غالب محه‌مه‌د: هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ست بكات به‌غدا 900 ملیار دیناری ده‌داتێ

ئەم بابەتە 35 جار بینراوە

پۆڵه‌تیك پرێس:
ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت، “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاسای پاره‌ ببه‌ و پاره‌ مه‌ده‌ كارده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌ هیچ یاسایه‌كدا نه‌هاتووه‌”.

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ یاسای قه‌رزی په‌سه‌ندكرد، به‌گوێره‌ی یاساكه‌ هه‌رێمی كوردستان تا نه‌وت ڕاده‌ست نه‌كات هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌ك وه‌رناگرێت، غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “پێشتر زۆر هاوارمان كرد ئه‌وه‌ی به‌غدا له‌ 2019 له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا كردی له‌ 2020 و 2021 نایكاته‌وه‌، به‌ڵام گوێیان نه‌گرت”.

به‌وته‌ی غالب محه‌مه‌د، هه‌رێمی كوردستان دوو ڕێگه‌ زیاتری له‌به‌رده‌مدا نییه‌، یه‌كه‌میان خۆی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بدات و نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا نه‌كات، دووه‌میان نه‌وت ڕاده‌ستی به‌غدا بكات و “فه‌رمانبه‌ران برسی نه‌كات”.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌رێمی كوردستان پابه‌ند بێت به‌ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا غالب محه‌مه‌د ده‌ڵێت “هه‌رێمی كوردستان نه‌وته‌كه‌ی ڕاده‌ستی به‌غدا بكات زیاتر له‌ 900 ملیار دیناری مانگانه‌ وه‌رده‌گرێت.

به‌وته‌ی په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ی عێراق “پارتی نه‌وتی ڕاده‌ستی توركیا كردووه‌ و خه‌ڵك برسی ده‌كات، توركیاش به‌داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ ده‌چێت له‌وڵاتان شه‌ڕده‌كات”.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند جارێك پابه‌ندبوونی خۆی به‌ ڕاده‌ستی كردنی نه‌وت به‌ به‌غدا نیشانداوه‌، به‌ڵام وه‌ك غالب محه‌مه‌د ده‌ڵێت “حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ یاسای پاره‌ ببه‌ و پاره‌ مه‌ده‌ كارده‌كات، ئه‌وه‌ش له‌ هیچ ده‌ستوور و یاسایه‌كدا نه‌هاتووه”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک