ئەگەرەكانی پێكدادانی سەربازی پارتی‌و پەكەكە زیاتر دەبن

پۆڵەتیك پرێس:
جموجوڵە سەربازییەكانی ئەم دواییەی هێزەكانی پێشمەرگە، كە سەر بەپارتی دیموكراتن لەناوچەكانی بادینان‌و كاردانەوەكانی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە ئەگەرەكانی پێكدادانی سەربازی زیاتر كردووە.

هەفتەی رابردوو نزیكبوو لەوەی هێزەكانی پەكەكەو پارتی بچنە شەڕەوە، دوای ئەوەی بۆمبێكی چێنراو بەكاروانی ئۆتۆمبیلەكانی شاندێكی هێزەكانی پێشمەرگە لەناوچەی كونەماسی چەمامكێ‌ تەقییەوە.

ئەو تەقینەوە بووە هۆی كوژرانی پێشمەرگەیەك‌و برینداربوونی شەش پێشمەرگەی تر، كە بەو هۆیەوە بەرپرسانی پارتی كاردانەوەی توندیان نواندو تەنانەت جوڵەیان بەچەند هێزێكیش كرد.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگاداری ناو هێزەكانی پێشمەرگە، كە بەمەرجی ناونەهێنانی قسەی بۆ پۆڵەتیك پرێس كرد، پارتی لەهەفتەی رابردووەوە هێزی گوڵانی بەرەو ناوچەكانی بادینان جوڵە پێكردووە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، ئەو هێزانە بەرەو ئەو ناوچانە جوڵێنراون، كە بەناوچە نفوسی پەكەكە ئەژمار دەكرێت‌و ئەوەش ئەگەری پێكدادانی زیاتر كردووە.

پێشتریش زۆرێك لەلایەنەكان هۆشدارییان دابوو لەگرژییەكانی نێوان پارتی‌و پەكەكەو بەردەوامیش داوا دەكەن، بەرپرسانی پارتی‌و پەكەكە لەجیاتی شەڕی میدیایی بچنە گفتوگۆوەو كێشەكانیان چارەسەر بكەن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک