١٠ هەزار دۆلار دەدرێتە ئەو کەسەی بیەوێت لێی بژی

ژمارەی بینین: 404

پۆڵەتیک پرێس

ئەنجومەنی باکوری رۆژئاوای ویلایەتی ئەرکانساسی ئەمریکا بڕی ١٠ هەزار دۆلار دەداتە هەر کەسێک بیەوێت بچێتە ئەو هەرێمە و لێی بژی لە چوارچێوەی هەڵمەتێکدا لەژێر ناوی “ژیان لێرە گونجاوە”.

بەپێی میدیاکانی ئەمریکا، ئەنجومەنی هەرێمەکە هەڵدەسێت بە دابینکردنی ملیۆنێک دۆلار لەماوەی شەش مانگی داهاتوو بەمەبەستی راکێشانی کەسانی نوێ و بەهرەمەند تا لەوێ بژین.

لەوبارەیەوە ئەنجومەنەکە رایگەیاند، هەرێمی باکوری رۆژئاوای ویلایەتی ئەرکانساس یەکێکە لە باشترین شوێنەکان لەڕووی تێچووی گوزەران و کەلتور و خۆراکەوە لەسەر ئاستی وڵات.

بەپێی راگەیەنراوەکە، داهاتی تاک لەو ناوچەیە ٪١٤ی رێژەی ناوەندی داهاتی نیشتیمانی ئەمریکا پێکدەهێنێت.

هاوکات، ئەمە هەلێکی ناوازەیە بۆ دروستکردنی هاوسەنگی بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت لە شارە گەورە و گران و قەرەباڵغەکانەوە بڕۆنە ناوچەکە.

ئەوەش هاتووە، ناوچەکە لەبارە بۆ ئەو کەسانەی بەم نزیکانە زانکۆیان تەواو کردووە، لەگەڵ سەرمایەداران و ئەو پیشەسازانەی دەیانەوێت رێگای خۆیان بگۆڕن، هاوکات، یەکێکە لە شوێنە گونجاوەکان بۆ هونەرمەندان.