ئەرمینیا بە تامی شکست شەڕی لەگەڵ ئازەربایجان راگرت

پۆڵەتیک پرێس

سەرۆکی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەو رێککەوتنەی نێوان وڵاتەکەی و ئەرمینیا کە بەهۆی روسیاوە بەمەبەستی راگرتنی شەڕ لە هەرێمی قەرەباغ ئەنجامدرا بەڵگەنامەی رادەستبوونە کە دوای شەش هەفتە لە شەڕ واژۆکرا.

ئیلهام عەلیف سەرۆکی ئازەربایجان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، نیکۆل باشینیانی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیامان ناچارکرد بەڵگەنامەی رادەستبوون واژۆ بکات، وتیشی: من وتم ئێمە دەریان دەکەین و کردیشمان.

ئاشکراشی کرد، روسیا و تورکیا هێزەکانی ئاشتی بە هەرێمی قەرەباغدا بڵاودەکەنەوە وەک بەشێک لە رێککەوتنی نوێی راگرتنی شەڕ.

لایخۆیەوە، نیکۆل باشینیان رایگەیاند، هیچ رێگە چارەیەکی دیکەمان لەبەردەست دا نەبوو جگە لەوەی رێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەرێمی قەرەباغ واژۆ بکەین.

ئەو بڕیارەی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا توڕەیی ئەرمەنییەکانی لێکەوتەوە و هێرشیان کردە سەر بارەگای حکومەت لە پایتەختی ئەرمینیا و پەنجەرەکانیان تێکشکاند.

پێشتریش، باشینیان لە فەیسبوکی خۆی نوسی: هاوڵاتیانی ئازیز، بڕیارێکم دا  کە بۆ خۆشم و بۆ هەمووشمان سەخت بوو، لەگەڵ سەرکردایەتی روسیا و ئازەربایجان رێککەوتنی راگرتنی شەڕی هەرێمی قەرەباغم واژۆ کرد.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا