بەر لە هەڵبژاردن دەبێت دادگای باڵای فیدرالی كارابكرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس

بەهۆی ئەوەی لە ئێستادا دادگای باڵای فیدرالی دوو ئەندامی نەماوە، دادگاكە پەكی كەوتووە، ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پێویستە بەر لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان كە دوو مانگ پێش رۆژی هەڵبژاردنی پێش وەختە، بە یاسا دادگاكە كارابكرێتەوە، ئەگینا گرفتی گەورە رووبەرووی هەڵبژاردنەكە و پەسەندكردنی ئەنجامەكانی دەبێتەوە.

سەلیم شوشكەیی ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لە ئێستا پرۆژە یاسایەك و پرۆژەیەكی هەمواری یاسا لە پەرلەمانە بۆ كاراكردنەوەی دادگای باڵای فیدرالی.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق وتیشی: هەمواری پرۆژەكە بریتیە لەوەی دادگاكە كارا بكرێتەوە و دوو ئەندامەكەی بۆ دابنرێتەوە، ئەمە پێچەوانەی دەستوورە، پرۆژەی دووەم تەواوی دەزگاكە رێكدەخاتەوە پشت بەستوو بە ماددەی 91 و 92 ی دەستوور، كە ژمارەی ئەندامەكان لە 9 ئەندام دەكاتە 11 ئەندام و 4 زانای ئایینی بۆ دەزگاكە دادەنرێت، بەڵام ئەمەش بێ‌ كێشە و گرفت نیە.

سەلیم شوشكەیی باسی لەوەكرد، پێش ئەوەی پەرلەمانی عێراق هەڵوەشێتەوە كە دەكاتە دوو مانگ بەر لە رۆژی هەڵبژاردنی پێش وەخت دەبێت دادگای فیدرالی كاربكرێتەوە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە چونكە ئەگەر هات و پەرلەمان هەڵوەشایەوە و لەو دوو مانگەدا دۆخێك هاتە پێش و هەڵبژاردنی پێش وەخت دواخرا دواتر كێ‌ دەتوانێت وادەیەکی دیکە بۆ هەڵبژاردن دابنێت، یان ئەگەر هەڵبژاردن كرا چ دەزگایەكی دادوەری ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە پەسەند بكات.

دادگای باڵای فیدرالی عێراق بەرزترین دەسەڵاتی دادوەری سەربەخۆیە لە عێراق، كارەكانی ئەم دادگایە بریتیە لە لێكدانەوەی ئەو دەقانەی دەستوور كە زیاتر لە مانایەك هەڵدەگرێت، كارێكی دیكەی ئەم دادگایە پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە، لە ئێستادا ئەو دادگایە پەكی كەوتووە بەهۆی ئەوەی ئەندامێكی كۆچی دوایی كردووە و ئەندامێكی خانەنشین بووە.

مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا