هەوڵی لابردنی حەلبوسی دەبرێتە ناو پەرلەمان

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەناو پەرلەمان هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان لە پۆستەكەی دووربخرێتەوە.

سەلیم شووشكەیی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس ئاشكرایكرد، بەشێك لە پەرلەمانتارە سوونەكان دوای جیابوونەوەیان لە حەلبوسی هەوڵی لابردنی دەدەن، بەڵام بەگشتی كورد و سەدرییەكان و بەشێكی زۆر لە سووننەكانیش لەگەڵ لابردنی حەلبووسی نین.

باسی لەوەشكرد، حەلبوسی لە ئێستادا كوتلەیەكی هەیە لە ناو پەرلەمان نزیكەی 30 بۆ 35 كەس دەبێت، سەدرییەكانیش پشتیوانی لێدەكەن و كوردیش بە فەرمی پشتی لێ نەكردووە، هەرچەندە لە ناو كوردیش هەندێك لایەن هەن لەگەڵ لابردنی ناوبراون، بەڵام لەوانەیە لابردنەكەیان بە مەرج قبوڵ بێت.

سەلیم شووشكەیی ئاشكراشیكرد، هەوڵەكە تەنها بۆ لابردنی حەلبووسی نییە، بەڵكو بۆ لابردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە كە لە سەرۆكی پەرلەمان و دوو جێگرەكەی و بڕیاردەر و سكرتێر پێكدێن.

بەپێی زانیارییەكانیش ژمارەیەك لەو پەرلەمانتارانە لەلایەن ئوسامە نجێفی سەرۆكی پێشووی پەرلەمانەوە پشتیوانی دەكرێن و هەوڵدەدەن لە هەفتەی داهاتوودا بۆ پرسی سەندنەوەی متمانە لە حەلبوسی واژۆ كۆبكەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا