پەیامێكی یاسایی و قووڵی وەرزشی

ئەم بابەتە 132 جار بینراوە

پۆڵەتیك: سپۆڕت

پاش ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی لە كۆتایی پاڵەوانێتی موای تای یانەكانی باكوری عێراق لە هۆڵی یانەی ئاشتی ڕووی دا و بڵاو بوونەوەی ڤیدیۆیەكی دزە پێكراوی ئەو ڕووداوە وەك ئەوەی بە ویستی كەسانێك بڵاو كرا بێتەوە تەنها بۆ ناشرین كردنی ناوی بەرزی شاری سلێمانی.

لە هەموو لایەكەوە باس و خواس لەو بارەیەوە كرا و چەندان و چەندان خوێندنەوە بۆ ئەو ڕووداوە كرا، بەڵام وردترین و جوانترین گوزارشت نەك تەنها لەو ڕووداوە بەڵكو لە تەواوی وەرزی كوردستان كە لە وەرزشێكی ئاشتی خوازانە و برایەتی و ڕێزەوە بۆتە وەرزشێكی بڵاو كردنەوەی دووبەرەكی و دژایەتی یەكتر و دوژمنایەتی داوەر و یاریزانی پێشووی هونەرە جەنگی و بەرگرییەكان (فەلاح حەمە ڕەئوف) لە هەژماری ڕەسمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك پەیامێكی نامەیی ئاراستەی كەس نەكردووە بە تایبەت و ئاراستەی هەموانیشی كردووە بە بێ‌ جیاوازی تیایدا داوای چەند شتێكی سادە و ساكار و سانا دەكات، بەڵام قووڵ و ڕەوان و پڕ لە ڕاستی.

داوەری ناوبراو لە پشت وشەكانییەوە پێمان دەڵێت: (ئەگەر وەرزش ئاوها دەكەین نەیكەین باشترە با ناوی وەرزشەكان ناشرین و پیس نەكەین).

موای تای یەكێكە لەو هونەرە بەرگرییە بەرزانەی كە تایلەندییەكان چەند سەدەیەك لە مەوبەر دژی داگیركەران خۆیانیان لە سەری ڕاهێناوە و ئێستاش بۆتە هونەرێكی مەزن فەلاحی داوەریش لێرەدا پێمان دەڵێت با ناشرینی نەكەین بە واتای ئەوەی ئەو هونەرە بەرزە و تەواوی وەرزشەكانی تر جوانن بەس ئێمە ناشرینیان دەكەین هەر بۆیە لە نووسینەكەیدا داوا دەكات كە هەموان بە خۆماندا بچینەوە، چونكە هەموو ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی حەق و ڕاستی دەزانن لە هەموان هەڵەتر كاتێك دۆخەكە بەو ئاقارە بگات و ئەویش هێشتا هەر بڵێت من ڕۆستەمی زاڵم و دێوەكەی باوە عەمرەم.

پەیامەكەی داوەر فەلاح وەك خۆی پێشكەش بە خوێنەرانی Politic Sport دەكەین:

جاران
وەرزش نامەی ئاشتی و برایەتی بوو
بۆ هەموو وەرزشکاران و وەرزش دۆستانی هاوڕێ و هاو پیشەم
با پێکەوە وەرزش ئاشتکەینەوە وەك جاران
ڕاستە دۆڕاندن لە هەر وەرزشێك یان هەرشتێك قورسە لەسەر دەرون بەڵام مادام خۆمان ئەو وەرزشە یان ئەو یاریەمان هەڵبژاردووە ئەبێت پێمان ئاسایی بێت کە بدۆڕێین، لەکۆتایدا ئەبێت یەكێك لەو دوو تیپە یان لەو دوو یاریزانە براوە و ئەویتر دۆڕاوە بێت، ئێمەی کورد وەرزشە کوشتاریەکانمان ناوناوە (هونەری بەرگری)، ناوی یاریەکەمان ناوە هونەر و لە کوشتاریەوە گۆڕیومانە بۆ بەرگری، یانی کاتێک ئەو یاریە ئەکەین پێمان خۆش نیە بە (مقاتل) ناومان بێنن بەڵکو پێمان خۆشە پێمان بڵێن (بەرگری کار) ڕاستە هێرش ئەبەین و بەرگریش ئەکەین، بەڵام بەداخەوە کە زۆرجار پاڵەوانێتیەکان کاردانەوەی ناخۆش و نەخوازراوی لێ ئەکەوێتەوە…..
پێشنیارم بۆ ڕاهێنەر و مامۆستا بەڕێزەکان ئەوەیە کە:
* هەموو ڕاهێنەرێك پێویستە بە وردی و بەڕونی لە یاسای یاریەکە و یاسای داوەری شارەزا بێت، بۆئەوەی ئەگەر یاریزانان بەهەڵە لە بڕیارێك تێگەشتن ڕاهێنەر بتوانێ ڕونکردنەوەیان بۆ بدات چونکە بەگشتی یاریزان چاوی لە هەڵسوکەوتی ڕاهێنەرە….
* پێش هەموو پاڵەوانێتیەك یاریزانان تەڵقین بکرێن لەسەر ڕێزگرن لە (تیمی ڕکابەر، داوەر، هاندەران، بەڕێوەبەرانی پاڵەوانێتیەکە).
هیوادارم هەموان یەکترمان قبوڵ بێت چونکە گەر وا نەکەین هەموو دورە پەرێز ئەبین و دواتریش وەرزش چەقبەستوو ئەبێت و پێش ناکەوێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک