ورده‌كاریی سه‌ردانی به‌رپرسێكی باڵای عێراق بۆ شه‌نگال

پۆڵه‌تیك پرێس:
قائیمقامی شەنگال رایدەگەیەنێت:”خەڵكی شەنگال به‌ راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراقیان وتووە، تاوەكو پەكەكە لە شەنگال نە چێتە دەرەوە هیچ ئاوارەیەك ناگەڕێتەوە، دەشڵێت:”بونی پەكەكە مەترسییە بۆ هەموو خەڵكی شه‌نگال”.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بەیاوەری هەریەكە لە قایمقامی قەزای ناوەندی مووسڵ و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ڕۆژئاوای نەینەوا، بەڕێوەبەری ئاسایش و هەواڵگری نەینەوا و فەرماندەی فیرقەی 15ی پیادە و فەرماندەی لیوای 72ی پیادە سه‌ردانی شه‌نگالی كرد.

له‌وباره‌یه‌وه‌ مه‌حما خه‌لیل، قائیمقامی شه‌نگال به‌ پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “مەبەستی سەردانەكەی ڕاوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بۆ شه‌نگال بۆ دوو هۆكار بوو، ئاگاداربونی دۆخی شه‌نگال و مەترسییەكانی هێزی پەكەكە و هەنگاوی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدادبوو”.

قائیمقامی شەنگال وتیشی:”لەكاتی سەردانەكەی قاسم ئەعرەجی، ئیدارەی ناوچەكە و دانیشتوانی شه‌نگالیش پێیان راگەیاندووە كە تاوەكو پەكەكە لە شه‌نگال نەچێتە دەرەوە ئاوارەكان ناچنەوە شه‌نگال”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان له‌میانی لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند:”هێشتا وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە لەلایەن بەغداوە دیارینەكراوە، رێككەوتنەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كەدەبێت پەكەكە و سەرجەم هێزە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە جێبهێڵن”.

وتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جەختدەكاتەوە، “دوورخستنەوەی پەكەكە و هێزەكانی دیكە لە شه‌نگال، ئەركی بەغدایە و هیچ پەیوەندییەكی بە حكومەتی هەرێمەوە نییە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا