پۆڵهتیك پرێس:
لیوا چهتۆ ساڵح، بریكاری وهزارهتی ناوخۆی حكومهتی ههرێمی كوردستان ڕایدهگهیهنێت، “بەكردنەوەی خولی جۆراوجۆر دەتوانین هێزەكانمان بەزانستی سەربازی سەردەم پێشبخەین”.
رۆژی (٢٠٢٠/١١/١٢) بەئامادەبونی چەتۆ ساڵح، بریكاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لیوای یەكی بەرگری و فریاكەوتنی پاراستنی سلێمانی كۆتایی هێنا بەخولی فریاگوزاری سەرەتایی لەڕێگەی فڕۆكەوە، كە خولەكە لەلایەن هاوپەیمانان و ئەفسەرانی وڵاتی سلۆڤاكیاوە بەشێوەی پراكتیكی كرایەوە و بڕوانامەیان پێ بەخشرا.
لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆ لهو مهراسیمهدا وتهیهكی پێشكهشكرد و ڕایگەیاند، “هەموو هەوڵێك دەدەین خول و مەشقی جۆراوجۆر و تایبەت ڕێك بخەین تا هاوشانی هێزەكانی ناوچەكە، هێزەكانی ئێمەش پێشكەوتنی بەرچاو بەدەست بهێنن لەزانستی سەربازی سەردەمدا، و مەشق و راهێنانیشی بەگرنگ زانی بۆ پێشخستنی هێزی سەربازی”.
لای خۆيشیەوە عەمیدی فڕۆكەوان حسێن فەیزوڵا، لێپرسراوی تیمی فڕۆكەوانی سلێمانی ڕایگەیاند، “ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ هاوكاریكردن و مەشق پێكردنی هێزەكانی ناوخۆ تا لەكاتی پێویستدا تیمەكان ئامادەبن بۆ هەر ئەگەرێك كەڕووبەڕوویان بێتەوە”.
هەروەها عەمید عەبدوڵا محمد، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی لیوای یەكی بەرگری و فریاكەوتنی پاراستنی سلێمانی سوپاسی لیوا چەتۆ ساڵح بریكاری وەزارەتی ناوخۆی كرد كەهەر لەگەڵ دەستبەكاربوونی دا توانیویەتی پشتیوانێكی مەعنەوی گەورەبێت بۆیان.
سەبارەت بەخولی فریاگوزاری سەرەتایی لەڕێگەی فڕۆكەوە، عەمید عەبدوڵا ڕایگەیاند لەكاتی شەڕو حاڵەتی نەخوازراودا ئەو كارمەندانەی خولەكەیان تەواوكردووە دەتوانن چارەسەری سەرەتایی بۆ برینداران بكەن و بەزووترین كات بیانگەیەننە شوێنێكی سەلامەت و نزیكترین بنكەی تەندروستی.