٪٨٠ی سەبەتەی خۆراکی عێراقییەکان بەرهەمی ناوخۆییە

پۆڵەتیک پرێس

وەزیری کشتوکاڵ رایگەیاند،  ٪٨٠ی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییانی عێراق لە بەرهەمی ناوخۆیی پێکهاتووە دەشڵێت: پلان هەیە بۆ هەناردەکردنی ملیۆنێک تەن گەنم و ٧٠٠ هەزار تەن جۆ.

محەمەد کەریم وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ عێراق نزیکەی ٪٨٠ی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتیانی بە بەرهەمی ناوخۆیی پڕ کردووە، باسی لەوەش کرد، ماوەی سێ مانگە دەروازە سنورییەکان کۆنتڕۆڵ کراون جگە لەوانەی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەت بەجدی کار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی دەروازە سنورییەکان دەکات لە حاڵەتێکدا ئەگەر هەرێم وەڵامی نەبێت ئەوا دەروازە سنورییەکانی کورکوک و سەڵاحەدین و دیالە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن.

وتیشی: هەر بەرهەمێک کە لە هەرێمەوە بێت و مۆڵەتی هەناردەی نەبێت بە تاوانی ئابوری هەژمار دەکرێت لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی.

باسی لەوەش کرد، پیشەسازی پەلەوەر بە گرنگترین پڕۆژەی عێراق دادەنرێت بەجۆرێك هەزار و ٦٠٠ پڕۆژەی گۆشتی پەلەوەر و ١٥٠ پڕۆژەی هێلکە وگۆشت هەیە کە بە هەزاران هەلی کاریان رەخساندووە، دەشڵێت: ساڵانە عێراق بە بەهای دوو بۆ سێ ملیار دۆلار پەلەوەر و بەرهەمەکانیان هەناردە دەکات.

ئەوەشی خستەڕوو، عێراق لەدوای بەرهەمهێنانی پێنج ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تەن گەنم دەیەوێت ملیۆنێک تەن گەنم و ٧٠٠ هەزار تەن جۆ هەناردە بکات.

لەماوەی رابردوودا، ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنورییەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بە چاودێری مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە دەستیپێکرد بەمەبەستی رێگریکردن لە قاچاخ و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا