دیار لەتیف: لە نێوان نووسەرێکی ڕاستەقینە و شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینەدا، بەدڵنیاییەوە نووسەرەکە پاسەوانی ناسنامە و نەتەوەیە

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

(دیار لەتیف) دەنگێکی نوێی شیعری کوردیی باشورە، خاوەنی دوو بەرهەمی ئەدەبییە:

١-زەویی پلاستیك، شیعر.

٢-ناونیشان و دەق، ڕەخنەیی و لێکۆڵینەوە.

لەو نووسەرانەیە، وشە بە کرۆکی نووسین دەزانێت، نەك دانەر. بەمانایەکیتر دەقەکان زیاتر بەرخوردیان لەگەڵ خوێنەر هەیە، نەک” دیار”خۆی. پێچەوانەی “بۆدلێر”کە بەرهەمانی شکستی ڕۆژانەی خۆیبوون، بەڵام “دیار” نووسەرێکی” مالارمێ”ییە و هەموو کەسێتی خۆیی وەلادەنێ بۆ نووسین.

کاری نووسەر لە زەوی پلاستیکدا شڵەقاندنی ئەو بابەتانەیە، کە لەهەموو پنتێکی ئەم جیهانەدا ئاریشەن، نەك شارێك، وڵاتێك..هتد.

پێشتر لە چەندین گۆوار و ڕۆژنامە بابەتی ئەدەبی بڵاوکردووەتەوە. براوەی چەند خەڵاتێکی ئەدەبییە.

هاوکات چیرۆکیش دەنووسێت، لەپاڵ ئەمەشدا چەند دەقێکی شیعریی کتێبی زەویی پلاستیک وەرگێڕدراوە بۆ زمانی عەرەبی و فارسی، لە ئێستاشدا وەک ڕۆژنامەنووسی ئەدەبیی کار دەکات.

ئەم پرسیارانەش لەمەڕ کتێبە شیعری(زەویی پلاستیك)ە، لە دەوری وێنەو زمان و پەیام و ناونیشان..تاد دەخولێتەوە.

ئا: ئارام حاجی

ــــــ

ئارام حاجی: گەر وردبینەوە دەبینین ناونیشانی کتێب، بەتایبەت کتێبی شیعریی لەپێش ڕاپەڕین کورت بوون، یاخود زۆربەیان لە دوو وشە و لێک دەرێک پێك هاتبوون، بەڵام پاش ڕاپەڕین ناونیشانی کتێبی شیعری بوو بە گرێ و ڕستە و زیاتریش. ئایا (دیارلەتیف )پێی باش بووە بگەڕێتەوە بۆ پێش ڕاپەڕین لەهەڵبژاردنی قەبارەی ناونیشاندا، یاخود خواستی خۆی بووە، بێ ئاوڕدانەوە لە پێش ڕاپەڕین؟

دیار لەتیف: هەموو زۆر وتنێک دەتخاتە هەڵەوە، بۆئەوەی هەڵەنەکەم کەم دەهۆنمەوە. ئەمە دەکەمە بنەمای وەڵامدانەوەی پرسیارەکانت.

ناونان مۆرک و زیندووێتی زمانە، ناونیشان ڕۆڵی لە جوانێتی، ناساندن، پاراستن، سەرنجکێشی و مانا و پەیامی دەقدا هەیە. ناونیشان هاوتای دەق دەبێتەوە و دەق بێ ناونیشان، وەک مرۆڤی بێ گیان وایە. ناونیشانی گرێی خێراترین پەیام لەپانتاییەکی جوانکارانە دەدات، هەم دڵخوازمە، لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت پێش ڕاپەڕین ڕووبەڕووی چەندین ناونیشانی ناگرێی دەبینەوە، لای شێرکۆبێکەس و لەتیف هەڵمەت و سەباح ڕەنجدەر، عەبدووڵا پەشێو، فەرهاد شاکەلی و زۆرێکیتر. لەهەمانکاتدا بەر چەندین ناونیشانی گرێیش دەکەوین.

هەڵبژاردنی ناونیشانی کتێبەکە، بۆ ئەو بیرۆکەم دەگەڕێتەوە، لە بەشێکی فرەی دەقەکان کارم لەسەر کردووە، چ ڕاستەوخۆ و چ ناڕاستەوخۆ، ئەویش بە ئامانجگرتنی جیهانی تازەیە. ناونیشانی سەرەکی هاوواتایە بۆ نێوەڕۆک و پەیام و بابەتی کارکردنی من لەسەر ئەو چەمکە هزرییەیە، کە مۆدێرنیتەیە. کەواتە بەردەنگی زرنگ ـ چالاک، هەر زوو دەتوانێت کێوماڵی مانای ناونیشانەکە بکات! ڕەخنەگران کۆدەنگن لەسەر ئەوەی ناونیشانی تاک وشەیی نا دڵخوازی خوێنەران و نا ویستراوە! ناونیشانی ڕستەیی دەشێت چێژبەخش بێت، بەڵام مانا ئاشکراکەرە و درەنگ لەیادگەی خوێنەردا دەنیشێت. ناونیشانی گرێی لە ناونیشانە سەروەرەکانە و خەسڵەتە باشەکانی لەخۆدا کۆکردووەتەوە.

ئارام حاجی: کاتێک لە زەوییەکەی تۆدا دەگەینە پەڕەیی کۆتایی دەبینین دەقێک نییە بە ناوی زەوی پلاستیک، ئایا ئەمەت بۆ ئەوە کردووە، تاوەکو خوێنەر بخەیتە دۆخی بیرکردنەوەوە؟

دیار لەتیف: ناونیشانی دەقێک لە دەقەکان، بەشداری ناونیشانی ڕووبەرگ ناکات. هەڵەنەبم هەستدەکەم ئەو بەمۆدکراوەیە، ڕیشەکەی بۆ قۆناغگەلێکی ئەدەبیی شیعری کوردیی پێش ئێستامان دەگەڕێتەوە. لەهەمانکاتدا بێ لەوەی ئاماژە بەناو بدەم، نموونەی بەردەستمان کەم نین.

(زەویی پلاستیک)، ناونیشانێکی بوونیادییە و سرووشی لە کۆی دەقەکان وەرگرتووە. ناونیشانی سەرەکی، دەقی دووەمی دەقەکانە، ناونیشان هەیە ترووسکەییە، ناونیشان هەیە دەقکوژە، ناونیشان هەیە دەق ونکەرە! کەم لە نووسەران هەن ئازاری ناونیشان بژێریان نەبینیبێت. ناونیشانی کتیبەکە لە ژێدەری ئاوەزەوە هاتووەتە بەرهەم، نەک دەرهاویشتەی سۆزبێت. سۆز لەو ناونیشانەدا نییە، خوازە و ماناسازی و بیرکۆڵی ئامادەیی هەیە.

هەڵبژاردنی ناونیشانی کتێبەکە لەوەوە نەهاتووە وەک ئەوەی کە هەیە، جوانترین و دڵخوازترین ناونیشانێک لە شیعرێک لە شیعرەکانەوە دەردەهێنن و دەکرێتە ناونیشانی کتێبەکە. ئەم ناونیشانە(زەویی پلاستیک)، تەواوە دوورە لەباسی ماکیاژی ناونیشان بژارییەوە. بەڵکو دەتوانین بڵێین ناونیشانێکی کڕۆکییە و نەک تەنیا دەقێک، لەڕۆحی سەرجەم دەقەکانەوە هاتووەتەدەر. هەندێکات ناونیشان بڕیاردەری خوێندنەوەی دەقە لای خوێنەر، کەواتە خوێنەر هەیە لە ناونیشانەوە بڕیار دەدات ببێتە خوێنەری دەق و کتێبەکە، هەرچەندە پێموایە ئەمەیان فریودەرانەیە و مەرج نییە هەمووکات دەقی سەرکەوتوو خاوەن ناونیشانێکی شیاو بێت.

ئارام حاجی: ئایا ناونیشانی زەوی پلاستیک بارگاوی نییە بە کۆمەڵە شیعری ( گیایی لاستیکی)ی شاعیری بولگاری بلاگا دیمیترۆڤا؟

دیارلەتیف: میکایل ستغونە، بە شاعیری دەیەی هەفتا و هەشتاکانی ئەدەبیاتی شیعری دانیمارکیی دادەنرێت، نوێخواز و بەرهەڵستکار، شیعرێکی هەیە ناونیشانی خۆری پلاستیکە. ئەم فایلە وەرگێڕاوەی ستغونە، ئالان پەری نایابکارانە لە زمانی یەکەمەوە وەریگێڕاوە. (گیای لاستیکی) بلاگای شاعیری بولگار، وەرگێڕی جوانکار دلاوەر قەرەداغی وەریگێڕاوە. ئەمەم بۆیە گێڕایەوە، دەخوازم ڕوونکردنەوەیەک بدەم.

کاتێک (زەویی پلاستیک) چاپ ببوو، هیچ لەو دەقە وەرگێڕاوانە لە ناو زمانی کوردیدا بە کوردی نەکرابوون. فایلەکەی (ستغونە) پاش هەشت مانگ لە چاپبوونی (زەویی پلاستیک) وەرگێڕاوە! ئەوەی بلاگا دیمیترۆڤاش هەمووی ڕەنگە مانگێک بێت وەرگێڕاوە! کە لێکی بدەینەوە دەکاتە ساڵ و نیوێک پاش چاپاندنی کتێبەکەم. بۆیە هیچ کام لەو دەقانەم پێشتر نەبینیوە و هچکات لێی ئاگادار نەبوومە، وەک وتم هەڵبژاردنی ئەو ناونیشانە دەگەڕێتەوە بۆ کۆی تەوەری کارکردنی من، کە مۆدێرنیتەیە. دواجار وشەش موڵکی کەس نییە، بەڵام بیر موڵکایەتییە، لە بیریشدا جیاوازی کارکردن.

ئارام حاجی: بۆچی لەنێوان دەقی درێژ و پۆستەرە شیعر و زنجیرە شیعردا، جگە لە دەقی( نوسیم: ناونیشان )لا٦۳، زیاتر دەقی مامناوەندییت هەڵبژاردووە؟

دیار لەتیف: هەمیشە لە تەواونەبوون دەترسم، بیرکردنەوە لەوەی گەر هاتبا هەتاهەتایی بباین، ژیان جگە لە بەتاڵاییەک چیتر نەدەبوو. تەواوبوون و کۆتایی سەروەتێکە مرۆڤ خاوەنێتی. تەواونەبوون و بێسنووریی، هاوڕێ لەگەڵ ئەو دەقانەشی درێژن دەمخەنەوە بیری ناکۆتا، ترسناکترین خەیاڵێکە ئازارم دەدات. باوەڕدەکەم چێژ لە کۆتابووندایە و هەر ناکۆتایەک مایەی ئازارێک و دەرەنجامی وەڕسی و بێهودەییەکە!

هەموو وتنێک بۆخۆی فۆرمێکە و گرنگتر لەوە گەمە وێژەییەکانە ڕۆڵ بە دەق دەدەن و دەیکەنە گوتاری جیاواز. هەر زێدەڕۆیی و بەرخۆرییەک لە دەقدا بکرێت، دەق دەشێوێنێت. لە دەقبوون دەیخات و بەرەو ڕمووزن و ناقۆڵایی دەبات. دەق و گەدە یەک ڕوویان هەیە، لەوەدا کە زێدەباری هەرس ناکەن و فڕێیی دەدەنە دەرەوەی خۆیان! دەقە باش و تەندرووستەکان ئەوانەن هاوسەنگی دەپارێزن. نا هەوسەنگی هەڵاوسان دێنێتە ئارا و بەرخۆرییە!

ئارام حاجی: بۆچی وێنەیی شیعری لە زەوی پلاستێکدا بەشێوەیی گشتی بریتین لە گواستنەوەی وێنەیی” پیس”ڕونتر بڵێم زۆربەی وێنەکان نیشاندانی ناشرینی و پیسین، وێنەدانەوەی وێنەی پیسن؟

دیار لەتیف: گەر بڕیارە شیعر تەنیا وێنەی جوانی هونەری بێت، ئەوا دەچمە پێشنگایەکی تابلۆی هونەریی و لەوە زیاتریشم دەستدەکەوێت. شیعر تەنیا کارکردن نییە لەسەر ناوچەی بینین، بەڵکو ڕووماڵی ناوچەی هزریشە. ئەوکاتە وێنەی هونەریی بەهای هەیە، لە منداڵدانی فیکرەوە هاتبێتەبوون. وێنە ڕاوکردنی تێکچڕژانە نا کۆتاکانی ناوەوە و دەرەوەیە، لەهەمووی گرنگتر دابڕان بخوڵقێنێت. دابڕان واتایە بۆ سەربەخۆیی وێنەکە لە وێنەی باو، وێنەیەک خاوەن مۆرکی خۆی بێت و خوێنەر ڕووبەڕووی سەرسامی و تێهزرین و چێژ بکاتەوە. دەبێت وێنە وەک سەگی ئەو پەرژینەبێت نەک هەر بوەڕێت، بەڵکو گازیش بگرێت! وێنەی شیعریی کارلێکی خەیاڵە و تێکشکاندنی لۆژیکە، بوونیادنانەوەی جیهانی شیعرییەتە.

(زەویی پلاستیک)، نەوەی ڕۆژهەڵاتە، ڕۆژهەڵاتێک لەگەڵ ڕۆژهەڵاتندا خۆری هەزاران ئاوادەبێت، ڕۆژهەڵاتی بۆمب و ئاگر و ئاوارەیی، ڕۆژهەڵاتی ناسەقامگیر و برسێتی، ئیدی لەکۆتاییدا شیعر و واقیع لەیەک هەسارەن!

ئارام حاجی: لە شیعری” زەقنەبووت”دێڕی شازدە، باس لە “نان و ئازادی”دەکەیت و ئەمەش ڕوونە دروشمی مارکسیزمە، ئایا بە دیوێکیتردا، شیعرت نەخستووەتە خزمەتی “ئایدۆلۆژیا”وە، یان بەشێوەیەکیتر، ئایا تەندرووستە شیعر خزمەتی ئایدۆلۆژیا بکات؟

دیار لەتیف: چەندە باشە شیعر لە تیۆر گەورەتربێت، هەر شیعرە خۆی بەسەر چەمکدا دەسەپێنێت، نەک چەمکەکان خۆیان بەسەر شیعر داسەپێنن. شیعری ڕاستەقینە ئایدۆلۆژیا لەخۆ ناگرێت، هەڵیدەداتە دەرەوەی خۆی، ئەمە چاکەیەکە شیعر لەگەڵ خۆیدا بیکات. بیرمە جارێکیان لە سەروەختی نووسینی دەقێکم لەسەر برسێتی و هەژاری دوو ڕۆژ ژەمە نانێکم خواردبوو! ترسی من لەبرسێتی بەردەوامە، وەک ئەوەی جیهان شوێنێک نەبێت بۆ تێربوون!

هەرچەندە لەپارووە خۆشەکان بێبەشبووم، بەڵام نووسین قەرەبووی سکگوشینی کردمەوە. هەر وشەیەک دەینووسین و دەیبێژین، گرنگە بە دوو جۆر ئەزموونی بکەین، بۆئەوەی ڕاستگۆیانەبێت. ئەزموونی واقیعیی و ئەزموونی خەیاڵاندن. بەڵام من بەڕادەیەکی زۆرتر هاوکۆکی کەتوارم. کەتوارنووسیییەک بەکۆمەکی ڕەگەزە هونەرییەکان و بەشداری خەیاڵ، نەک خەیاڵکاریی! لەڕاستیدا جگە لەو گەمە یۆگییەی نووسینی دەق و مامەڵە و ژیان لەگەڵ دەقدا کردن، هەمانکات بە ئەزموونی برسێتییەکی زۆردا تێپەڕیمە و ئەوەش کاریگەری نەرێنی خستووەتە سەر ژیانی کەسیم. منداڵیم لەبرسێتییەکی زۆردا بەسەربرد، گرانیبوو، نان و شەکر و چا و ڕۆن و ئارد دەست نەدەکەوت.

ئێستا کە ئەوانە هەن، هێشتا لەبیری نەبووندا ماومەتەوە. یەک لەو خووەی تێیدا چاندم ئەوەیە، کاتێک نان دەخۆم هێندە پەلەمە وادەزانم کۆتا نان خواردنمە و ئیتر دەکەوینە قەیرانی خواردەمەنییەوە و مرۆڤ دەکەوێتە بەر هەڕەشەی برسێتییەکی یەکجارەکییەوە! ئەم گێڕانەوە مەرگەساتییەی بەرباسمدا، وایکردووە بەردەوام چەمکی برسێتی لە دەقمدا ئامادەیی هەبێت و پەراوێزی نەخەم، کە ناشتوانم لەبیری بکەم! من کەموکورتییەکانم بە شیعر پڕ دەکەمەوە. گەر خاوەن ئارێشە نەبوویت، ستەمە بنووسیت. بەو پێیەبێت نان و برسێتی چونکە باسکراوە، کە بەرباسی بدەین ئیتر لەژێر سێبەری ئەو باسەدا دەبین؟! هەرخوودی گرفتی کۆمۆنیستەکان ئەوەبوو مارکسییەتیان بە درووشم کرد، لەکاتێکدا مارکسییەت توێریزەیە، مارکس کادر و درووشمنووس نەبوو، فەیلەسوف بوو! کەواتە ئەو ژیانە تێدا ژیاوەم، کاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر ژیانی دەقمەوە هەیە و هەبووە و زۆر بەڕاشکاوییەوە دەبێژم:دوورە با دووربێت لە ئایدۆلۆژیاوە.

ئارام حاجی: کەرەستەیی خاوی هەموو نووسینێک زمانە بە پێکهاتەکانییەوە. لەناو زەوی پلاستیک وشە مامەڵەیەکی جدی لەگەڵ کراوە هەروەک لە هەردوو دەقی( ماڵێک بۆ هەموان)لا٧٠ لەگەڵ (پەنجە و دەست )لا ١٤دا بەڕوونی دەردەکەوێت. دەتوانین بڵێین زمان بزوێنەری شیعرە لای دیار؟

دیارلەتیف: زمان دەنگی بڵندی شیعرە، با وا دایبنێین وێنە چاوی، سۆز دڵ و فیکر سەرێتی. هەروەها زمان مۆرکی شاعیرە، داڕێژەری جیاوازێتی شاعیرانە، دەبێت ڕیسک بکات و تێپەڕێنەربێت. هیچ شیعرێک نابێتە شیعری نوێخواز، تاوەکو زمانی خۆی نەدۆزیبێتەوە. زمان دەتوانێت شیعر ڕەسەن بکات، ڕێک بە پێچەوانەوەش. گەر شیعر چەک بێت، ئەوا زمان فیشەکێتی. (زمان مۆرکی شاعیرە)، ئەمە چۆن؟ با نموونەیەک بهێنمە سەرباسەکە؛ تەماشابکە لەناو ئەڵقەی شیعری نوێخوازی شاعیرانی کۆتایی دەیەی نەوەد و سەرەتای دوو هەزارەکان، شاعیرانێک لە هەولێر هەر لەناو خوودی خۆیان جیاوازکار بوون، جگە لە بەراورد بە شاعیرانی سلێمانی.

(هاشم سەڕاج، ئەسکەندەر جەلال، فەرهاد پیرباڵ، عەباس عەبدووڵا یوسف، ئەنوەر مەسیفی، کەریم دەشتی، محمد باوەکر، ئیسماعیل بەرزنجی، ئەحمەدی مەلا، تەحسین موحسین عومەر). هەریەک لەو شاعیرانە شێوەگەرایی بوون، بەڵام ڤالای زمانی شیعرییان لێک جودابوون.

لەباری لەتە پرسیاری وشەوە لە دەقەکان، سەرەتا گرنگە بزانین، هێشتا ئاخێوەرانی کوردیزمان وێنەی پەتی زمانی زگماک لە بیر و ئەندێشەیان قۆناغی نەگرتووە! تەنانەت نووسەرانێک هەن لەسەر کاغەز ڕەواننووسن، بەڵام لە زارەکیدا زمانیان پڕە لە پەڵە و کەموکورتی بەکارهێنانی وشەی ناپێویستی بێگانە! بنچینەی زمانی کوردی کشتوکاڵییە، ئەوە ڕاستە هێشتا زمانێکی پیشەسازییانە نییە و لەگەڵ پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان پەرەی بەرکاری بەخۆنەداوە، بەڵام لەڕاستیدا زمانێکە، وەک تەواوی زمانە زیندوو ـ بەهێزەکانی دیکە، دەتوانێت پاچەڤە و بیرکردنەوە، کارلێک و ئافراندن بکات. زمان شووناسە، لە نێوان نووسەرێکی ڕاستەقینە و شۆڕشگێڕێکی ڕاستەقینەدا، بەدڵنیاییەوە نووسەرەکە پاسەوانی ناسنامە و نەتەوە بووە.

لە زەویی پلاستیکدا، کۆشش هەبووە وشە ڕێزی لێ بگیرێت و مامەڵەی تەندرووستی لەگەڵدا بکرێت، هەوڵدراوە هاوسەنگی بپارێزرێت. تەنیا ئەوە گرنگ نییە وشەزان بیت، لەوە گرنگتر ئەوەیە لە بۆتەی ڕستەسازیی و جێنشینیی شیعرییەت و پاژەکانیتردا کارامە بیت و جێکەوتەی درووست، درووست بکرێت.

ئارام حاجی: کۆی زەوی پلاستیك جۆرێك لە ڕەشبینی و نائومێدی پێوە دیارە هەر لە ڕۆبۆت بونی مرۆڤەوە بە دەست سیستەمی سەرمایەدارییەوە، تا دەگاتە کۆی ژیان. ئایا ئەمە ڕوانینە بۆ ژیان لە هەمان پەنجەرەی ڕوانینی “ئەمیل سیورانە”وە، درێژە پێدەری فەلسەفەکەی ئەوە؟ بۆ نمونە دەقی تەلبەند دەڵێی(ژیان پووچییەکی ڕەهایە)لا ۷۹، یاخود پەیڤە باڵۆنییەکان(ژیان خواردنەوەیی چایەکی تاڵە)لا٤۹، یاخود لە دەقی پارچە شکاوەکان ( بەدرێژایی ساڵ تۆ حاڵت باش نییە)لا ۲٥

دیار لەتیف: گەر بڕیارە هیوایەک هەبێت، مرۆڤە بەرگەی ژیان بگرێت. لەوسەری بێهیواییەوە هیوایەک هەر هەیە و لەوسەری هیواشەوە بێهیواییەک ئامادەیە. ژیان وا نەڕەخساوە تاوەکو لەژێر باڵەکانیدا ئاسوودەبین. مرۆڤ لەوپەڕی خۆشحاڵیدا نیگەرانە. نیگەرانی مرۆڤ شتێک نییە پەیوەست بە خۆشگوزەرانییەوە. بەڵکو مۆتەکەیەکە لە ساتەوەختی بە دونیا هاتنی لەگەڵیدا گەورە دەبێت. (نیگەرانی ـ ترس ـ برسێتی..).

دەق دانەبڕاوە لە کەتواری مرۆڤ، کەواتە ڕووبەرووبوونەوەمان لەگەڵ دەقی ڕەشبین، شتێک نابێت تووشی سەرسامیمان بکات، کوا کوێی ئەم کیشوەرانە نییە لە جۆرە جەنگێک، چ دەروونی و چ بەرامبەر تیرۆر نەژین. دەقیش پەرچەکردار لەگەڵ ژینگە و دۆخەکەیدا دەنوێنێت. بەڵام ئەمە مانای ئەوەنییە ئیتر خاڵێک لەبەردەم خۆشییەکان لە دەقدا دابنێین. با لێبگەڕێین دەق ژیانی خۆی بکات، وەک منداڵ هەم بگری و هەم پێشبکەنێت. لە زەویی پلاستیکدا ململانێ هەیە، هەڵگژان و خۆبەدەستەوە نەدان، خۆی ئەمە فەلسەفەی ئومێدە بە ژیان. هەرچەندە هەمیشە دەردەکانم لە خەونەکانم گەورەتربوونە.

ئارام حاجی: دەکرێ ئەمەیان پرسیارێکی باو بێت، ئایا تاچەند درووستە نووسەر و شاعیر، ڕاستگۆبێت لەگەڵ”خۆ”ی ناو دەقەکان، بەشێوەیەکیتر ئایا ئەم دژوازییە ئاساییە لە شوێنێک ژیانت بە باوکی بیرۆکەکان ناوبردوە و لە شوێنێك بە پووچییەکی ڕەها، دەشتوانم بڵێم ئەم دژوازییە بۆ؟

دیار لەتیف: ترسی ئەوەم هەیە ئەمە سەردەمی جوینەوە بێت! زیاتر لەهەر شتێک حەزمدەکرد ئەکتەربام، نەک شاعیر. هەستدەکەم ئەو ژیانە قیژە و ڕەنج و تۆقین و ماندووێتییەی لە منداڵیمدا دیوومە، لە سینەمادا ڕۆڵم تێدا گێڕابا، دەنگێکی بەرجەستە و ڕۆحێکی تێکشکاوترم دەگەیاندە وەرگر. بەڵام کە بڕیارە شاعیربم، دەنگەکە کەمێک کرخنە و وەک پێویست ناگات. بۆ ئەمەش هەموو تاوانەکە لە ئەستۆی شیعر نییە، لە هەڵاوسانی دۆخەکەشدایە. سینەما دەزگای گەورەی میدیایی خزمەتی دەکات، بەڵام شیعر نا بازاڕییە و پاڵپشت ناکرێت، بازاڕ بە ئاراستە نەرێنییەکەم مەبەست نییە لەوێدا. سینەما و فیلم بینراوە، ئەدەبیات و شیعر نووسراو. سینەما جووڵە و بیستن و بینین و لانیکەم هەستەوەرەکان بەڕادەی پێویست تێدا ڕۆڵگێڕن و بەشدارن، ئەمە بۆ شیعر کەمترێک.

لە وەڵامی بڕگەی( ڕاستگۆیەتی شاعیر و نووسەر).

لەپشت پەردەی ئەدەبیاتەوە، کۆمەڵێک نووسەر و شاعیر بەوەی پاڵیاندا بە حیزبەوە دەوڵەمەندبوون. حیزب کاری خۆی بەو نووسەرە خاوەن جەماوەرانە دەکرد و ستایشنامەی پێیان دەنووسییەوە و کارێزمایان دەئافراند و گۆرانییان بە باڵایدا دەچڕی و ئەویننامەیان دەهۆنییەوە! ئەمە کاری نووسەرانێکە نووسین تەنیا لەپێناو سوودی کەسیی خۆیان بەکاردەبەن. دەستدرێژییان کردە سەر ئەدەب و بێ ئەدەبییان خوڵقاند. پاش دادگایی سیاسییەکان پێویستە ئەو نووسەرانە دادگایی بکرێن، کە سەرچاوەیەکی گەورەی گەندەڵین و بوون و هەن و ناشرینیان لەپاش خۆیان جێهێشت و وا خەریکە باجەکەی دەدەین! نووسین بۆ خەڵکە، بۆ بەگژداچوونەوەی نادادی و بۆ هۆشیارییە، بۆ پەروەردەکردن و مرۆڤانەبوونە. ئەوە نووسەری کوردە، سیاسی خراپی بەرهەمهێنا! نووسەرانێک لە شاخەوە، تا گەیشتنە شار کاریان لەسەر گەورەکردنی قەبارەی فەرهەنگی جنێو و ناپاکی و تۆمەت درووستکردنیان دا، ئەمە چی کۆمەڵگەیەکی چرووک و بێکەڵکی نووسەرانە!

بۆیە دەتوانم ئەوە ڕابگەیەنم، گەردانکردنی دێڕی “ژیان باوکی بیرۆکەکانە” لەو کەرتە پرسراوەدا لەگەڵ کڕۆکی پرسیارەکەدا ناگونجێت، بەهۆکاری دوورێتی ماناییەوە. بۆیە ترسناکە دێڕ لە کۆپڵە و بوونیاد دابڕ بکرێت، لەپێناو مانایەکدا لە مانای تەوەریی دەخرێت. دەخوازم بەم دێڕە بەرسڤی پرسیارەکە بدەمەوە، هەرچەند جۆرێک ناتەواوی بەو هۆیەوە چێبووە. ئەویش: چونکە مرۆڤ خاوەن کۆمەڵێک خەسڵەتە!

ئارام حاجی: کامە جۆر لە شیعر دڵخوازترینە لای دیار لەتیف؟

دیارلەتیف:ئەو شیعرانەم خۆشدەوێ و دۆستمن، هەم لەدڵەوە و هەم لە ئاوەزەوە نزیکن، ئەو شیعرانەشی، کە ڕووداوێک، یان چیرۆکێک بەشێوەی ناراستەوخۆ لە پشتیانەوەن. شیعری زیندوو ئەوەیە لە باسی برسێتیدا بۆنی نانی گەرم و تێربوون ببەخشێت، لە باسی جەنگدا ئاڵای سپی و کۆترەکان لەمپەربن لەبەردەم خۆڵ و تۆزی چەکە وێرانکەرەکان، لە باسی ژندا مێینەبوون چەق بێت، لە باسی ژیانیشدا جووڵە بنەخشێنێت. ئەمەیە وادەکات شیعرمان خۆشبوێت و ڕێزی لێ بگرین و لە یادماندا بمێنێتەوە.

شیعر دەبێت دابەزێتە ناوەوە و ورووژێنەربێت، مامەڵە لەگەڵ هەستەوەر و ئاوەزتدا بکات، شیعرێک لە دەرەوەی ئەو باسە، جێی سەرنجم نابێت! هەموو ئەو دەقانەی مادەی خاون، هێشتا نەنووسراون، لای من جوانترینەکانن! جووتبوونێکی هێمنانە لەگەڵ خۆشەویستەکەت شیعرێکی نەنووسراوەیە، پیاسەکردن بە بەلەمێکی چکۆڵە بە کۆڵانە ئاوییەکانی ڤینیسیا، شیعرێکی نەنووسراوەیە، جگەرەکێشانێکی باڵکۆن و ڕوانین لە ڕێبواران لە کەشێکی بارانیدا، بۆخۆی شیعرێکی نەنووسراوەیە. سرووشت شیعرێکی ڕاستەقینەیە و ئێمە ونمان کردووە.

شیعر خزمەتکاری مرۆڤایەتییە، لە هێڵی مرۆڤانەبوون لایدا، خۆکوژی دەکات، پێشەوەی مێژوو بیکوژێت، خوێنەر دەیکوژێت! من گەر سەرۆکی وڵاتبام، هەر شاعیرێک شیعرێکی ڕەسەن و باڵای بنووسیبا، خەڵاتم دەکرد! هەموو شاعیرێکی سەرکەوتوو، ڕۆڵگێڕێکی باشە و هەموو شیعرێکی دڵخواز، نووسینەوەی ئەو خۆزگانەیە، کە دەبوو خۆزگە نەبان!

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا