كازمی بۆ شەڕی پەرلەمان دەست بەجوڵە دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەرەو پێكهێنانی فراكسیۆنێكی سیاسی تایبەت بەخۆی هەنگاو دەنێت، ئەوەش بەمەبەستی بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان، كە بڕیارە لە حوزەیرانی ٢٠٢١ ئەنجامبدرێت.

بەپێی سەرچاوەیەكی نزیك لەكازمی، ئەم چەند رۆژەی دوایی چەند كۆبوونەوەیەكی چڕ لەنێوان سەرۆك وەزیران و تیمە سیاسییەكەی بەڕێوەچووە، بەمەبەستی برەودان بەپڕۆژەی پێكهێنانی فراكسیۆنە سیاسییەكە وەك فراكسیۆنێكی مەدەنی جێگیر، كە تێیدا گەنجان رێژەی ٪٩٠ی ئەندامانی پێكدەهێنن بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی پێشوەختە.

هاوكات، تاوتوێی چەند ناوێكی جیاواز بۆ فراكسیۆنەكە كراوە لەوانەش “قۆناغ، المرحلە” و “سەرەتا، البدایە”، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەسەر هیچ كام لەو ناوانە نەدراوە تا لەبەڕێوەبەرایەتی حیزبەكان لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆماربكرێت.

تاوتوێی چەند ناوێكی جیاواز بۆ فراكسیۆنەكە كراوە

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد، فراكسیۆنەكەی كازمی ئەو چالاكوانە دیارانە لەخۆدەگرێت، كە لە خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەم رۆڵی باڵایان هەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا تیمە سیاسییەكەی سەرۆك وەزیران زۆرینەیان رۆژنامەنووس و میدیاكار و كەسانی ئەكادیمین، ئەوەش هاتووە چەندین كۆبوونەوە ئەنجامدراوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر راكێشانی چەندین كەسایەتی نوێ بۆناو فراكسیۆنەكە كە بڕیارە لە هەڵبژاردنی پێشوەختە ببێتە ركابەری حزبە تەقلیدیەكان، بەتایبەت لە بەغدا و باشوری عێراق، جەختی لەوەشكردەوە، كازمی دەبێتە سەرپەرشتیار و دامەزرێنەتی فراكسیۆنەكە بەڵام مەرج نییە خۆی كاندید بكات.

لەكاتێكدا لە رۆژی یەكشەممەی رابردووەوە نوسینگەی سەرۆكی حكومەت داوای لێبوردنی كرد لەسەر پێدانی ئەم زانیارییانە، نەدا شاكر جەودەت پەرلەمانتار لەسەر لیستی هاوپەیمانی نەسر جەختی لەوە كردەوە، پێشتر بەجۆرێك لە جۆرەكان مەرج خراوەتە بەردەم كازمی بەر لەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران وەربگرێت، كە نابێت بە هیچ شێوەیەك حزب پێكبهێنێت و بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات و ئەم مەرجەشی پەسەند كرد.

وتیشی: لەسەر رۆشنایی قایلبوونی كازمی بە مەرجی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكان متمانەی پێبەخشرا، ئێمە ئێستا سەرمانسوڕماوە لەو زانیارییانەی باس لەوە دەكەن كە سەرقاڵی پێكهێنانی فراكسیۆنی تایبەت بە خۆیەتی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان، هاوكات، كازمی بەوە تۆمەتبار كرد كە پۆست و دەسەڵاتەكانی بۆ بەدیهێنانی دەستكەوتی سیاسی و هەڵبژاردن بەكاردەهێنێت، بۆیە چووەتەپاڵ چالاكوانان لە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان تا رەزامەندی و دەنگی زۆرینەیان بەدەستبهێنێت.

پێشتر لەسەر رۆشنایی قایلبوونی كازمی بە مەرجی بەشداری نەكردن لە هەڵبژاردنەكان متمانەی پێبەخشرا

جەودەت هەروەها وتی: كازمی لەگەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ٢٠١٩ كۆمەڵەی تایبەت بە خۆی لە ریزی خۆپیشاندەران هەبوو، لە ئێستاشدا سەرقاڵی پێكهێنانی فراكسیۆنەكەیەتی زیاتر لەوەی سەرقاڵی چارەسەری قەیرانەكانی عێراق بێت بەتایبەتیش قەیرانی دارایی كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان هەیە.

بەپێی قسەی كەسانی نزیك لە كازمی، لەم كاتەدا، هێزە سیاسییەكان ترسی ئەوەیان هەیە سەرۆك وەزیرانی عێراق پۆستەكەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی لەهەڵبژاردنەكان بەكاربهێنێت، بۆیە ئەو هەنگاوەی كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە.

هاوكات غەزنەفەر بەتیخ سەركردەی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، هیچ یاسایەك نییە رێگری لە سەرۆك وەزیران بكات بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكان، بەڵام پێشتر رێككەوتی سیاسی هەبووە بۆ رێگریكردن لە هەر سەرۆك وەزیرانێك كە سەركردایەتی حكومەت بكات بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان.

هیچ یاسایەك نییە رێگری لە سەرۆك وەزیران بكات بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكان

بەتیخ وتیشی: چەند ترسێكی سیاسی هەیە كازمی پۆستەكەی بۆ ئامانجەكانی هەڵبژاردن بەكاربهێنێت بەتایبەت لەدوای ئەوەی هەستا بە دامەزراندنی زۆرێك لە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان وەك راوێژكاری خۆی بە ئامانجی بەدەستهێنانیان تا ببنە بەشێك لە فراكسیۆنەكەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەم پۆست بەكارهێنانەش ململانێكی هەڵبژاردن دەكاتە ململانێیەكی نایەكسان و ناپاك.

لەلایەكی دیكەوە، محەمەد تەمیمی شیكەرەوەی سیاسی عێراقی رایگەیاند، بەپشتبەستن بە داتاكان كازمی و فراكسیۆنەكەی كاریگەرییان لە قۆناغی داهاتووی سیاسی و ركابەری هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت بەتایبەت لەو شارانەی زۆربەی دانیشتوانیان شیعە مەزهەبن.

وتیشی: رەنگە كازمی و فراكسیۆنەكەی نزیكەی ٢٠ كورسی پەرلەمان بەدەستبهێنن و زۆربەی ئەندامانی ئەو گەنجانە بن، كە رۆڵی گەورەیان لە شۆڕشی تشرین هەبوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا