پۆڵه‌تیك پرێس:
ئیمیلی مۆرفی، سه‌رۆكی ئیداره‌ی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان له‌ئه‌مریكا ڕه‌تیكرده‌وه واژۆ له‌سه‌ر نوسراوی ڕێگه‌دان به تیمی جۆ بایدن بكات، به‌مه‌به‌ستی ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵات له‌نێوان سه‌رۆكی ئێستا و سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا.
ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست-ی ئه‌مریكی بڵاویكرده‌وه، مۆرفی كه سه‌رۆكایه‌تی ئیداره‌ی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان ده‌كات، ئیداره‌كه‌ی ڕۆڵێكی گرنگی هه‌یه له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا، چونكه یه‌كێك له‌سه‌ره‌كیترین كاره‌كانی بریتییه له ڕاده‌ستكردنی ئۆفیسی دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مریكایه به‌سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراو و تیمه‌كه‌ی.
مۆرفی ئه‌م هه‌فته‌یه ڕه‌تیكرده‌وه واژۆ له‌سه‌ر نوسراوی ده‌ستاوده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و پێدانی ئۆفیسی دامه‌زراوه‌كان به تیمی بایدن بكات.
ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و دامه‌زراوه‌یه واژۆ له‌سه‌ر نوسراوه‌كه بكات، ئه‌وا ڕاسته‌وخۆ و به‌فه‌رمی دان به‌سه‌ركه‌وتنی جۆ بایدن ده‌نێت، به‌وپێیه‌ی ئیداره‌ی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان سه‌ر به حكومه‌تی ئه‌مریكایه.
واشنتۆن پۆست ئاشكراشیكردوه، داوا له كارمه‌ندانی ئیداره‌ی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان كراوه كه هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ تیمی جۆ بایدن نه‌كه‌ن له‌كاتی ئێستادا.
كه‌ناڵی فۆكس نیوز له‌باره‌ی ئه‌و كێشه ئیدارییه‌وه بڵاویكرده‌وه، تیمی بایدن به‌فه‌رمی داوایان له ئیداره‌ی خزمه‌تگوزارییه گشتییه‌كان كردووه دان به‌سه‌ركه‌وتنی جۆ بایدن بنێن، به‌ڵام ئیداره‌كه به پاساوی یه‌كلانه‌بوونه‌وه‌ی سكاڵاكانی تره‌مپ له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكاوه، ئاماده‌نین بایدن وه‌ك سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا ناوببه‌ن.