چارەنوسی بەندەری فاو

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

مشتومڕی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە لە عێراق کۆمەڵێک ناڕوونی لەبارەی داهاتووی پڕۆژەکە دەهێنێتە ئاراوە بەتایبەت لەژێر رۆشنایی تەنگژەکانی نێوان کۆمپانیای دایۆی کۆریای باشور و دەسەڵاتدارانی عێراق.

لە راپۆرتێکی ئەلعەرەبدا هاتووە، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دووچاری جۆرێک لە شڵەژان هاتووە لەبارەی چارەنوسی پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە کە وا بڕیاربوو ببێتە چارەسەرێکی ستراتیژی بۆ کێشەکانی هەناردەکردنی عێراق لەڕێی بەندەرەکانەوە.

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دووچاری جۆرێک لە شڵەژان هاتووە لەبارەی چارەنوسی پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە

لە ساڵی ٢٠١٠ەوە، عێراق زنجیرەیەک گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئیتاڵیا، کۆریای باشور و یۆناندا واژۆ کردووە بەمەبستی دروستکردنی بەندەرێکی زەبەلاح لەسەر کەنداوی عەرەب بە تێچووی نزیکەی چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.

لە راپۆرتەکەدا باس کراوە، هەموو ئەو گرێبەستانە وەک ئەوە بەڕێوەنەچوون کە پێشتر رێککەوتنیان لەسەر کراوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆییە سیاسییەکان و قەیرانەکانی دارایی و ئاسایش لە عێراق، ئەوەبوو لە ساڵی ٢٠١٨ هەندێک لەو گرێبەستانە لەگەڵ کۆمپانیای دایۆی کۆری چالاک کرانەوە.

دروست کردنی بەندەری فاوی گەورە کە بە دەرگایەکی گەورە دادەنرێت بەڕووی چالاکی ئابووری وڵات و پەیوەندییەکانی بە تۆڕی گواستنەوەی کاڵای نێودەوڵەتی، یەکێک بوو لە داواکارییەکانی هاوڵاتیانی عێراق کاتێک لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

 

بەپێی راپۆرتەکەی ئەلعەرەب، بەڕاستی کۆمپانیای دایۆ سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە جێبەجێکردنی یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە شەپۆلشکێنەکانی جیهان، بەڵام رووداوێک لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو پڕۆژەکەی خستە دۆخێکی گوماناوی.

لەوبارەیەوە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسڕە لە ناوەڕاستی مانگی رابردوو رایگەیاند، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دایۆی بەرپرس لە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فاوی گەورە بە مردوویی لە نزیك شوێنی کارەکەی دۆزراوەتەوە و پێدەچێت خۆی کۆتایی بە ژیانی هێنابێت.

رووداوی مردنی بەڕێوەبەرەکەی دایۆ مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێک چەندین لایەن بە تاوانی کوشتنی تۆمەتبار کران بەنموونە، چەند لایەنێکی سیاسی تۆمەتەکەیان خستەپاڵ میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران بەوپێیەی بەڕێوەبەرەکە پێشتر رەتیکردبووەوە بیانکاتە هاوبەش لە دەستکەوتی بەندەری فاو.

بەندەری فاوی گەورە کە بە دەرگایەکی گەورە دادەنرێت بەڕووی چالاکی ئابووری وڵات

چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان بەوە کرد، سەرکردایەتی میلیشیاکان چاویان بە بەڕێوەبەرەکەی کۆریای باشور کەوتووە و داوایان لێکردووە گرێبەستی لاوەکیان لەمیانی پڕۆژەی بەندەری فاو لەگەڵ واژۆ بکات بەڵام ئەو رەتی کردووەتەوە.

چەند سەرچاوەیەکیش لە کەسانی نزیک لە بەڕێوەبەرەکە باس لەوە دەکەن، بە چەند رۆژێک بەر لە مردنی رووبەڕووی چەندین  فشار بووەتەوە بە بێ ئەوەی ئاشکرای بکەن کێ بوون ئەو لایەنانەی فشاریان خستووەتەسەر بەڕێوەبەرەکەی دایۆ.

بەڵام چەند لایەنێکی سیاسی لە بەغدا رایانگەیاند مردنی بەڕێوەبەرەکەی دایۆ پەیوەندی بە دۆسیەی بەندەری فاوەوە هەیە.

لە سەرەتای ئەم مانگە، هەواڵی کۆتایی هێنان بە گرێبەستی بەندەری فاوی گەورە لەگەڵ کۆمپانیای دایۆی کۆری راگەیەنرا بەهۆی چەند ناکۆکییەکەوە کە پەیوەندییان بە هەڵکەندنی بەندەرەکە و ئەو بڕە پارەیەوە هەبوو کە بەرامبەر ئەم کارە دابین کرابوو.

دوای سێ رۆژ لەم هەواڵە نافەرمییە، ناسڕ حسێن شبەلی وەزیری گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق گەیشتە ئەو بڕوایەی کۆمپانیای دایۆی کۆری ناتوانێت بەندەری فاوی گەورە بەو خاسیەتانەی عێراق دەیەوێت دروست بکات.

پێدەچێت وەزارەتی گواستنەوە ئەم تاکتیکەی بۆ ئەوە بەکارهێنابێت تا وا لە کۆمپانیای دایۆ بکات واز لە کارەکانی بهێنێت

بەڵام چەند سەرچاوەیەک کە ئاگایان لە وردەکاری دۆسیەکەیە باس لەوە دەکەن، ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیای دایۆی کۆری واژۆ کراوە، نرخێک لەخۆدەگرێت جیاوازە لەو نرخەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەیەوێت بیدات، جەختیان لەوەشکردەوە، ئەو جیاوازییە گەورەیەی نێوان دوو نرخەکە لە بەرژەوەندی وەزارەتە کە وای لە کۆمپانیای دایۆ کردووە هەڵوێستی خۆی بگۆڕێت.

سەرچاوەکان دەشڵێن: پێدەچێت وەزارەتی گواستنەوە ئەم تاکتیکەی بۆ ئەوە بەکارهێنابێت تا وا لە کۆمپانیای دایۆ بکات واز لە کارەکانی بهێنێت و بکشێتەوە بەتایبەت لەدوای مردنی بەڕێوەبەرەی پێشووی کۆمپانیاکە.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا