داوا دەكرێت گرژی‌و ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكە بەگفتوگۆ چارەسەربكرێت

ئەم بابەتە 39 جار بینراوە

پۆڵەتیك پرێس:
دەستەی دەستپێشخەری كۆنفرانسی نیشتمانی كوردستان لەبەردەم باخی گشتی شاری سلێمانی گردبوونەوەیەكی ناڕەزایی دژی ئاڵۆزییەكانی چەند رۆژی رابردووی نێوان پارتی و پەكەكە ئەنجامدا و ئامادەبووان داوایانكرد بەگفتوگۆ كێشەكان چارەسەربكرێن.

لەگردبوونەكەدا، كە رۆژی شەممە 7ی تشرینی دووەم بەرێوەچوو، ژمارەیەك لایەنی سیاسی و رێكخراوی مەدەنی و كەسایەتی و هونەرمەند بەشدارییان تێداكرد، جوڵاندنی هێز و خولقاندنی بارودۆخی شەڕی براكوژی لەلایەن هەر كەس‌و لایەنێكەوە بێت ئیدانەكرا و بەهۆكارێك بۆ لەدەستدانی دەستكەوتەكان درایە قەڵەم.

ئامادەبووانی گردبوونەوەكە ئەوەیان خستە روو، ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان پارتی و پەكەكە چارەنووسی گەلی كورد بەرەو تونێلێكی تاریك دەبات و ئەگەری هەیە پریشكی ئەو شەڕە لایەنەكانی دیكەش بگرێتەوە، بۆیە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموولایەكە رێگری لەشەڕی ناوخۆبكەین و نەهێڵین پیلانی دوژمنان سەربگرێت.

لە بەشێكی دیكەی گردبوونەوەكەدا ئامادەبووان داوایانكرد لەكاتێكدا چەندین قەیران رووبەرووی گەلەكەمان بووەتەوە و نەیارانی گەلەكەمان چاویان لەسەر تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، پێویستمان بە ئاشتەوایی سیاسی و پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتی و پێكەوە سازانی نیشتمانییە بۆئەوەی قەیرانەكان تێپەڕێنین و ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان دابین بكەین.

ماوەی چەند رۆژێكە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان پارتی و پەكەكە توندتر بووە، لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستانیش هێز و لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتی و رێكخراوەكان لە هەوڵی بەردەوامدان ئەو گرژییانە كۆتاییان پێبهێنرێت، هەریەك لە پارتی و پەكەكەش یەكتری بە دەستپێشخەری ئەنجامدانی ئەو گرژییانە تۆمەتباردەكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک