پۆڵەتیك پرێس
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوەو ئەندامێكی لیژنەی داراییش دەڵێت: بۆ گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەر لەگەڵ سەرۆك وەزیران كۆدەبینەوە.
بڕیارە كۆبوونەوەكە رۆژی دوو شەممە بەرێوەبچێتو لەو بارەوە جەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: كۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی لیژنەكەمان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆیە لەبارەی سێ تەوەری گرنگ، كە بریتین لە پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی و چۆنییەتی زیادكردنی داهات و گفتوگۆ لەبارەی وەرەقە سپییەكەی كازمی، كە لەماوەی رابردوو خستوویەتییە ڕوو.
جەمال كۆچەر وتیشی: پێشتر حكومەت داوای 41 ترلیۆن دیناری كردبوو، ئێستا حكومەت بڕەكەی كەمكردووەتەوە بۆ 31 ترلیۆن، بەڵام ئێمە پێمان وایە ئەوەی حكومەت پێویستییەتی لە نێوان 12 تا 15 ترلیۆن دینارە.
باسی لەوەشكرد، داوامانكردووە لە سەرۆك وەزیران ژمارەیەك بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی وەك بەڕێوەبەری گشتی بانك و خانەنشینی و خانووبەرە لەگەڵ خۆی بەشدار پێبكات لە كۆبوونەوەكە، چونكە ئەوەی لە وەرەقەی چاكسازیدا هاتووە لەڕووی تیۆرییەوە شتێكی باشە لەبارەی زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، بەڵام دەبێت بزانین لە رووی پراكتیكییەوە چۆن دەتوانین سەرچاوەكانی داهات زیاد بكەین.
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاشكراشیكرد لەم هەفتەیەدا پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی پەسەند دەكرێت.
رۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژە یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی ئەنجامداو بڕیارە لەم هەفتەیە پرۆژەكە پەسەند بكرێت.