حكومەتی هەرێم بە نەخێر وەڵامی پەرلەمان دەداتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
لە بارەی دامەزراندنی خوێندكارە یەكەمەكانی زانكۆو پەیمانگاكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە نەخێر وەڵامی پەرلەمانی كوردستانی داوەتەوەو رایگەیاندووە، ناچنە ژێر باری دامەزراندنی هیچ كەسێكەوە.

ماوەی چەند ساڵێكە خوێندكارە یەكەم‌و دووەم‌و سێیەمەكانی سەر ئاستی بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان دانەمەزراون‌و بەردەوامیش داوا دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو كەسانە وەك پاداشتی سەركەوتوویان لەخوێندن دامەزرێنرێن.

بۆ ئەو مەبەستە پەرلەمانی كوردستان چەند جارێك یاداشی ئاراستەی حكومەتی هەرێم كردووەو بەم دوایانەش حكومەت بۆ ئەو پرسە وەڵامی پەرلەمانی داوەتەوە، بەڵام وەڵامەكەی نەخێر بووە.

لەو بارەوە موسلیم عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: لەسەر ئاستی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و لەسەر ئاستی كەسی چەندین جار سەردانی هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵامان كردووە بۆ ئەوەی وەڵامێكی یەكلاكەرەوەمان پێبدرێت لەبارەی دامەزراندنی یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان، كە حكومەت ئەو بەڵێنەی پێداون.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا وتیشی: لە راستیدا حكومەت و بەرپرسانی حكومەت، بە تایبەت وەزیری دارایی هەم لەسەرۆكایەتیش پێیان راگەیاندین، كە حكومەت لە ئێستادا بەهۆی كێشەی دارایی هەرێمەوە ناچێتە ژێر باری دامەزراندنی هیچ كەسەوە، جگە لەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە نوسراو وەڵامی پەرلەمانی دایەوە، كە لە ئێستادا حكومەتی هەرێم ناچێتە ژێر باریدامەزراندنی هیچ كەسێكەوە، چونكە باری دارایی حكومەتی هەرێم خراپە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەی خوێندن بەم شێوەیە لەمەرگ نزیك دەبێـتەوە، چونكە پێمان وانییە دامەزراندنی ئەو قوتابیانە ئەو بارگرانییە دروست بكات، كە حكومەت لە توانایدا نەبێت موچەیان بۆ دابین بكات، لەئێستادا ژمارەی ئەو خوێندكارانە كە لەماوەی ساڵانی 2016-2017 خوێندیان تەواوكردووەو دانەمەزراون 1200 هەزارو دووسەد خوێندكارن.

جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لەپەرلەمانی كوردستان هەروەها وتی: لەم رۆژانە ئەو خوێندكارانە بڕیارییان داوە جارێكی تر گردبوونەوە بكەن چونكە، ئومێدییان بەم چاوەروانییە نییە لەلایەن حكومەتەوە.

پێشتر ساڵانە حكومەتی هەرێم خوێندكارە یەكەمەكانی پەیمانگاو زانكۆكان لەبەشەكانیان وەك یاریدەدەری توێژەر دادەمەزراند، بەڵام چەند ساڵێكە بەبیانووی قەیرانی دارایی پرۆسەی دامەزراندنیان راگیراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا