بایدن لە سەرۆکایەتی نزیکدەبێتەوە و ترەمپیش داوا یاساییەکان دەجوڵێنێت

پۆڵەتیک پرێس

ئەنجامە نزیکەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدنی رکابەری لەسەر حزبی دیموکرات لە پێنج ویلایەتی گرنگ و پەنابردنی کۆمارییەکان بۆ دادگا بووەهۆی ناڕوونی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

ئێوارەی پێنجشەممە ٥ی تشرینی دووەم، جۆ بایدن کاندیدی دیموکراتەکان نزیکبووەوە لە بەدەستهێنانی ٢٧٠ دەنگی کۆمەڵگای هەڵبژاردن، ئەوەش دەرگای کۆشکی سپی لەبەردەمیدا دەکاتەوە، بەڵام هێشتا ویلایەتەکانی ئەریزۆنا، پەنسلڤەینیا، کارۆلینای باکور، جۆرجیا و نیڤادا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکەیان بەنهێنی هێشتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ترەمپ چەندین داوای یاسایی تۆمارکرد بۆ وەستاندنی ژماردنی دەنگەکان لە پەنسلڤەینیا و میشیگن، داواشی کرد دووبارە دەنگەکانی ویسکۆنسن بژمێردرێنەوە و بەرەنگاری دەنگەکانی جۆرجیاش ببنەوە، لایخۆیەوە ترەمپ لە تویتێکدا دەڵێت: ژماردنی دەنگەکان بوەستێنن! ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی سەرۆکەکەی ئەمریکا هەلی بردنەوەی ویلایەتی دووەم لەو دەنگانەی جیاکراونەتەوە بەدیدەکات.

هاوکات، جۆ بایدن لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هیچ گومانێکمان نییە لەگەڵ تەواوبوونی ژماردنی دەنگەکان، بردنەوەی من رادەگەیەنرێت، داواشی لە جەماوەرەکەی کرد ئارام بگرن و پابەندی هێمنی بن هەتا ژماردنی دەنگەکان تەواودەبێت، جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە سەرجەم دەنگەکان بژمێردرێن.

لەنێوان ناڕوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ئێوارەی چوارشەممە خۆپیشاندانەکانی پاڵپشتی لە دۆناڵد ترەمپ لە ویلایەتەکانی پەنسلڤەینیا و میشیگن و ئەریزۆنا دەستیپێکرد، تێیدا خۆپیشاندەران باسیان لە ساختەکاری کرد و وەک پاڵپشتییەک بۆ ترەمپ داوای وەستانی ژماردنی دەنگەکانیان کرد، لە هەمان کاتیشدا، شوێنکەوتووانی بایدن لە ویلایەتەکانی مینیسوتا و ئۆریگن و کالیفۆرنیا و واشنتۆن دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا