کۆرۆنا دووبارە لەناو یەکەی پاسەوانیی نهێنی ئەمریکا بڵاودەبێتەوە

پۆڵەتیک پرێس

ڤایرۆسی کۆرۆنا دووبارە گەڕایەوە ناو ئەندامانی یەکەی پاسەوانیی نهێنی ئەمریکا کە ئەرکیان پاراستنی دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی هەڵبژێردراو و کۆشکی سپییە.

رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکی رایگەیاند، زیاتر لە ١٣٠ کارمەندی یەکەی پاسەوانیی نهێنی توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و هەندێکیشیان خۆیان کەرەنتین کردووە بەهۆی مامەڵەکردنیان لەگەڵ کەسانی توشبوو.

بەپێی زانیارییەکان، ڤایرۆسەکە لە کاتێکدا لەناو ئەو کارمەندانەدا بڵاوبووەتەوە کە ژمارەیەکی زۆریان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنەکان لەگەڵ ترەمپ گەشتییان کرد، ئەوەش هاتووە لەو ماوەیەدا زۆرێک لە بەرپرس و ئامادەبووان بێ دەمامک بوون.

ئەم رێژە زۆرەی توشبوون لەناو یەکەی پاسەوانیی نهێنی دوای ئەو رووداو و ئاهەنگ و بۆنانە دێت کە لەماوەی سێ هەفتەی رابردوودا لە کۆشکی سپی سازکران کە تێیدا زۆرێک لە ئامادەبووان بێ دەمامک بوون.

ئەمە یەکەم جار نییە حاڵەتی لەم جۆرە روودەدات، لە مانگی حوزەیرانی پێشوو لەدوای کۆبوونەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتی ئۆکلاهوما زۆرێک لە کارمەندانی یەکەی پاسەوانیی نهێنی ناچاربوون خۆیان کەرەنتین بکەن، هەر هەمان مانگ لە ویلایەتی فلۆریدا و دوای وتاردانی ترەمپ هەمان سیناریۆ دووبارە بووەوە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا