ژنێک لەدەرەوەی وڵات و لەناوەوەی زمان

نووسینی: نیهاد جامی

نەوەیەک لەناو ئەدەبی گێڕانەوە دەرکەوتووە، دەیەوێت گوزارشت لەخۆی بکات، ئەو نەوەیە نایەوێت لەناو گێڕانەوەی ئەوانیتردا بمێنێتەوە، هاتوون تاوەکو وەک ئەوەی دەیانەوێت ئاوا دەگێڕنەوە، ئەو نەوە نوێیەی گێڕانەوە لەنێوان نۆڤلێت و رۆماندا دەرکەوتوون، ئەژین عەبدولخالق یەکێکە لەناوەکانی ئەو نەوەیە، من بۆ خۆم ئەوە سێیەم ڕۆمانیەتی کە بیخوێنمەوە، وێنەیەکیتر لەناو ئەو گێڕانەوەیەدا دەبینین، دەشێت کەسانێک نەیانەوێت دان بەتوانای ئەو نەوەیە بنێن، یاخود بەمەبەستەوە بیانەوێت کارەکان کەمبایەخ بکەن، بۆ ئەوەش پەنا دەبەنە بەر بێدەنگی، ئەو بێدەنگیەی ئەوان لەهیچ کاتێکدا توانای شاردنەوەی ئەفسوونی جوانی نەوە نوێیەکانی نیە، بەڵکو تەنیا گەمەیەکی ئەوانە لەو نێوەندەدا.

رۆمانی ” ژنەکان وڵاتیان نییە” لێدانە لەو خەونی ئومێدەی مرۆڤی کوردیی بەخۆرئاوای دەبەخشێت وەک بەهەشتێک، ئێرە و ئەوێ دوو رووبەری ترسناکی ژیانن، شەڕی مرۆڤی کوردی لەوێی نیشتیمان و ئێرەی غوربەت خولقاندنی ململانێی نێوان ژیان و مەرگ نیە، هێندەی بازنەیەکە تیایدا شوێن ئازاری خۆی هەیە، ئەوە گەڕانەوەیە بۆ ناو یادەوەری نەوەیەک کەوا تیایدا ژیا، بە ئومێدی دەربازبوون خۆی لێرە بینیەوە، ئێرەی ئازار.

کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە مۆتیڤی مرۆڤێکە لەنێوان خەون و ڕاستیدا، هەموو ساتێک دەبێت چاوەرێی ئەوە بین ئەوە خەون نەبێت و ڕاستی بێت، وەک چۆن نابێت دڵخۆش بین ئەوە ڕاستیە لەپڕ دەبینین تێکڕای خەون بوو.

ئێمە لەبەردەم وێنەیەکی ڕاستی سەفەرداین، ڕووی دووەمی سەفەر کوشتنی ڕەهەندە فانتازیاکەی خۆرئاوایە، ئەوە دیووە ڕاستەقینەکەیەتی، پێویستە ئەو ڕووە ببینین، کە حەقیقەت وێنەیەکە بەو پەڕی بوێریەوە مرۆڤێک تیایدا دەیەوێت بگۆڕێت، دەیەوێت ببێت بە خۆرئاوایی، نەستی هەمیشە دەیباتەوە نیشتیمان و عەقڵ لێرە دەیهێلێتەوە، ترس لەمەرگ فۆبیای کارەکتەرە دەشێت مناڵەکەی خۆی بیکوژێت، چونکە ناتوانێت خۆی لەو پەیوەندیە کوردیە خالی بکاتەوە، لەکاتێکدا دەزانێت ئەو عەشقەی هەیەتی دەشێت بەرەو کۆتایی بڕوات چونکە ئامادەگیە نەستیەکەی کە خێزان وماڵی باوانە ناتوانن قبوڵی بکەن، لەکاتێکدا ئەوە عەقڵە دەڵێت خانەوادەی نەرویجیەکە خۆشەویستیەکەی تۆیان قبووڵە و وەک بەشێک لەخێزانی نوێ سەیرت دەکەن، سەرەنجام ئێمە لەنێوان (ئێرە/ ئەوێ) و (خەون/ حەقیقەت) ڕووبەرووی دوالیزمێک بووینەتەوە تامردن لەو دڕدۆنگیە دەژین، کێشەی شوناسی بوون وەک خود و وەک نەتەوە گرفتی سەرەکی ئێمەیە، شەڕ لەسەر شوناسێک دەکەین کە گرفتی بوونە، زمان ئەو ماڵەیە لەڕێی ڕۆمانەوە دەیەوێت دردۆنگی ئێمە بگوازێتەوە بۆ ناو نووسین وتا هەر نەبێت بتوانین لەوێ وێنای خۆمان بکەین.

ڕۆمانی “ژنەکان وڵاتیان نییە”ی ئەژین عەبدولخالق لە سەرەتای ئەمساڵدا لەلایەن ناوەندەی ڕۆشنبیری رەهەندەوە لە دووتوێی ٢١٨ لاپەڕەدا بڵاو کرایەوە. 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا