پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
سەرباری زیادبوونی رێژەی توندوتیژی لەژمارەیەك پارێزگا عێراقییەكان و زیادبوونی ترسی لەدەستدانی ئاسایش، بەرپرسانی حكومەت جەختیان لەوە كردەوە، كە دەستوەردانی سیاسی لەپشت ئەم سەرلێشێواییەوەیەو داوایان كرد دۆسییەی ئەمنی دووربخرێتەوە لە دەسەڵاتی حیزب و میلیشیاكان.
بەپێی راپۆرتێكی ئەلعەرەبی جەدید، لە ماوەی رابردوودا، رێژەی توندوتیژییەكان زیادیكردووە، كە دوایینیان رووداوەكەی فەرحاتیە بوو لەپارێزگای سەڵاحەدینو تێیدا ١٢ ئاوارەی سوننە مەزهەب بوونە قوربانی، لەدوای ئەویش كوشتاری شارۆچكەی خەیلانیە لە پارێزگای دیالە دێت، كە لەلایەن چەند چەكدارێكی سەر بە رێكخراوی داعش ئەنجامدرا و تێیدا سەرۆك خێڵێكیان رفاند و كوشتیان لەدوای ئەوەش هێرشەكەی شارۆچكەی رەزوانیە لە بەغدا دێت، كە تێیدا ١١ كەسی مەدەنی و سەر بە هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستدا، تەنیا ئەمانەش نا بەڵكو هەموو رۆژێك لەناوچە جیاجیاكانی عێراق هێرشی توندوتیژی و بكوژی هەیە و وڵاتەكە هەرگیز ئارام نییە.
تا ئێستا حكومەت سەرباری جێبەجێكردنی پلانی ئەمنی بەپەلەش نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵی دۆخی ئەمنی عێراق بكات، بەپێی قسەی بەرپرسێكی باڵای ئەمنی، بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان بەشێكە لەپلانێكی گەورەی ئەمنی، كە بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییانەوە، كە بەشێوەیەكی مەترسیدار زیادیان كرد دانرا، دەشڵێت: دۆخی ئەمنی بووەهۆی گۆڕانكاری لەستراتیژی هێزە ئەمنییەكان لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانەی توندوتیژی ئەنجام دەدەن.
زۆر هۆكار لەپشت خراپی دۆخی ئەمنی عێراقەوە هەیە
لەلایەكی دیكەوە، عەلا رەبیعی ئەندام پەرلەمان لەهاوپەیمانی سائیرون رایگەیاند، زۆر هۆكار لەپشت خراپی دۆخی ئەمنی عێراقەوە هەیە، بەتایبەت دەوڵەت نەیتوانیوە بەشێوەیەكی باش دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، چەندین خێڵو كۆمەڵەی چەكدار هەیە، كە چەكیان بەدەستە و وایان كردووە دەوڵەت پایەی نەمێنێت.
جەختی لەوەش كردەوە، پێویستە رێگری لە هەر لایەنێك بكرێت، كە دەیەوێت دەست وەربداتە دۆسیەی ئەمنی و پێویستە سەرۆكی حكومەت بەرپرسیاری بگرێتە ئەستۆ و نەهێڵێت هیچ لایەنێك دەستوەربداتە دۆسیەی ئەمنی و ئەجێندای خۆی بسەپێنێت، ئاماژەی بەوەش كرد، لە ئێستادا هێزە ئەمنییەكان لە ئاستێكی باشدان و ژمارەشیان گونجاوە بۆیە پێویستە بەشێوەیەكی دروست بە ئەركەكانیان هەستن بێ ئەوەی هیچ لایەنێك دەست وەربداتە كاروباریان.
حەسەن فەدعەم ئەندام پەرلەمانی رەوتی تەیار باس لەوە دەكات، گەندەڵییەكی زۆر لەوەزارەتەكانی بەرگری و ناوخۆ هەیە لەبارەی دۆسیەی چاكسازی و دەڵێت: دامەزراوەی گەندەڵ ناتوانێت راپەڕێت و بەرگری لە وڵات بكات، باس لەوەش دەكات، دەستوەردانی سیاسی كاریگەری گەورەی هەیە بەجۆرێك چەند سەركردەیەكی سەربازی نەگونجاو خراونەتە پۆستی ئەمنی گرنگەوە تەنیا بەهۆی بیر و باوەڕی سیاسییانەوە.
دامەزراوەی گەندەڵ ناتوانێت راپەڕێت و بەرگری لە وڵات بكات
لەبارەی زیادبوونی رێژەی توندوتیژی و نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەحمەد مەزهەر جەبوری ئەندام پەرلەمانی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەكان رایگەیاند، تا زیاتر كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە نزیك ببێتەوە ناكۆكی زیاتر لەنێوان هێزەكان دروست دەبێت ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ئەمنی دادەنێت، دەشڵێت: دەستوەردانی سیاسی بووەتە رێگری لەبەردەم گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیان، كە رەنگە لەكاتی گەڕانەوەیان دووچاری مەرگ و تیرۆر ببنەوە.
چاودێرانی ئەمنی جەخت لەوە دەكەنەوە، حكومەت لەژێر رۆشنایی ئەو قەیرانانەی، كە عێراق پیایدا تێدەپەڕێت توانای كۆنتڕۆڵكردنی دۆسیەی ئەمنی نییە، لەوبارەیەوە مستەفا بەیاتی شارەزای ئەمنی دەڵێت: لەم ماوەیەدا حكومەت ناتوانێت دۆسیەی ئەمنی رێكبخات، بەتایبەت كە قەیرانی سیاسی و دارایی حكومەتیان خستووەتە دۆخێكی نەخوازراوەوە كە پێویستی بە قایلبوونی هێزە سیاسییەكان و باوەڕهێنانیانە بە تێپەڕاندنی یاسا گرنگەكان لەناویشیاندا یاسای دادگای ناوەند كە بە سەرەكیترین یاسا دادەنرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان و یاسای قەرزكردن كە رەنگە حكومەت لە قەیرانی موچە رزگار بكات.
حكومەت ناتوانێت دۆسیەی ئەمنی رێكبخات و رێگری لە دەستوەردانی سیاسی بكات
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو هێزانەی ئەجێندای خۆیان بەسەر دۆسیەی ئەمنیدا دەسەپێنن ئەگەر لە دۆسیەكە دووربخرێنەوە نفوزی خۆیان لە پەرلەمان بۆ تێكدانی پڕۆژەكانی حكومەت بەكاردەهێنن ئەوەش بە واتای حكومەت ناتوانێت دۆسیەی ئەمنی رێكبخات و رێگری لە دەستوەردانی سیاسی بكات.