پۆڵه‌تیك پرێس
تادێت گرژییه‌كانى نێوانى پارتى و په‌كه‌كه زیاتر ده‌بێت و لێدوانى توند و شه‌ڕى راگه‌یاندن له‌نێوان هه‌ردوولا گه‌رمترده‌بێت، ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیش ده‌ڵێت: “به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى هه‌یه پێكدادان و ده‌ستپێكردنى شه‌ڕ نزیكه”.
ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان بۆ پۆڵه‌تیك پرێس وتى: “پێویسته هه‌ردوولایه‌ن دان به‌خۆیاندا بگرن و هه‌وڵبده‌ن پێكدادان دروست نه‌بێت، لایه‌نه‌سیاسییه‌كانى دیكه‌ش وه‌كو ئه‌ركێكى نیشتمانى و نه‌ته‌وه‌یى مرۆڤایه‌تى هه‌ركه‌س لاى خۆیه‌وه هه‌وڵبدات رێگرى له هه‌ڵگیرسانى ئه‌و شه‌ڕه بكات.
به‌وته‌ی ئارێز عه‌بدوڵڵا، “ئه‌و شه‌ڕه ته‌نها زیانى بۆ پارتى و په‌كه‌كه نیه، زیانى بۆ هه‌موو هه‌رێمى كوردستان و نه‌ته‌وه‌یى كورد هه‌یه و ته‌نها دوژمنانى كوردستان سودمه‌ند ده‌بن له شه‌ڕێكى وا ئه‌گه‌ر هه‌ڵبگیرسێت”.
له باره‌ى لێدوانى توندى هه‌ندێك له به‌رپرسانى حكومى و فه‌رمانده‌كانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه له‌سه‌ر گرژییه‌كانى پارتى و په‌كه‌كه، ئارێز عه‌بدوڵڵا وتى: “له‌ناو حكومه‌ت ئاراسته‌ى پارتى له گرژى و ململانێدایه، نه‌بووه‌ته بڕیارى حكومه‌ت، ئه‌گه‌ر بڕیارى حكومه‌ت بێت ده‌بێت هه‌رسێ لایه‌نى به‌شدار له حكومه‌ت پێكه‌وه بڕیاربده‌ن، ئێستا ململانێ و گرژییه‌كه له‌ناو پارتى و په‌كه‌كه‌یه، هه‌ربۆیه فه‌رمانده‌كانى سه‌ر به پارتى و فه‌رمانبه‌رانى سه‌ر به پارتى وه‌كو پارتى بیرده‌كه‌نه‌وه یان هه‌مان هه‌ڵوێستى پارتییان هه‌یه”.