ئەو چالاكییانەی سەرۆكی ئەمریكا بۆی نییە ئەنجامیان بدات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
رەنگە زۆرینەی خەڵكی جیهان زانیارییان لەبارەی ئەو شتانەوە هەبێت، كە سەرۆكی ئەمریكا دەتوانێت بیانكات لەوانەش بەڕێوەبردنی ئیدارەی وڵاتەكەی، بەڵام لەبەرانبەردا، زۆر شتی سادە و ساكار هەیە، كە ناتوانن ئەنجامیبدەن و خەڵكی زانیاری لەبارەیانەوە نییە.

ئەو کارانەی رێگا نادرێت سەرۆك ئەنجامیان بدات:

پەیوەندی تەلەفۆنی ئاسایی‌و ڤیدیۆیی
لە راپۆرتێكی ریدەرز دایجێستی ئەمریكیدا هاتووە، خزمەتگوزاری نهێنی ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات بۆ پلاندانان و هەماهەنگی و پاراستنی سەرجەم چالاكییەكانی سەرۆك.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەرۆكی ئەمریكا بێبەشە لەوەی لەڕێی مۆبایلەوە قسە لەگەڵ هاوڕێیەكی بكات، یاخود پەیوەندی ڤیدیۆیی ئەنجامبدات ئەگەر لە حاڵەتێكدا بشیكات دەبێت لەڕێی هێڵی پارێزراوەوە بێت.

چوون بۆ سینەما
مات پینسكەر مامۆستای ئاسایشی ناوخۆیی لەزانكۆی ڤێرجینیا كۆمۆنوێڵس ئاماژە بەوە دەكات، رێگا بە سەرۆك نادرێت بچێتە سینەما، بەڵكو دەبێت لەناو كۆشكی سپیدا تەماشای فیلم بكات و چێژی لێببینێت.

چوونەدەرەوە بۆ خوانی ئێوارە
چوونەدەرەوە بۆ خوانی ئێوارە یەكێكە لەو چالاكییانەی تاڕادەیەك بۆ سەرۆك رێگەپێدراوە، بەڵام دەبێت پێشتر لەگەڵ خزمەتگوزاری نهێنی رێككەوتبێت تا بتوانن پاراستنی چێشتخانەكە دابین بكەن.

لەو بارەیەوە پینسكەر دەڵێت: سەرۆك ناتوانێت خواردنی دەرەوەی كۆشكی سپی بخوات تەنیا لەحاڵەتێكدا بۆی هەیە ئەگەر پێشتر كەسێك خواردنەكە تام بكات و دڵنیابێتەوە لەوەی پارێزراوە.

لێخوڕینی ئۆتۆمبیل
پینسكەر ئاماژە بەوە دەكات، شۆفێری ئەركی سەرۆك نییە، بەڵكو دەبێت ئۆتۆمبیلێكی پارێزراوی بۆ دابین بكرێت و شۆفێری شارەزای هەبێت، كە ئامادەیی حاڵەتە لەناكاوەكانی تێدابێت.

لەلایەكی دیكەوە، جیم رۆنان نووسەر و مامۆستای زانستە سیاسییەكان لە زانكۆی ڤیلانۆڤا باس لەوە دەكات، پێشتر رێگا بە سەرۆك دراوە لەجێگای زۆر تایبەت بە نمونە شوێنێكی وەك كەمپی دەیڤد یان لەو شوێنانەی موڵكی كەسین ماتۆڕسكیل لێبخوڕن، ئەو چالاكییەی جۆرج بوشی كوڕ زۆری پێخۆش بوو.

هەر یەكە لە ریگان و جۆرج بوشی كوڕ سەرباری رێگرییەكان، خزمەتگوزاری نهێنی رێگەی پێدابوون لەدەوروبەری كێڵكە و موڵكی پارێزراوی خۆیان شۆفێری بكەن.

بەشداربوون لە نمایشی منداڵەكانیان و رووداوە وەرزشییەكان
رۆنان دەڵێت: یەكێك لە خراپترین یاساكان بێبەش بوونی سەرۆكەكانە لەنمایشی منداڵەكانیان، كە لە بۆنەكاندا توانا و بەهرەكانیان دەردەخەن، ئەم یاسایە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كار لە خێزانەكانیان دەكات.

ئامادەبوون لە ئاهەنگی سەما، یان چالاكییەكی وەرزشی منداڵ، یان نەوەی سەرۆكەكان زۆر رێوشوێنی ئەمنی پێویستە هەم بۆ ئامادەبووان هەم بەشداربووانی چالاكییەكان، لەلایەكی دیكەوە هەندێك لە منداڵی سەرۆكەكان لەناو كۆشكی سپیدا دەخوێنن بەمەبەستی دوورخستنەوەیان لەو هەڕەشە ئەمنییانەی لە خوێندنگایەكی ئاساییدا دووچاریان دەبێت.

بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا و ئامێری كەسی بەبێ چاودێری
رۆنان ئاماژە بەوە دەكات، پێویستە خزمەتگوزاری نهێنی ئاگاداری هەموو ئەو هەڕەشە ئەمنییانە بێت، كە لەژێر رۆشنایی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاوە رووبەڕووی سەرۆك دەبنەوە، بەنموونە پێشتر هەژماری باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەسەر بلاك بێری و هەژماری دۆناڵد ترەمپ لەسەر تویتەر سنوردار كران و هۆشداریان پێدرا تا بوەستن یان لانیكەم بەكارهێنانی هەژمارەكانیان كەمبكەنەوە.

بەكارهێنانی كۆمپانیا فڕۆكەوانییە بازرگانییەكان
سەرۆكی ئەمریكا ناتوانێت لەڕێی كۆمپانیای هێڵی ئاسمانی ئەمریكاوە گەشت بكات، لەو بارەیەوە كارلا ماستراچیۆ راهێنەری ئاسایشی ئەلكترۆنی لەئەكادیمیای سكۆرزات ئاماژە بەوە دەكات، ئەم چالاكییە یەكێكە لەوانەی بەگشتی سەرۆك رێگەپێدراو نییە بیانكات و جێی باوەڕ نییە كاتێك فڕۆكەی تایبەتی بۆ سەرۆك تەرخان بكرێت ئەو پەنا بباتە بەر كۆمپانیا بازرگانییەكانی فڕۆكەوانی.

كردنەوەی پەنجەرەكان
سەرۆكی ئەمریكا بۆی نییە پەنجەرەكانی كۆشكی سپی بكاتەوە، لەو بارەیەوە میشێل ئۆباما خانمی پێشووی یەكەمی ئەمریكا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ستیڤن كۆلبێری میدیاكار بەماوەیەك بەر لە كۆتاییهاتنی ویلایەتی سەرۆكایەتی ئۆباما وتی: دەمەوێت شتی سادە بكەم، بەنموونە دەمەوێت پەنجەرەكان بكەمەوە.

پاككردنەوەی نووسینگە
ماستراچیۆ باس لەوە دەكات، سەرۆك نابێت خۆی نووسینگەكەی پاكبكاتەوە و نابێت هیچ نامەیەك بفەوتێنێت، بەپێی یاسای تۆماری سەرۆكایەتی، دەبێت سەرۆك پارێزگاری لە هەموو ئەو شتانە بكات، كە كەسی ئاسایی نایكات، هەروەها دەبێت كارمەندانی ناو كۆشكی سپی سەرجەم بەڵگەكان بخوێننەوە پێش ئەوەی فڕێیانبدەن، دەبێت بەوردی نوسینگەكە پاك بكەنەوە.

ئەگەر سەرۆك بیەوێت لە كۆشكی سپی بچێتە دەرەوە تا سڵاو لە خەڵكی بكات یان سەردانی ناوەندێكی مەترسیدار بكات دەبێت خزمەتگوزاری نهێنی تەواوی رێوشوێنەكانی پاراستنی سەرۆك بگرێتە ئەستۆ و سەرۆك بۆی نییە ئەو یاسایە رەتبكاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا