ته‌ندروستی سلێمانی: پابه‌ند بن مانگی 12 دۆخی كۆرۆنا ده‌گۆڕێت

پۆڵه‌تیك پرێس:
جێگری بەڕێوبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت:”ئێمە هەموو ئەو قسانە ڕەتدەكەینەوە، كە بە هۆی هەڵەی پزیشكیەوە توشبوانی كۆرۆنا گیانیان لە دەستدابێت”.

به‌راورد به‌ ڕۆژانی ڕابردوو ژماره‌ی ئه‌و تووشبووانه‌ی له‌سلێمانی به‌ڤایرۆسی كۆرۆنا گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن به‌ره‌و كه‌مبوونه‌وه‌ ده‌چێت، به‌ڵام دكتۆر هێرش سه‌ید سه‌لیم، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی بۆچوونێكی جیاوازی له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌.

د. هێرش به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “كه‌م بوون و زیاد بوون له‌ژماره‌ی تووشبوون یان مردن به‌كۆرۆنا به‌گوێره‌ی زانستی پەتاگەری ئەگەر سەرووی دوو هەفتە ئامارەكان بە جێگیری بمێنێتەوە، ئەو كات پێی دەڵێین دابەزین، چونكە چاودێری بارودۆخەكە دەكەین، كە جێگیر بوو ئەو كات بڕیاردەدەین كە رێژەكە دابەزیووە، بەڵام لە ئێستادا پێی دەوترێت ڕێكبونەوە بە شێوەیەكی ئاسایی”.

دكتۆر هێرش سەلیم سەبارەت بە هۆكاری تۆماركردنی زۆرترین رێژەی مردن لە پارێزگای سلێمانی وتی “زۆرترین ڕێژەی مردن دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێش ئەوەی نەخۆشەكە بگاتە لای ئێمە، لە دەرەوە لەلایەن خەڵكێكەوە كە پسپۆر نین لە بواری كۆرۆنا چارەسەر كراون، ئه‌وانه‌ هەر لە خۆیانەوە كۆمەڵێك چارەسەرییان داوە بە نەخۆش كە بەرگری لەشی نەخۆشەكەی دابه‌زاندووه‌”.

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی نمونه‌ی ئه‌وه‌ باسده‌كات، له‌په‌رستاری لاكۆڵانەوە كۆمەڵێك دەرزی ده‌درێته‌ كه‌سێك كە نیشانەكانی كۆرۆنای تیا ده‌شارێته‌وه‌ تا ئەو كاتەی ڤایرۆسه‌كه‌ ته‌شه‌نه‌ ده‌سه‌نێت، كاتێك دەگاتە لای ئێمە لە ژێر كۆنترۆڵ دەرچووە و هیچ چارەسەرێك دادی نادات، زۆرینەی زۆری هۆكارەكان ئەمەیە”.

د. هێرش هۆكارێكی دیكه‌ی مردنی توشبوانی كۆرۆنا دەگەڕێنێتەوە بۆ نەبونی شوێنی چاره‌سه‌ر لەو بارەیەوە دەڵێت:”شوێنی داخڵبونی نەخۆش لە چاودێری چڕدا دیاریكراوە و زۆر نییە، ژمارەیه‌كی زۆری نەخۆشەكان كە پێویستیان بە چارەسەری چڕە زیاترە لە بێدەكانی ئێمە، ئێمە كاتی خۆی هۆشیاریمان داوە و وتومانە با نەگەینە ئەوەی نەخۆش بمرێت لەسەر شەقام، ئەوە ئەو كاتەیە كە ئێمە پێی گەیشتوین”.

سه‌باره‌ت به‌ توندكردنه‌وه‌ی ڕێكاره‌ خۆپارێزییه‌كان جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی وتی، “بە بڕوای ئێمە ئەگەر لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌لیژنه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی سلێمانی بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا، هه‌روه‌ها ماسك لە شوێنە گشتیەكان به‌كارنه‌هێندرێت، ئەو ڕێژە مردنه‌ وەك خۆی دەمێنێتەوە، ئەگەر ئەو ڕێنماییانەش جێبەجێبكرێت و لێپرسینه‌وه‌ لەگەڵ خەڵك بكرێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم لە ناوەڕاستی مانگی 12 ئەم رێژەیە دادەبه‌زێت، چونكە هەندێك شوێن پێویست دەكات دابخرێت، هەندێك شوێنیش پێویست دەكات ڕێنمایی و چاودێری چڕی بۆ بكرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا