(داگیرکردنی تاریکی)، نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی بڵاو کرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

(داگیرکردنی تاریکی) نوێترین ڕۆمانی بەختیار عەلی بڵاو کرایەوەو لە رۆژی سێشەممە ٣ ی ١١ ی ٢٠٢٠ وە لەبەردەستی خوێنەراندا دەبێت.

ڕۆمانەکە 722 لاپەڕەی قەوارە گەورەیە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەندەوە بڵاو کراوەتەوە.

ساڵ کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی دووەمە، تورکەکان کە لە ساڵی 1941 دا لە ئەنکەرە گرێبەستی دۆستایەتییان لەگەڵ نازییەکاندا مۆرکردوە، لە شوباتی 1945 دا بە پەلە جەنگ دژ بە ئەڵمانیا و یابان ڕادەگەێنن، هەنگاوێک هیچ کاریگەرییەکی لەسەر ڕەوتی جەنگ نییە و تەنیا دەریدەخات تورکان چاوەڕوانیانکردوە کێ جەنگ دەباتەوە تا ببنە پاشکۆی ئەو.

لە ڕۆژگارێکی وەهادا، کاتێک دەوڵەتی تورک خۆی بۆ دونیای دوای جەنگی جیهانی ئامادەدەکات، تاریق ئاکانسوی کەمالیست دەگاتە ئامەد، ئەو خەونەی کە لە خەیاڵیدایە ئەوەیە پڕۆژە گەورەکەی ئەتاتورک بگەێنێتە کۆتایی دەربارەی دامەزراندنی دەوڵەتێک بە یەک ئاڵا و یەک زمان و یەک نەتەوەوە. لەو دەمەدا بزووتنەوەی چەکداری کورد گەلێک گورزی کوشندەی خواردوە و بێدەنگیی و ترسێکی قووڵ باڵی بەسەر کوردستاندا کێشاوە.

ڕۆمانی “داگیرکردنی تاریکی” ئاوڕدانەوەیەکی درێژە لە ژیانی بنەماڵەی ئاکانسو، خێزانێکی بچوک کە چارەنوسیان دەبەسترێتەوە بەچارەنوسی پڕۆژە مەحاڵەکەی ئەتاتورکەوە.

ڕۆمانەکە لە هەمان کاتدا ئاوڕدانەوەشە لە کاریگەریی مێژوو لەسەر ژیان و کاراکتەری مرۆڤەکان. سەفەرێکە بە مێژووی مۆدێرنی تورکیادا و تێڕامانە لە سروشتی ئەو هەموو وزە توندوتیژەی لە هەناوی ئەو مێژووەدا خەوتووە. وردبوونەوەیە لە سروشتی فاشیزمی تورکی و لە هەموو ئەو کاراکتەرە جیاواز و دژ بە یەکانەی ئەم مێژووە دروستیکردون. ئەم ڕۆمانە تێڕامانە لە جیهانبینی کۆلۆنیالیستی تورکی و لەو دیوارەی کە کەسی کۆلۆنیالیست لە خەڵکانی ژێردەست جیادەکاتەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا