ناوەڕۆکی پڕۆژەی وەبەرهێنانی سعودیە لە عێراق

پۆڵەتیک پرێس

ئەندامێکی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە رایگەیاند، کێڵگەی گەورەی وەبەرهێنانی سعودیە لە عێراق بەشێوەیەکی دیاریکراو لە بواری کشتوکاڵدا دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، رەحیم عەبودی ئەندامی دەستەی گشتی رەوتی حیکمە رایگەیاند، بڕیارە سعودیە وەبەرهێنانی کشتوکاڵی لە رووبەرێکی بەرفراوانی زەوییە بیابانییەکانی عێراقدا بکات، وتیشی: هەردوو پارێزگای ئەنبار و موسەنای سنوری شوێنی سەرەکی وەبەرهێنانەکە دەبن.

باسی لەوەش کرد، وەبەرهێنانی سعودیە ئامانجی چاکسازییە لە ملیۆنێک دۆنمی بیابانەکانی ئەنبار و موسەنا کە یەکسانە بە ٪١٠ی رووبەری ئەنبار، ئاشکراشی کرد، لەڕێی دوو پڕۆژەی بچوکەوە لە بەرژەوەندی کۆمپانیای مەراعی سعودیە لە قەزای قائیم و بەدیاریکراویش لە گوندی رومانە و قەزای عانە جوڵەی وەبەرهێنان دەستپێدەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی دەستی کاری پێویست بۆ چاکسازی لەو زەوی و زارانەی نێوان ئەنبار و موسەنا یەکسانە بە ٦٠ هەزار کرێکار.

وتیشی: جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بە چوار قۆناغ دەبێت، یەکەمیان دامەزراندنی بارەگای کۆمپانیای مەراعی سعودی لە ئەنبار، دووەم، چاکسازی لە زەوی زارەکان و سێیەم بەرهەمهێنان و کۆتا قۆناغیش فرۆشتنی بەرهەمەکان دەبێت و پێویستە لەماوەی پێنج ساڵدا پڕۆژەکە بەڕێوەبچێت.

کۆمپانیای مەراعی سعودی لە ساڵی ١٩٧٧ەوە دەستی بە کاروچالاکییەکانی کردووە و یەکێکە لە گەورەترین کۆمپانیاکانی وڵاتانی کەنداو کە تایبەتە بە کاروباری شیرەمەنی و خۆراک و چەندین کێڵگەی لە ئەمریکا و ئۆکرانیا و ئەرجەنتین و پۆڵەندا هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا