رۆژئاوای كوردستان خۆشحاڵە بە شكستی ترامپ

پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی نوێنەرایەتی باكوورو رۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت: هەڵوێست و بڕیارە خراپەكانی دۆناڵد ترامپ بەرانبەر رۆژئاوای كوردستان هۆكاری سەرەكی شكستەكانی بوون لەهەڵبژاردندا، چونكە بەو بڕیارە خراپانەی تەنیا كوردی لاواز نەكرد ئەمریكاشی لەناوچەكە لاوازكرد.

جەمیل رەحمانۆ ئەندامی نوێنەرایەتی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای كوردستان) بۆ پۆڵەتیك پرێس لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمریكاو دەرچوونی جۆ بایدنی كاندیدی دیموكراتەكان وتی: یەكێك لەو هۆكارە سەرەكییانەی بووە هۆی ئەوەی خەڵكی ئەمریكی دەنگ بە جۆ بایدن بدات ئەو بڕیار و هەڵوێستە خراپانەی ترامپ بوو بەرانبەر كورد بەتایبەتی لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا، هاوكات بوونی پەیوەندی نێوان ترامپ و ئەردۆغان، یان بەگشتی بڵێین ترامپ پەیوەندی باشی هەبوو لەگەڵ سەرۆكە دیكتاتۆرەكانی وڵاتان و پاڵپشتی سیستمە دیكتاتۆرییەكان بوو، ئەمەش وای كرد خەڵكی ئەمریكا بایدن سەربخەن.

نوێنەرەكەی باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە هەرێمی كوردستان هەروها وتی: سیاسەتی ئەمریكا لەسەردەمی ترەمپدا تووشی شكست هات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی لە رۆژئاوای كوردستان، ئەو بڕیارە هەڵانەی ترامپ دای بەرانبەر رۆژئاوای كوردستان تەنیا كوردیان لاواز نەكرد ئەمریكاشیان لاوازكرد، ئەگەر ئەمریكا بیەوێت جارێكی تر متمانە بگێڕێتەوە بۆ سیاسەتەكانی لە ناوچەكەدا پێویستە جۆبایدن رۆڵێكی ئەرێنی ببینێت لەهاوكاری كردنی گەلی كورد و گەلانی تری بندەست بۆ دیموكراتیزە كردنی باكوورو رۆژهەڵاتی سوریا بەگشتی، ئێمە پێشبینی دەكەین ئەمریكا هەمان ئەو رۆڵە بگێڕێت، كە لەئیدارەی پێش ترامپ گێڕاویەتی.

جەمیل رەحمانۆ باسی لەوەكرد، پرۆژەی بایدن پرۆژەیەكی جیاوازە، پرۆژەیەكی دیموكراتی و دژی دیكتاتۆرییەتە، پێشتر بایدن وتی: ئەگەر سەركەوتن بەدەست بهێنم یەكێك لە كارەكانم ئەوەیە ئەردۆغان بووەستێنم چونكە كەسێكی دیكتاتۆرە و پێویستە رایبگرم، ئەمەش مایەی خۆشحاڵی گەلی كورد و گەلانی دیكەی هەرێمییە لە رۆژئاوای كوردستان.

رۆژی 3ی تشرینی دووەمی 2020 هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا بەڕێوەچوو، تێیدا جۆبایدن كاندیدی دیموكراتەكان بە سەرۆكی نوێی ئەمریكا هەڵبژێردرا.

پێشتر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، كە كاندیدی كۆمارییەكان بوو بۆ هەمان پۆست، بڕیاری كشانەوەی سوپای ئەمریكای لەسنوورەكانی رۆژئاوای كوردستان‌و باكووری سوریا داو بەو هۆیەشەوە سوپای توركیا هێرشی كردە سەر چەند ناوچەیەكی رۆژئاوای كوردستان‌و داگیریكرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا