توركیا نزیكەی نیوەی خاكی سیدەكان دەخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە

پۆڵەتیك پرێس

توركیا نزیكەی نیوەی سنووری سیدەكانی خستوەتە ژێر ركێفی خۆیەوە، بەوهۆیەشەوە دانیشتوانی ئەو سنورە گوندەكانیان چۆڵدەكەن، بەڕێوەبەری ناحیەكەش دەڵێت، “توركیا هەشت كیلۆمەتر لەسەنتەری ناحیەكەوە دوورە و بوونەتە مەترسی بۆسەر سنورەكە”.

ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحییەی سیدەكان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لە ساڵی 2017ەوە لەگەڵ هاتنی سوپای توركیا بۆ سنووری ناحییەی سیدەكان تا ئێستا زیاتر لە 45% خاكی ناوچەكە كەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی توركیا و لەهەندێك شوێن بنكەی سەربازیان كردووەتەوە.

وتیشی، “لەساڵی 1984 بەهۆی گرژییەكانی نێوان توركیا و پەكەكەوە زیاتر لە 100 گوند چۆڵكراوە، لە ئێستاشدا لە زۆربەی شوێنەكان سوپای توركیا تەنها 800 مەتر لە دانیشتوانی گوندەكانەوە دوورن، بەوهۆیەشەوە مەترسی لەسەر چۆڵبونی 20 گوند هەیە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لەساڵی 2017 تا ئێستا زیاتر لە 17 هاوڵاتی شەهید و بریندار بوون، بەشی زۆریان هاوڵاتی سڤیل و دانیشتوی گوندنشین و كۆچەرییەكان بوون، هاوكات بۆردومانەكانیش ناو بەناو بەردەوامن.

ئەمە لەكاتێكدایە، دوای ئەوەی مانگی رابردوو پەرلەمانی توركیا مۆڵەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی توركیای لە هەریەكە لەوڵاتانی عێراق و سوریا بۆ ماوەی یەك ساڵی دیكە درێژكردەوە، مەترسییەكانی لەشكركێشی توركیا بۆسەر چەند ناوچەیەك زیادیكردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا