تەوارەكانی سیروانی نوێ‌ دەگەڕێنەوە

پۆڵەتیك: سپۆڕت
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی هۆڵی ساڵح عەلی نزیك دەروازەی فڕۆكەخانەی سلێمانی سەعات 1 ی پاش نیوەڕۆ فیكەی دەستپێكی وەرزی نوێی خولی نایابی فۆتساڵی خانمانی یانەكانی كوردستان لێ‌ بدرێتەوە.

لە یەكەم یاری و دەستپێكی وەرزی نوێ‌ كە یانەكان زۆر چاوەڕێیان كرد هەردوو یانەكانی جەمسەرانی یاری كۆتایی وەرزی نوێ‌ یانەی سیروانی نوێی سلێمانی پاڵەوان و یانەی چۆمان دووەمی وەرزی ڕابردوو ڕووبەڕوو دەبنەوە دواتریش لە سەعات 2.15 ی پاش نیوەڕۆ هەردوو یانەكانی ئافرۆدەیت دووەم نوێنەری تۆپی پێی شاری سلێمانی ڕووبەڕووی یانەی ڕەواندزی میوانی دەبێتەوە.

بۆ شاری سلێمانی بە تایبەت بۆ سەنتەری پارێزگاكە شانازی یە كە دوو یانە بوونیان هەیە لە كێبڕكێكە كە ئەوانیش هەردوو یانەكانی سیروانی نوێ پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو هەروەها یانە دێرینەكەی خانمانی شارەكە یانەی ئافرۆدەیت كە هەردووكیشیان ئەمڕۆ یاری دەكەن و كێبڕكێی هەردوو یانە ئازیزەكانی چۆمان و ڕەواندز دەكەن.

پێش بەڕێوەچوونی یەكەم یاری كە دەستپێكی خولەكە دەبێت عەباس فەرەج ڕاهێنەری تەوارەكانی سیروانی نوێ‌ لە وەڵامی چەند پرسیارێكی پێگەی Politic Sport باسی لە تیپەكەی و ئامادەكاری و هاوكارییەكانی ئیدارەی یانەكەیان و هەروەها بۆندە نوێیەكانی كرد.

Politic Sport/ سڵاو لە ڕاهێنەری تەوارە پاڵەوانەكانی كوردستان و شاری سلێمانی بە هیوای ئەوەی ئەمساڵ لە پار ساڵ باشتر گەڕابێتنەوە بۆ نێو كێبڕكێكان.

عەباس فەرەج/ سوپاس بۆ پێگەكەتان خۆشحاڵم لەگەڵتان بم بۆ قسە كردن لە سەر تیپی یانەی سیروانی نوێ كە ئەمساڵیش بە خۆشحاڵییەوە گەڕاوینەتەوە بۆ نێو كێبڕكێكان ئەمساڵ ئێمە پاڵەوانی پار ساڵین هەوڵ دەدەین ئەو ئەركە قورسەی لە سەر شانمانە بە ئەمانەتەوە جێبەجێی بكەین و نازناوەكە بۆ ساڵی دووەم لای خۆمان بهێڵینەوە.

Politic Sport/ كەواتە دەتوانین بڵێین ئامادەن؟

ڕاهێنەر عەباس/ بە دڵنیاییەوە ئەگەر لە پار باشتر نەبین لەو ئاستەدا هەر ماوین ئەگەر چی من دڵنیاتان دەكەمەوە لە ئەمڕۆوە چێژ و شێوازە ناوازەكەی سیروانی نوێ‌ دەبیننەوە.

Politic Sport/ كەواتە پێكهاتەیەكی تەواوی بێ‌ كێشەت هەیە تا دواتر گلەیی نەكەیت لە كۆڕۆنا و لە قەیرانی دارایی كە دواتر پرسیاری ئەوانەش دەكەین؟

ڕاهێنەر عەباس/ بە دڵنیاییەوە پێكهاتەمان بێ‌ كێشەیە و ئێمە پاساومان نییە بۆ هیچ شتێك ئەوە ئێمەین كە دەمانبینن ڕاستە ڕامۆسی هێڵی بەرگریمان بێریڤان خان بەجێی هێشتین، بەڵام شوێنیمان بە باشی پڕ كردۆتەوە هەروەك گۆڵچییە ناوازەكەمان شاجوان شتیگن بە تەواوەتی چاك بۆتەوە و گەڕاوەتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەر یەدەگێكی باشمان لە شاری كەركوكی ئازیزەوە گواستۆتەوە كە (نورییە) یە تا هاوكاری شاجوان بێت لەم وەرزەدا بێگومان دڵ و ڕۆحی تیمەكەشمان كاپتنە میسی ئاساكەمان سەمیرە هەر خۆی قوبتانی كەشتییەكەی سیروانی نوێ‌ دەبێت و بە باشترین شێوە ئامادەكاری كردووە.

Politic Sport/ ئەی سەبارەت بە كیژۆڵە لاوانەی پاڵەوانێتی پێشوو بینیمانن ڕەزیلیت دەكرد لە بەشداری پێ‌ كردنیان وەك ئەوەی تامی تامییان پێ‌ بكەیت بەشداریت پێ‌ دەكردن و خێرا دەتگەڕاندنەوە سەر كورسییەكانی یەدەگ؟

ڕاهێنەر عەباس/ نا … نا … وەرزی ڕابردوو بۆ ئەوان ئەزمون بوو ئەم وەرزە بۆ ئەوان كاتی خۆ نماییش كردنە ئەو كیژۆڵە منداڵانەی پار ساڵ چەند ساتێك بەشدارییان دەكرد ئەم وەرزە دەیانبینن چۆن شێوازی یاری كردنی سیروانی نوێشیان گۆڕیوە و چۆن تواناكانی خۆیان پێشكەش دەكەن بە بێ‌ ئەوەی ترسیان هەبێت لە نێو یاریگادا.

Politic Sport/ پێكهاتەكەت تێكەڵەیەكە لە ئەستێرەكانی پار وەرز و یاریزانە لاوەكان ئەی هەر ئەوەندە ئایا زەینەب گۆڵكاری وەرزی ڕابردوو ناگەڕێتەوە؟

ڕاهێنەر عەباس/ بەڵێ‌ ئێستا پێكهاتەكەمان پڕاو پڕە پێرفێكتە لەگەڵ ئەوەشدا زەینەب هەر خۆی ئەستێرەی هێڵی هێرشبردنی یانەكەمانە و گەڕاوەتەوە و بەردەوامە لەگەڵمان هەروەك هەردوو كچە یاریزانانی بە توانا (بینایی – ئاسیا) گواستۆتەوە و ئەوانیش دوو ناوی تایبەتن لە فۆتساڵی خانماندا بۆ ئەم وەرزە هاوكارییەكی باشی تیمەكەمان دەبن.

Politic Sport/ بە هۆی قەیرانی دارایی و تەشەنە كردنی ڤایرۆسی كۆڕۆنا جارێكی تر لە جیهان و لە كوردستانیش تیپەكەی ئێوە تا چەند لە لایەن ئیدارەی یانەكەوە هاوكاریتان كراوە؟

ڕاهێنەر عەباس/ بە خۆشحاڵییەوە هەموو كارێكی لۆجیستی پێشكەش بە تیپی فۆتساڵی یانەكە كراوە مانگێك دەبێت پاسێكیان بۆ دابین كردووین تەواوی پێداویستییەكانیان بۆ دەستەبەر كردووین هەروەك كێشەی مووچەی یاریزانەكانیش چارەسەر كراوە دەتوانم بڵێم لەو لایەنەوە هیچ كێشەمان نییە لە لایەنی ئامادەكارییەكانی خۆشمانەوە وەك تیپ هەر كێشەمان نییە سوپاس بۆ خواش كۆڕۆنا لێمانەوە دوورە بە هیوام هەر دووریش بێت و یاریزانەكانم بە سەلامەتی لەگەڵمان بن ئیتر هیچمان نەماوە تەنها ئەوە نەبێت چاوەڕێی فیكەی دەستپێكی وەرزی نوێین.

وەك پێگەی Politic Sport هیوای سەركەوتن بۆ یانەی سیروانی نوێ‌ پاڵەوانی وەرزی ڕابردوو و یانەی ئافرۆدەیت هەردوو نوێنەرانی شاری سلێمانی دەكەین لە یارییەكانی وەرزی نوێی خولی فۆتساڵی خانمانی كوردستاندا.

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا