بایدن هیوای سوننەكانی عێراق دەبووژێنێتەوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
ماوەی چەند رۆژێكە هەواڵی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵ كردووە، عێراقیش بەدەر نییە لە چاوەڕوانی ئەو گۆڕانكارییانەی دەشێت سەركردایەتی نوێی ئەمریكا بیهێنێتە ئاراوە.

لەدوایین هەواڵەكاندا دەنگەكانی جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان گەیشتە ٢٧٩ دەنگ و دۆناڵد ترامپی كاندیدی كۆمارییەكانیش دەنگەكانی لە ٢١٤ دەنگدا ماوەتەوە و وا چاوەڕواندەكرێت بایدن چوار ساڵی داهاتوو پۆستی سەرۆكی ئەمریكا بگرێتەدەست.

رەنگە بردنەوەی جۆ بایدن ببێتە هۆی بوژانەوەی عێراق

میدیاكانی عێراق بڵاویانكردەوە، رەنگە بردنەوەی جۆ بایدن ببێتە هۆی بوژانەوەی عێراق و كەمكردنەوەی نفوزی ئێران لەو وڵاتە و دەستپێكردنەوەی رێككەوتنەكانی نێوان ئەمریكا و ئێران و كۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوانیان.

لەو بارەیەوە، ئەسیل نوجێفی سەركردەی سیاسی عێراق وتی: پێشبینی دەكرێت لەگەڵ بردنەوەی جۆ بایدن و وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەمریكا، نفوزی ئێران لە عێراق كەمببێتەوەو هیوای سوننەكانی ئەو وڵاتە بژێتەوە و لە بەرانبەریشدا حكومەتی تاران بگات بەچەند دەستكەوتێكی تایبەت.

ئەسیل نوجێفی بە میدیاكانی عێراقی راگەیاند، پێشبینی دەكرێت جۆ بایدن بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، بەم هۆیەوە دانوستانی نێوان واشنتۆن‌و تاران بەشێوازێكی جیاوازتر دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت كە ئەمریكا فشار دەخاتە سەر تاران بۆ گۆڕینی سیاسەتی لە ناوچەكە و بەتایبەتیش لە عێراق، لە بەرانبەر ئەوەدا ئێران لەڕێی سەپاندنی نفوزییەوە نا بەڵكو وەك دەوڵەتیكی سەربەخۆ چەند دەستكەوتێك بەدەست دەهێنێت.

پێشبینی دەكرێت جۆ بایدن بگەڕێتەوە بۆ سەر مێزی دانوستان و رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران

باسی لەوەشكرد، پێدەچێت ئێران لە ناوچەكە بكشێتەوە تەنیا لەڕێی تێگەیشتنەوە نەك بەو شێوەیەی كە ترامپ دەیویست لەڕێی بەكارهێنانی هێز دژی تاران، ئاماژەی بەوەشكرد، بایدن ئێران ناچار دەكات یارمەتی ئەمریكا بدات لە رێكخستنەوەی بارودۆخی عێراق بەجۆرێك كە لەگەڵ سیاسەتی ئەمریكادا بگونجێت، بۆیە پێدەچێت شێوازێكی سیاسی كارا ببینین كە جیاواز بێت لەو هەڕەشانەی پێشتر لە سیاسەتی ترەمپ بینیمان.

لەلایەكی دیكەوە، كازم فرتەوسی وتەبێژی هێزەكانی سەید شوهەدا‌و رایگەیاند، وەكچۆن جیاوازی لەنێوان شێوازی مامەڵەكردنی حیزبی دیموكرات و حیزبی كۆماریدا هەیە، ئاواش جیازی لەنێوان كەسایەتی بایدن و ترەمپدا هەیە.

جیازی لەنێوان كەسایەتی بایدن و ترەمپدا هەیە

فرتەوسی دەڵێت: ترەمپ بەدوای كێشە و قەیرانەكاندا دەگەڕا و زۆر خاسیەتی دژبەیەكی هەبوو، رەنگە بایدن لەو رووەوە جیاواز بێت و سیاسەتێكی جێگیر و هاوسنگتری هەبێت.

باسی لەوەش كرد، بابەتی بردنەوەی بایدن نابێتە دڵخۆشییەكی گەورە و سیاسەتی ئەمریكا لە رەشەوە بۆ سپی ناگۆڕێت بەڵام رەنگە بیگۆڕێت بۆ خۆڵەمێشی، وتیشی: ئەگەر بایدن بڕوا بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگییەكان و دەستپێكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بهێنێت و ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق كەمبكاتەوە رەنگە كەمتر لە ترەمپ شەڕەنگێزتر بێت.

فرتەوسی وتیشی: ئەمریكا سیاسەتێكی دەرەكی جێگیری هەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە بەكارهێنانی دەوڵەت و گەلانی دیكە و بەكارهێنانی سامانەكانیان لە بەرژەوەندی خۆی، هاوكات گەڕان بەدوای سەرچاوەكانی داهات و وزەكانی دەرەوەی ئەمریكا ئەمەش هیچ جیاوازییەك ناهێنێتە ئاراوە چ بایدن سەرۆك بێت یان ترەمپ، بەڵام ئەشێت شێوازی مامەڵە كردن و جێبەجێكردنی ئەم سیاسەتە جیاوازی هەبێت و لەو ڕووەوە جیاوازی لەنێوان بایدن و ترەمپ هەبێت.

پڕۆسەی جیاكردنەوەی دەنگەكان لە ئەمریكا هێشتا كۆتایی پێنەهاتووە و جیهان چاوەڕوانی ئەوەیە بزانێت كێ دەبێتە سەرۆكی چوار ساڵی داهاتووی ئەمریكا، هەتا ئێستاش زۆرترین ئەگەر بۆ بردنەوەی بایدن هەیە، كە ئەگەر زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنێت دەبێتە چل و شەشەمین و بەتەمنترین سەرۆكی ئەمریكا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا