پۆڵه‌تیك پرێس
ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانىی كوردستان له‌باره‌ى هۆكارى جێبه‌جێنه‌كردنى رێككه‌وتنى هه‌رێم و به‌غدا ده‌ڵێت “حكومه‌تى هه‌رێم هه‌رگیز ویستى نه‌بووه له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و لایه‌نه سیاسیه‌كانیش هه‌میشه له‌هه‌وڵدابوون بۆ فشارخستنه سه‌ر حكومه‌ت”.
له ماوه‌ى رابردوودا هەرێم و بەغدا بۆ پرسی رادەستكردنی نەوت و داهاتی ناوخۆ و بەشە بودجەی هەرێم رێككه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆى پابه‌ند نه‌بونى هه‌رێم به رێككه‌وتنه‌كه به بێ كورد پرۆژه‌یاساى قه‌رز له‌په‌رله‌مانى عێراق تێپه‌ڕێندرا.
ئارێز عه‌بدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بە پۆڵەتیك پرێس-ی راگەیاند، له ڕاستیدا لایه‌نه سیاسیه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن فشارى زۆر بخه‌نه سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، هه‌میشه وابووه، چه‌ند ده‌كرێت ویستویانه له هێز و تواناى هه‌رێم كه‌مبكه‌نه‌وه.
وتیشى، له‌به‌رامبه‌ریشدا حكومه‌تى هه‌رێم هه‌رگیز ویستى نه‌بووه له چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ته‌نها ویستویه‌تى به‌هه‌ڵوا‌سراوى وه‌ك ئه‌وه‌ى خۆى ده‌یه‌وێت بمێننه‌وه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێت ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، هه‌ردولا به‌رپرسن له‌وه‌ى ڕووده‌دات، ئێستا پێویسته حكومه‌تى هه‌رێم و به‌غدا رێككه‌وتنێكى كۆنكرێتى بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو ساڵێك ئه‌و حاڵه‌تانه‌ى رویانداوه دوباره نه‌بنه‌وه دۆخی دارایی جێگیر ببێت.
به‌وته‌ى ئارێز عه‌بدوڵڵا، تا رێككه‌وتنێكى كۆنكرێتى نه‌كرێت یارودۆخه‌كه به ناسه‌قامگیرى ده‌مێننه‌وه، كۆبونه‌وه‌كانیش هیچ كاریگه‌ریه‌كیان له چاره‌سه‌ركردنى كێشه و قه‌یرانه‌كان نابێت.