پۆڵه‌تیك پرێس:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باس له‌ئاماده‌كارییه‌كان بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی 10ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ده‌كات.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه به پۆڵه‌تیك پرێس-ی وت، داهاتی پێویست بۆ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم له‌به‌رده‌ستدایه، به‌و مه‌رجه‌ی به‌غدا پاره‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم بنێرێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆڵه‌تیك جه‌ختیكرده‌وه له‌وه‌ی، هه‌رێم چاوه‌ڕێیه یاسای قه‌رز له‌په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت و كاتێك وه‌زاره‌تی دارایی عێراق قه‌رزه‌كه‌ی كرد، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی دابه‌شكردنی موچه له‌به‌غدا، 320 ملیار دینار ڕه‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت و وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمیش ده‌ست به‌دابه‌شكردنی موچه ده‌كات.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا توانای دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی له‌واده‌ی خۆی نییه و ناچاره له‌كاتی دابه‌شكردنیدا به‌شێك موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ببڕێت.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆڵه‌تیك ڕه‌تیكرده‌وه هیچ ڕێژه‌یه‌ك بۆ لێبڕین له‌موچه‌ی ئه‌مجاره‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دیاریكرابێت و وتی “له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێم 320 ملیاره‌كه له‌گه‌ڵ داهاتی به‌رده‌ستیدا هه‌ڵده‌سه‌نگێنێت و دواتر بڕیار له‌ڕێژه‌یه‌ك لێبڕین له‌موچه ده‌دات و بۆ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و ڕێژه نوێیه له‌كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری له‌سه‌ر ده‌درێت”.