“پارتی دەیەوێت ئاڵۆزییەكان وەك كێشەی پەكەكەو پێشمەرگە پیشان بدات”

پۆڵەتیك پرێس

دواین رێككەوتنی بەغداو هەرێم لەبارەی بەڕێوەبردنی شەنگالەوە، دەرگای ململانێیەكی نوێی لەنێوان پارتی و پەكەكە كردەوە، چونكە بەپێی رێككەوتنەكە پێویستە ئەو هێزانەی كە لە بەڕێوەبردنی شەنگال بەشدارن و نزیكن لە پەكەكە، ئەو شارە جێبهێڵن.

ئەو رێككەوتنەش نیگەرانی پەكەكەی لێكەوتەوەو ئەو هێزانەی لێیەوە نزیك بوون رەتیانكردەوە ئەو ناوچانە جێبهێڵن، لەوكاتەشەوە تائێستا بەشێك لە میدیاكانی پارتی دەیانەوێت ئەو ئاڵۆزییەی كە هەیە لە پارتی دوور بخەنەوەو وەك كێشەی پەكەكەو هێزی پێشمەرگە وێنای دەكەن.

 

رێككەوتنی بەغداو هەرێم لەبارەی بەڕێوەبردنی شەنگالەوە، دەرگای ململانێیەكی نوێی لەنێوان پارتی و پەكەكە كردەوە

بەرئەنجامی گرژییەكانی پارتی و پەكەكە بوونە هۆكاری ئەوەی لە گوندی چەمانكێی سەر بە قەزای ئامێدی لە سنووری پارێزگای دهۆك بۆمبێك بە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی زێرەڤانیدا بتەقێتەوەو بەهۆیەوە كەسێكیان كوژراو چەند كەسێكی دیكەشیان بریندار بوون.

 

میدیاكانی پارتی تەنها پەكەكە تۆمەتبار دەكەن، بەڵام باس لە پێشێلكارییەكانی توركیا ناكەن كە بەردەوام خاكی هەرێم بۆردومان دەكات

ناكۆكییەكانی ئەو دوو لایەنە هەر بە پرسی شەنگالەوە نەوەستا، بەڵكو سەری بۆ ململانێی دیكەش كێشا، ئەوەش دوای ئەوەی رۆژی 26ی مانگی رابردو ئەنجومەنی ئاسایش لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەكرد، پەكەكە نیازی كاری تێكدەرانەی لە هەرێم” هەیە.

لەبەرامبەریشدا پەكەكە وەڵامی راگەیەنراوەكەی دایەوەو تۆمەتەكانی رەتكردەوە، دواتریش مەكتەبی سیاسی پارتی بەشێوەیەكی توند وەڵامی پەكەكەیان دایەوە.

حكومەتی هەرێم و میدیاكانی پارتی كێشەكەیان لە پارتی دوور خستوەتەوەو وانیشانی دەدەن ئەو ئاڵۆزییە لەنێوان پەكەكەو هێزی پێشمەرگەدایە، نەك پارتی و پەكەكە

ئەوەی جێی سەرنجە سەرەڕای ئەوەی ململانێی نێوان پەكەكەو پارتی بەئاشكرا هەستی پێدەكرێت و خۆشیان لە بەیاننامەكانیاندا گرژییەكانی نێوانیان باسكردووە، بەڵام حكومەتی هەرێم و میدیاكانی پارتی كێشەكەیان لە پارتی دوور خستوەتەوەو وانیشانی دەدەن ئەو ئاڵۆزییە لەنێوان پەكەكەو هێزی پێشمەرگەدایە، نەك پارتی و پەكەكە.

لیوا قارەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆكی ئەركان بۆ ئۆپەراسیۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەو روداوە بەوجۆرە بوو كە هێزێكی زێرەڤانی ویستویانە بنكەیەكی سەربازی لە گوندی چەمانكێ سەر بە قەزای ئامێدی دابنێنن، لەئەنجامدا بۆمبێكی چێنراو پێیاندا تەقیوەتەوە و كوژراو برینداری لێكەوتوەتەوە.

وتیشی، “ئەو پێشمەرگانە بێئاگا بوون لە بۆمبڕێژكردنی ئەو شوێنە، ئەگەرنا ئەوانیش نەدەچوونە ئەو جێگەیە، جەختدەكەینەوە هیچ شەڕێك لەنێوان پەكەكە و هێزی پێشمەرگە رووینەداوە”.

هاوكات پەرلەمانتارانیش باس لەوە دەكەنن میدیاكانی پارتی تەنها پەكەكە تۆمەتبار دەكەن، بەڵام باس لە پێشێلكارییەكانی توركیا ناكەن كە بەردەوام خاكی هەرێم بۆردومان دەكات.

باڵامبۆ محەمەد ئەندامی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، شەڕی ناوخۆ لە نەهامەتی و قوڕ بەسەری زیاتر بۆ خەڵكی هیچی تری لێناكەوێتەوەو كورد براوە نابێت تێیدا، بەڵكو نەیارەكانی كورد سوودمەند دەبن لەو شەڕەدا.

ئەندامەكەی لیژنەی ناوخۆو ئاسایش ئەوەی خستەڕوو، راگەیاندنەكانی پارتی پەكەكە بە تاوانبار دەزانێت، بەڵام باسی توركیا ناكەن كە چەندین بارەگای لە هەرێم كردوەتەوە و بۆردومانی خاكی هەرێم دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا