كێ خاوەنی نەوتی هەرێمە؟

ئەوەی لە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12/ 11/ 2020 لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق روی دا، سەرباری تاڵ بونی، بەڵام چاوەڕوانكراو بو. هەڵبەت پەنا بردن بۆ بنەمای زۆرینە و كەمینە بۆ بابەتێكی وا گرنگ كە پەیوەندیی بە قوت و موچەی خەڵكەوە هەیە، دژ بە بنەماكانی سیستمی فیدراڵی و پێكەوەژیانی پێكهاتەكانی عێراقە و پێویستە هەڵوەستەی جدیی لەسەر بكرێت. هەر ئەو شەوەش روبەڕو بە سەرۆكی كوتلە شیعەكانمان وت كە پەنا بردن بۆ پێودانگی زۆرنە و كەمینە لە بابەتی وا گرنگ لەناو ئەنجومەنی نوێنەران، قەبوڵكراو نییە. لەم روەوە مەسەلەی دروست نەكردنی ئەنجومەنی فیدراڵ یەكێكە لە كەموكورتییەكانی دەستور و سیستمی حوكمڕانیی ئێستای عێراق.

بەڵام ناكرێت ئەوە نادیدە بگرین كە كوتلەكانی تری ئەنجومەنی نوێنەران لە دۆخێكی قورسدان. لە كاتێكدا كە عێراق وا پێدەنێتە ساڵی هەڵبژاردنەوە، هەمو سازش و جوڵە و هەڵوێستێك كاریگەریی لەسەر پێگە و رۆڵی داهاتویان دەبێت. بەتایبەت لە پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان كە هیچ كات پابەند نەبوە بەو ڕێكەوتننانەی كە لەگەڵ بەغدا واژۆی كردوە.

هەر بۆ نمونە دوا رێكەوتن لەگەڵ كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی 320 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێم لە بەرامبەر ئیدارەی هاوبەشی دەروازە سنورییەكان و تەسلیم كردنی نیوەی داهاتی ئەم دەروازانە.

ئەو شەوە و تا بەیانیش زۆر پێشنیار ئاڵوگۆڕ كران كە هەندێكیان لە قازانجی خەڵكی كوردستان بون. هەر بۆ نمونە لە دوا كۆبونەوە كە كاتژمێر پێنجی بەرەبەیان بەئامادە بونی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران لە ئۆفیسی جارانی هاوپەیمانیی كوردستانی ئەنجام درا، كوتلە شیعەكان دوپاتی پێشنیارێكیان كردەوە كە هەرێم سەرجەم نەوتەكەی لەڕێی سۆمۆوە هەناردە بكات و نیوەی داهاتی ناوخۆیی بداتە بەغدا، لەبەرامبەردا حكومەتی ئیتیحادی سەرجەم بەشە بودجەی هەرێم بە موچە و بودجەی بەكاربردن و وەبەرهێنان و تێچوی كۆمپانیاكانی نەوتیش لە ئەستۆ بگرێت. هەروەها سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران پێشنیاری كرد بو كە لەبەرامبەر ناردنی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە لەڕێی سۆمۆ و نیوەی داهاتی ناوخۆی هەرێم، بەغدا مانگانە 700 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.

هەمو كوتلە كوردستانییەكان بە بەشێكی برادەرانی فراكسیۆنی پارتیش ئەم پێشنیارانەمان پێ باش بو، بەڵام نەماندەتوانی بڕیار بدەین، چونكە ئەم پێشنیارانە هەموی مەرجدار بون بە هەناردەكردنی هەمو یان بەشێكی نەوتی هەرێم لەڕێی سۆمۆوە كە ئێمە نەمانئەتوانی دەستەبەری ئەوە بكەین. هەر بۆیەش بەندە تەنها لەو كۆتا دانیشتنەی كە لەسەرەوە ئامەژەم پێدا بەشداریم كرد.

بۆیە پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كە كێ خاوەنی نەوتی هەرێمە و ئەتوانێ بڕیاری لەسەر بدات؟ ئایا هەرێم خۆی خاوەنی نەوتی خۆیەتی یان دەوڵەتی توركیا و بە دیاریكراویش رەجەب تەیب ئۆردۆغان سەركۆماری توركیا خاوەنی بڕیاری كۆتاییە لەسەر چارەنوسی نەوتی هەرێم؟ بۆچی هەر بەرەوپێشچونێك لە دانوستانی نێوان هەرێم و بەغدا دێتە كایەوە راستەوخۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم، بەتایبەتی نێچیروان بەرزانی و مەسرور بەرزانی، خۆیان دەگەیەننە ئەنكەرە و ئەستەمبوڵ!؟ بۆ دەیان جاری تریش هەر ئەبێ بپرسین ناوەڕۆكی رێكەوتنی پەنجا ساڵە چیی تێدایە!؟

لەناو هەرێمی كوردستانیش پرسیاری سەرەكی ئەوەیە كێ خاوەنی نەوت و گازی هەرێمە؟ خەڵكی كوردستان یان پارتی دیموكراتی كوردستان و بەدیاریكراویش بنەماڵەی بەرزانی خاوەنی قسەی كۆتایین لە مەلەفی نەوت و گازی هەرێم و ئەوانی تریش بەرماوەیەكیان بەش ئەدرێت؟ داخۆ بۆ نمونە پەرلەمانی هەرێم ئەتوانێ بڕیار بدات كە نەوت لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشرێت و، ئەگەر بڕیاری دا جێبەجێ ئەكرێت؟ ئایا شتێك ماوە بە ناوی ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و گاز؟ بۆچی سندوقی داهاتە نەوتی و گازییەكان دروست ناكرێت كە پێنج ساڵە یاساكەی بۆ دەرچوە؟ بۆچی وەزیری سامانە سروشتییەكان دانانرێ؟ ئایا ئەكرێ كارناسێكی بێلایەن یان لە لایەنێكی تر جگە لە پارتی مەلەفی نەوتی هەرێمی لەدەست بێ؟ بۆچی دەسەڵاتی هەرێم دوای ئەو هەمو شكستە ناتوانێ دەستبەرداری ئاشتی هەورامی ببێ؟ بۆچی لەكاتێكدا دەسەڵاتدارانی هەرێم ئیدیعای ئەنجامدانی چاكسازی و نەهێشتنی بندیوار و خانەنشینی نایاسایی ئەكەن، مەسرور بارزانی بەشێوەیەكی نایاسایی بە هەر سێ فەرمانی (4، 9، 12) كە دواهەمیان نهێنییە و بەدەر لەیاسا بە زمانی ئینگلیزییە و ڕۆژنامەی فەرمیش بڵاونەكراوەتەوە، پۆستێك بەناوی یاریدەدەر بۆ ئاشتی هەورامی دادەتاشێ و كۆمەڵێكی زۆر دەسەڵاتی لەدەرەوەی یاسا پێئەدات كە لە دەسەڵاتی وەزیریش زیاترن!؟ ئیتر با پرسیارە بێوەڵامەكان لەسەر شەفافییەتی پڕۆسەی دەرهێنانی نەوت و گاز و ناڕونیی داهاتەكەی هەر بمێنێ.

ئەمە پرسە سەرەكییەكەیە كە تاكەی مەلەفی نەوت و گازی هەرێم بە سیستەماتیك و نیشتیمانی ناكرێت؟ ئیتر بەسیەتی لەباتی شیوەنی ناڕاستی نەتەوەیی فەرمون دەسەڵاتێكی نیشتیمانیی سەرو بەرژەوەندیی حیزبی و شەخسی دروست بكەن. چیتر چارەنوسی قوت و موچەی خەڵك مەكەنە بارمتەی درێژەدان بە سیاسەتە هەڵەكانتان و بەرژەوەندییە شەخسی و حیزبییەكانتان. عێراق بە گۆڕانكاریی گەورەدا تێپەڕێت كەچی ئێوە هەر لەسەر هەمان عەقلییەتی جارانی خۆتانن!

یوسف محەمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا