پۆڵەتیك پرێس
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایدەگەیەنێت:”بە پێی ڕێنماییە تەندروستیەكان ئەگەر بزانین دۆخەكە وا دەخوازێت ئەوا بە دڵنییاییەوە هەموو شوێنە گشتییه‌كانی مه‌ترسین بۆ كۆرۆنا داده‌خه‌ین”.
ته‌ندروستی سلێمانی پێشنیازی بۆ لیژنه‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا له سلێمانی كردوه، مزگه‌وت و یانه شه‌وانه‌كان و زۆر جێگه‌ی دیكه كه هۆكاری بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنان دابخرێت، له‌وباره‌یه‌وه هێرش سه‌ید سه‌لیم، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی به پۆڵه‌تیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “وەك تەندروستی سلێمانی داوامانكردووە، هەندێك لە شوێنە گشتییه‌كان دابخرێت، بەڵام تا ئێستا نەبۆتە بڕیار، ده‌مانه‌وێت بزانین بارودۆخەكە بەرەو كوێ دەڕوات”.
جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستی سلێمانی وتیشی، “داوامانكردووه مزگەوت و پرسەو كافتریا‌و بۆنەكان ڕێگه‌یان پێنه‌درێت و لە هیچ شوێنیك نه‌كرێنه‌وه، بەڵام تا ئێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە”.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه د.ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی:”پاش داخستنی خوێندنگاكان و بریاری سزادان بۆ ئەو كەسانەی ماسك نابەستن، ناتوانین لە ئێستادا بڵێین ڕێژەكە زیادی كردووە یاخود كەمی كردووە، چونكە لە دوای 15 رۆژ ئێمە دەتوانین توێژینەوەی ئەو بابەتە وەربگرین”.
وتەبێژی وەزارەتی تەندورستی سەبارەت بە توندكردنی بریارەكان وتی:”هەركات بزانین دۆخی توشبوانی كۆرۆنا روو لە زیاد بون دەكات و مەترسی زیاتری هەیە و رێژەكە ڕوو لە هەڵكشان ده‌كات، بێگومان ئەو كات بریاری داخستنی هەمو شوێنەكان دەدرێت كە بەریەككەوتنی هاوڵاتیانی زیاترە، بەڵام لە ئێستادا بڕیارێكی لەو شێوەیە نیە”.