پۆڵەتیک پرێس
لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان رایگەیاند، کرێی ساڵانەی وزەی کارەبا بۆ هەموو کەرتە حکومی و پیشەسازی و بازرگانی و کشتوکاڵییەکان و کرێی کارەبای ماڵان نزیکەی چوار ترلیۆن دینارە.
لەو بارەیەوە، سادق سەلیتی ئەندامی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان رایگەیاند، لەژێر رۆشنایی ئەم قەیرانە ئابوورییە پێویستە پشت بە کۆکردنەوەی پارەی کارەبای شوێنە حکومییەکان ببەستین، وتیشی: پێویستە وەزارەتی دارایی ئەو پارەی کارەبایەی لەلایەتی بیداتەوە بە وەزارەتی کارەبا.
باسی لەوەش کرد، پێویستە هەماهەنگی لەنێوان وەزارەتی دارایی و کارەبادا هەبێت لەڕووی کۆکردنەوەی پارەی کارەباوە، هەتا وەزارەت بتوانێت پابەندبێت بە کارەکانییەوە و بەشێک لە پارەی کرێی کارەبا دابنێت بۆ چاکسازی لە وێستگە و کەلوپەلەکانی تایبەت بە وەزارەتەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی کارەبا پلانی هەیە لەمەودوا چارەسەر بۆ کێشەی بەهەدەردانی کارەبا دابنێت بەتایبەت ئەو تۆڕە کارەباییانەی بەشێوەیەکی ناڕێکخراو کاریان پێدەکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە، بەپێی قسەی ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و وزەی پەرلەمان، قەرزێکی زۆری کارەبا لەلای وەزارەتەکانی دیکەیە کە هێشتا نەگەیشتووەتە دەست وەزارەتی کارەبا.