ئەردۆغان هاوڕێ‌ تەلەفۆنییەكەی لەدەستدا

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا خۆی لە پیرۆزباییكردن لە جۆ بایدن بەدوور گرت، لە هەمان كاتیشدا ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری كردنی راگەیاند.

رۆژنامەی ئەلعەرەب لە راپۆرتێكیدا ئاماژەی بەوە كرد، ئەستەمە ئەردۆغان سەرۆكی توركیا بتوانێت وەك چۆن پێشتر لەڕێی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی سادەوە كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی سەرۆكی ئەمریكا دادەنا، هەمان سیناریۆ لەگەڵ جۆ بایدن دووبارە بكاتەوە.

چاودێرانی سیاسی باس لەوە دەكەن، ترەمپ لەگەڵ توركیا توند نەبووە هەر ئەوەش وایكرد ئەنقەرە درێژە بە سیاسەتەكانی روبەڕوبوونەوە بدات و بەرەنگاری ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا ببێتەوە لەمامەڵكردنی چەندین دۆسییە و بابەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی.

ترەمپ لەگەڵ توركیا توند نەبووە هەر ئەوەش وایكرد ئەنقەرە درێژە بە سیاسەتەكانی روبەڕوبوونەوە بدات

بەپێی رۆژنامەكە، ترەمپ بەوە ناسراوە سەرسامە بەو سەركردانەی بە مشتوكۆڵەی ئاسنین فەرمانڕوایی دەكەن، یەكێك لەو سەركردانەش ئەردۆغان بووە، كە ترەمپی وەك هاوڕێی خۆی پێناسە كردووە، بەڵام ئەم پەیوەندییە نەبووە هۆی دوورخستنەوەی هەردوو وڵات لەو قەیرانە زۆرانەی ساڵانی رابردوو، كە لەدوای هەوڵە شكستخواردووەكەی كودەتای ساڵی ٢٠١٦ لە توركیا، پەیوەندییەكانیان بەرەو لاوازی چوون.

چاودێران پێیانوایە، هەر كات سەرۆكی ئەمریكا هەڵبژێردرێتەوە، كۆتایی بەسیاسەتی ئەردۆغان ناهێنێت، بەڵكو هەوڵدەدات پەیوەندی نوێ و پتەوتر لەگەڵ هاوپەیمانە ستراتیژییەكەی هاوپەیمانانی ناتۆ دروست بكات.

گونول تۆل شارەزا لە پەیمانگای میدڵ ئیست لەراپۆرتێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، ئەردۆغان لەدوای دووركەوتنەوەی دۆناڵ ترەمپ نیگەرانی پۆستەكەیەتی.

لەلایەكی دیكەوە، سام هیلەر شارەزا لە كاروباری توركیا دەڵێت: لەو باوەڕەدا نیم ئیدارەی جۆ بایدن هاوشێوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كارئاسانی بۆ توركیا بكات لەكاروباری سوریا و بابەتەكانی دیكە.

لەو باوەڕەدا نیم ئیدارەی جۆ بایدن هاوشێوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ كارئاسانی بۆ توركیا بكات

تا ئێستا توركیا پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی جۆ بایدن نەكردووە، حیزبی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوای توركیاش دەڵێن: ئەنقەرە كاتێك پیرۆزبایی دەكات، كە ئەنجامە فەرمییەكان بڵاودەكرێنەوە.

ئاسلی ئیدینتاسبس لە ناوەندی توێژینەوەی سەر بەئەنجوومەنی پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەكانی ئەوروپا رایگەیاند، لەماوەی سەرۆكایەتی بایدن پەیوەندییەكانی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە بە دڵەڕاوكێ و چاودێرییەوە دەستپێدەكەن.

دەسەڵاتدارانی توركیا باس لەوەش دەكەن، لە مانگی ئابی رابردوو كاتێك چاوپێكەوتن لەگەڵ بایدن كراوە، سەرۆكی توركیای بەستەمكار پێناسەكردووە و جەختی لەوە كردووە، پێویستە لەگەڵ ركابەرەكانیدا رووبەڕووی ئەردۆغان ببنەوە و بیبەزێنن، لایخۆیەوە ئەنقەرە هەڵوێستی بایدنی بە نەزان و نەفرەتلێكراو لەقەڵەمدا.

لەلایەكی دیكەوە، بەرپرسانی توركیا جەختیان لەوە كردەوە، ئیدارەی ئەمریكا هەر جۆرە سیاسەت و پەیڕەوێكی هەبێت ئەوان هەر مامەڵەی لەگەڵدا دەكەن، لایخۆیەوە مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، پەیوەندییەكانمان لە سەروو هەموو سیاسە حزبییەكانەوەیە.

لەماوەی سەرۆكایەتی ترەمپ، پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا بەدەست ویستەكانی ئەنقەرە بۆ بەدەستهێنانی نەوت و گازی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەشە ئاوی یۆنان و قوبرس ناڵاندوویەتی، لە مانگی ئەیلولی رابردووشدا، كاتێك مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا سەردانی ئەسینای كرد، پاڵپشتی واشنتۆنی پێراگەیاندن، ئەمەش توركیای نیگەران كرد.

چاودێران دەشڵێن: ئەنقەرە ترسی لەوە هەیە بایدن پەیوەندی پتەوتر لەگەڵ یۆنان دروست بكات و سیاسەتێكی توندتر بەرانبەر توركیا بەكاربهێنێت، هەروەها پێدەچێت بایدن جوڵە دەرەكییەكانی توركیا كەم بكاتەوە بەتایبەت لە لیبیا و هەرێمی قەرەباغ.

ئەنقەرە ترسی لەوە هەیە بایدن پەیوەندی پتەوتر لەگەڵ یۆنان دروست بكات

پێشتریش توركیا لەدوای كڕینی موشەكی ئێس-٤٠٠ی روسی لەلایەن ئەمریكاوە هەڕەشەی لێكرا، چاودێران دەڵێن: هەڵوێستی بایدن لەم ڕووەوە لە جاران زیاتر یەكلاكەرەوە دەبێت.

توركیا و ئەمریكای هاوپەیمان لە ناتۆ، لەسەر زۆر دۆسیە ناكۆكن لەوانەش بابەتی سوریا و كڕینی سیستمی بەرگری روسی لەلایەن توركیاوە، هەر ئەوەش بووەهۆی ئەوەی واشنتۆن توركیا لە بەشداریكردن لە بەرهەمهێنانی فڕۆكەی سەربازی ئێف-٣٥ بێبەش بكات.

لەماوەی رابردوودا، چاوشئۆغڵۆ رایگەیاند، كڕینی سیستمی بەرگری ئێس-٤٠٠ی روسی، توركیا لە بەرنامەی فڕۆكەی ئێف-٣٥ دووردەخاتەوە و كاریگەری نەرێنی لەسەر ستراتیژی بەرگری هاوپەیمانانی ناتۆ دادەنێت.

شارەزایەكی سیاسیش باس لەوە دەكات، ئیدارەی بایدن هەمان ترسی سەپاندنی سزا بۆ توركیا دروست دەكات كە رەنگە بەهۆی پێشێلكارییەكانەوە هاوپەیمانانی ناتۆ یەكێك لە هاوپەیمانە گرنگەكان لەدەست بدەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا