پیاوە جوانەكەی وەرزش تووشی كۆڕۆنا دەبێت

پۆڵەتیك: سپۆڕت
ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە وەك پەروەردەكارێك ئینجا وەك مامۆستا و ئینجا وەك ڕاهێنەرێك نەوە بە دوای نەوەی بۆ وەرزشی شاری سلێمانی و سەرجەم تیپەكانی وەرزش لە سلێمانی پەروەردە كردووە و هێشتا بێ‌ وچان و بێ‌ هیلاك بوون و گلەیی كردن ئارەق دەڕێژێت و لەگەڵ نەوەكانی ئەم شارە بەردەوامە و نەوەستاوە تا ئەمڕۆ بە داوای لێبووردنەوە بۆ یاریزانەكانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سەر تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیس بووك دەنووسێت: (داوای لێبووردن لە یاریزانەكانم دەكەم كە ناتوانم تا 7 ڕۆژی تر لەگەڵتان بم).

كەمالی چوار چرا ئەو پیاوە مەزن و ماندوونەناسەی وەرزشی شاری سلێمانی لە لایەن ڤایرۆسی كۆڕۆنای نەگریسەوە بە سەر كراوەتەوە و پێ‌ دەچێت بەڕێزیان ئیدی بۆ ماوەیەك لە یاریگای چاڵەكەی مەجید بەگ و خونچەكانی چوار چرا و تازەپێگەیشتوان و لاوانی تیپەكەی دوور ببێت تا ڤایرۆسەكە سوڕی خۆی لە جەستەیدا تەواو دەكات و دواتر بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە.

كاك كەمالی چوار چرا وەرزشكارێكی پەروەردەكارە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی وەرزش كردۆتە قوربانی بە بێ‌ ئەوەی چاوی لە هیچ پاداشتێك بێت لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردووشدا كۆتایی بە خولێكی ساڵانە هێنا كە وەك وەفا و ئەمەك بۆ شەهیدی نەمر جەمالی عەلی باپیر ساڵانە بەڕێوەی دەبرد هەر لەو بۆنەیەدا ڕێكخراوی وەرزشكارە دێرینەكانی سلێمانی بە پێویستی زانی بەسەری بكاتەوە و میدیالیای ڕێزلینانی ڕێكخراوەكەیان كردە ملی و سوپاس و ستاییشی خۆیان و تەواوی وەرزشكارانی شاری سلێمانییان پێ‌ گەیاند.

وەك پێگەی Politic Sport هیوای زوو چاك بوونەوە و سەلامەتی بۆ كاك كەمال دەخوازین داواكارین لە پەروەردگار ئەو وەرزشكارە بە ئەمەك و مامۆستا بێ‌ وێنەیەی پەروەردەكاری وەرزشی نەوەكانی شاری سلێمانی بە سەلامەتی ڕزگار بكات لەو ڤایرۆسە كە تەواوی مرۆڤایەتی هەراسان كردووە.

 

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا