پێشبینی پێشهاتەكانەو سیاسەتمەداریش دەستەبژێرێكی قاڵبووی مەعریفەو مێژووە، بەڵام بەشێكی دیاریكراوی سیاسەتیش هاوكێشە ماتماتیكییەكانی پێویستە بۆ گەیشتن بە ئەنجامەكانی .
بۆ نموونە:

ئەوەی ئەلفوبێیەكی سیاسی شكبردبێت دەیزانی حكومەتی هەرێم (ببورن حكومەتی بارزانی) نەوت ڕادەستی بەغدا ناكات و دور یا نزیك حكومەتی عێراقیش موچەی كارمەندانی هەرێم دەبڕێت .

ئەوەشی كەمێك ماتماتیكی سیاسی خوێندبێت، دەیزانی لە ئەنجامی ڕێكەوتنی ژێر بەژێری بارزانی بۆ لادانی حەلبوسی و گۆڕینی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق، ئەویش (حەلبوسی) بەو شێوەیە تۆڵە دەكاتەوەو وەڵامێكی لۆژیكی خەنجەرەكەی بارزانیش دەداتەوە .

ئەوەی د. بەرهەم بناسێ‌و شارەزای گەمە سیاسییەكانی ئەویش بێت، دەزانێت ئەوەندە بێ ئاگاو بێ دەسەڵات نییە لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراقدا، بە تایبەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی كازمی، ئەدی چۆن بێدەنگی هەڵبژاردو هەوڵێكی نەدا؟

ئەو دژایەتی پارتیشی لە سیناریۆی دانانی سەرۆك كۆمار لەیاد نەكردووە، دەشزانێت لەدانانی ئەودا بارزانی شكستێكی مێژویی تۆماركردو هەمیشە بەدوای تۆڵەكردنەوەو لادانیدا دەگەڕێت، بۆیە د. بەرهەم بزماری دووەمی لە تابوتی حكومەتەكەی بارزانی كوڕ دا .

ئەوەی بەوردی هاوكێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی خوێندبێتەوە، دەزانێت پارتی حیزبی حاكمەو گۆڕانیش شەریكێكی ملكەچ‌و گەواهیدەرێكی سوێندخۆری بەردەم دادگای حوكمی پارتییەو یەكێتیش لە ململانێی ناوخۆیی خۆیدا یەكلایینەبووەتەوە، هەماهەنگی پارتی بكات، یان دەربچێت لە هەژموون‌و دەسەڵاتی ڕەهای پارتی؟

هەروەها ئەوەی دەستی چەپی لە ڕاستی جیا بكاتەوە، ئەو حەقیقەتەی لا ڕونبووەتەوە، سەرۆكایەتی هەرێم پارتییە، ئەنجوومەنی وەزیران پارتییە، زۆرینەی پەرلەمان پارتییە، كەواتە پرۆژەو پێشنیارو بڕیارو یاساكانیش لەبەرژەوەندی بڕیارەكانی پارتیدان‌و كۆبونوەوەی پارتە سیاسییەكانی هەرێم‌و هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم، چی لە بابەتەكە دەگۆڕێت جگە لە شەرعیەتدان بە بڕیارەكانی پارتی؟

تۆ نەوت ڕادەست ناكەیت موچە دەبڕن، ئەو داوای دوسەدو پەنجا هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەكات و تۆ پێنج سەد ئاودیو دەكەیت‌و موچەش نادەیت، ئەو داوای نیوەی داهاتی خاڵە سنورییەكان دەكات، تۆ هەمووشی دەبەیت و موچەش نادەیت، كەواتە كێ خەنجەری ژاراوی لەپشتی موچەخۆران و هەرێم دەدات؟

پارتی چی دەكات ؟
بەبۆچوونی من :
یەكەم: ئەگەر كۆبوونەوەی سەرۆكایەتییەكان كرا هەوڵدەدات بەیاننامەیەكی هاوبەش دەربكات‌و یەكێتیش بكاتە شەریكی هەنگاوەكانی، ئەگەریش سەركەوتوو نەبوو..

دووەم: شاندێكی تر دەنێرێتە بەغداو ئەمجارە بەفیعلی نەوتەكە تەسلیم دەكات، عێراقیش موچەی كارمەندانی هەرێم هەموو مانگێك لە كاتی خۆیدا دەنێرێت .
سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا