عێراقی بێ خێمە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحد
ئازاری ئاوارە عێراقییەكان لەژێر هەڕەشەی میلیشیا ئێرانییەكاندا بەردەوام لەزیادبووندایە، ئەوان ترسیان لەوەیە گەر بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، بەهۆی نەمانی مافی نیشتەجێبوون‌و چاودێری كۆمەڵایەتی دووبارە ئاوارە ببنەوە، سەرباری ئەوەش حكومەتی عێراق جەختی لەوە كردەوە، كە بەنیازە سەرجەم خێمەكان لە پارێزگاكانی وڵاتەكە لاببات.

سەرباری ترسی ئاوارەكان و چارەنووسی نادیاریان بەتایبەت لەدوای رووداوەكەی سەڵاحەدین، كە تێیدا ١٢ ئاوارەی سوننە مەزهەب لەدوای گەڕانەوەیان بۆ فەرحاتیە بوونە قوربانی، هاوكات لە ناو جەرگەی ئەو تۆمەتانەی درانەپاڵ چەن لایەنێكی چەكداری سەر بەحەشدی شەعبی، كە گوایە لەپشی رووداوەكەی فەرحاتیە بوون، هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ دانانی پلانی گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامی هەیە.

هەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ دانانی پلانی گەڕانەوەی ئاوارەكان بەردەوامی هەیە

لای خۆیەوە ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق یەكشەممەی رابردوو رایگەیاند، سەرجەم خێمەی ئاوارەكان لە عێراق جگە لە هەرێمی كوردستان دادەخرێن، وتیشی: حكومەت لەكۆتایی ئەم مانگە خێمەكانی كەركوك و سەڵاحەدین و یەكێك لەخێمەكانی ئەنبار و فەلوجە دادەخات.

چارەنوسێكی نادیار
لە بەرانبەردا، ئەنجوومەنی نەرویج بۆ پەنابەران هۆشداریدا لەبارەی مەترسیداری داخستنی خێمەی ئاوارەكان بەبێ تەرخانكردنی كاتی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە و رایگەیاند، رەنگە بەهۆی ئەم پلانەوە ١٠٠ هەزار ئاوارە لەم وەرزی زستانە و لەكاتێكدا هێشتا ڤایرۆسی كۆرۆنا لەبڵاوبوونەوەدایە بێلانە بمێننەوە.

ئەنجوومەنەكە ئاماژەی بەوەكرد، زۆربەی خێمەكان ئەو ئاوارانە لەخۆدەگرن، كە لەو ناوچانەوە هاتوون تا ئێستاش بە وێرانی ماونەتەوە، جگە لە بوونی خاڵی پشكنین، كە رەنگە بەهۆی نەبوونی مۆڵەتی ئەمنی و گومانی ئەوەی رەنگە ئەم ئاوارانە سەر بە كۆمەڵە چەكدارەكانی وەك داعش بن ببێتەهۆی دەستگیركردنیان.

بە هەزاران خێزانی ئاوارە رووبەڕووی مەترسی گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان دەبنەوە

بە هەزاران خێزانی ئاوارە رووبەڕووی مەترسی گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان دەبنەوە، كە لەژێر دەسەڵاتی كۆمەڵە چەكدارەكاندان، بۆیە دەستیان بە خێمەكانیان لە كەربەلا، بەغدا، سلێمانی، دیالە، ئەنبار، كەركوك و نەینەواوە گرتووە و رەتی دەكەنەوە بەرەو چارەنوسێكی نادیار بڕۆن كە نازانن چی چاوەڕێیانە.

لەلایەكی دیكەوە، زیاد سنجەری شیكەرەوە و توێژەری سیاسەتی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی كۆچ بە رێككەوتن لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەت دەیەوێت ساڵی ٢٠٢١ هیچ خێمەیەك نەمێنێت و كار بۆ ئەوە دەكات، بەڵام ئەمەی كە روودەدات كارەساتێكی راستەقینە و مرۆییە.

سنجەری باس لەچارەنووسی ئەو ٨٠ هەزار ئاوارەیەی ناوچەی جەرف ئەلسەخر دەكات، كە ناوچەكەیان لەژێر دەسەڵاتی میلیشیا و چەكدارانی حیزبوڵایە و جەخت لەوە دەكاتەوە، هیچ پێداویستییەكی گەڕانەوە بۆ ئاوارانە دابین نەكراوە و ماڵەكانیان بنیاد نەنراونەتەوە، وەك چۆن كاغەزی دانپێدانراویان بۆ دابین نەكراوە، كە بە هاوكاری رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی چارەسەری حكومییان بۆ دابنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، چەند خێزانێكی داعش لە خێمەكاندا بوونیان هەیە، كە لەڕووی فیكری و دەروونییەوە لەلایەن حكومەتەوە ئامادە نەكراون تا دووبارە تێكەڵی كۆمەڵگا ببنەوە، دەشڵێت: ئەم جۆرە كەسانە لەلایەن كۆمەڵگاوە رەت دەكرێنەوە، بۆیە پێویستە پلانێك دابنرێت بۆ رێكخستنەوەی گەڕانەوەیان.

مەترسی میلیشیاكانی ئێران
لەبارەی هۆكارەكانی رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەكان، سنجەری ئاماژە بەوە دەكات، ناوچەكانی سەڵاحەدین لەژێر دەستی چەكدارانی ئەهلی حەقە، كە چەندین جار ئاوارەكانیان كردووەتە ئامانج، هەمووان ئەوە دەزانن میلیشیاكان لە چەندین ناوچەدا سەرقاڵی ئۆپراسیۆنی گۆڕینی دێمۆگرافین و بە هێزی چەك رێگری لە ئاوارەكان دەكەن و حكومەتیش ناتوانێت لەم كارانە بیانوەستێنێت.

باس لەوەش دەكات، میلیشیاكانی ئێران بەردەوامن لەكوشتاری گوند و شارۆچكەكان و هەر خۆیان دەستیان بەسەر ئەمنییەتیاندا گرتووە و هێز و دەسەڵاتیان لە حكومەت زیاترە كە ناتوانن رووبەڕوویان ببنەوە.

مافی گەڕانەوەی ئاوارەكان
سنجەری رێوشوێنەكانی حكومەتی عێراقی بە “پەلەپەل” پێناسەكرد و وتی: هەمووان پشتگیری لە مافی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ شوێنەكانیان دەكەن بەڵام دەبێت ئەم پلانە بە رێگایەكی زانستی بگیرێتەبەر و تەواوی پێداویستییە یاساییەكان بۆ باشكردنی بارودۆخیان دابین بكرێت و دووبارە ماڵەكانیان بۆ بنیادبنرێتەوە و داهاتوویان نەخرێتە بەر مەترسی.

ژمارەی ئاوارەكانی عێراق نزیكەی شەش ملیۆن كەس دەبێت

بەپێی داتاكانی رێكخراوی نێودەڵەتی كۆچ، ژمارەی ئاوارەكانی عێراق نزیكەی شەش ملیۆن كەس دەبێت، كە لەدوای كۆتاییهاتنی جەنگی دژی داعش لە كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٧، نیوەیان گەڕانەوە بۆ ناوچەكانیان لەگەڵ ئەوەی بارودۆخ و گوزەرانێكی سەخت رووبەڕوویان بووەوە، لە ئێستاشدا نزیكەی ملیۆنێك و ٣٠٠ هەزار ئاوارە لە خێمەكاندا درێژە بە ژیانیان دەدەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا