كلاسیكۆی پارتی و پەكەكە دوا دەخرێت!

كات و شوێن و پلانی یارییەكە گۆڕانكاری بەسەردا هات، توركیای سەردەمی ترامپ بەرشەلۆنەی خولەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، ئەردۆغانیش میسی كوڕە نازدارەكەی ترامپ بوو، گۆڕەپانی یارییەكانیشی كوردستانی باشوورو ڕۆژاواو ئەرمینیاو لیبیاو قوبرس و یۆنان و هەتا دەریای سپی ناوەڕاستیش بوو، پارتیش لایمانێكی باشی ئۆفسایدەكانی توركیاو تۆپهێنەرەوەیەكی نایابی تیمەكەی ئەردۆگان بوو .

بایدن دێت و كات و شوێنی یارییەكان دەگۆڕێت، بەرشەی ئەردۆگان بە ڕیاڵی تاران دەگۆڕێتەوە، ڕوحانیش دەبێتە سەرۆكی تیپ و ئەردۆگانیش خانەنشین دەكرێت .

بۆیە ئەگەر بلیتی یاری كلاسیكۆی پارتی و پەكەكە هەمووشی فرۆشرابێت، بەهۆی پەتای ڤایرۆسی بایدنەوە یارییەكە دوادەخرێت، یان هەر ئەنجام نادرێت .

من لەو باوەڕەدام سیاسەتی بایدن بۆ جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی دێنێتە بەرهەم، سەرنجی شكستەكانی ترامپ بدەن لەكەمكردنەوەی هەژموون و باڵادەستی ئەمریكا لە جیهاندا، لە ناوخۆی ئەمریكاو ئەوروپای هاوپەیمانی و ڕوسیاو چین و نەیارەكانی تری ئەمریكا.

بایدن توركیا دەباتەوە پێگەی ڕاستەقینەی خۆی، وەك هاوپەیمانێكی گوێڕایەڵی ئەمریكا، ئەمریكاو ئەوروپا دێنێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و ڕێكەوتننامە ئەتۆمییەكە زیندوو دەكەنەوە .

لەم نێوەندەدا كوردیش دەبێتەوە هاوپەیمانێكی چالاكی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بۆیە هەموومان دوعا دەكەین: خودایە سوپاس بۆ تۆ لەگەڵ بارانی ڕەحمەتی ئەمساڵدا بایدنت بۆ ناردین، بایدنی دورخەرەوەی شەڕی براكوژی و ماڵوێرانی كوردان .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا