پۆڵەتیك پرێس:
زەردەشت بابان ئەندامی پارتی كۆماری لە ئەمریكا لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس تیشك دەخاتە سەر هەڵبژاردنی ئەمریكاو دەڵێت: بێگومان گۆڕانكاری لەسەرۆك گۆڕانكاری لەسیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەش دروستدەكات.
زەردەشت بابان هەر لەچاوپێكەوتنەكەی پۆڵەتیك پرێس دەشڵێت: ئەم هەڵبژاردنە بڕیاردەدات ئاراستەی ئەمریكا و ژیانی هاوڵاتی ئەمریكی چۆن دەبێت لەنێوان دوو كەسدا یان لەنێوان دوو سیاسەتدا، كە هیچ نزیكییەك نییە لە نێوانیاندا
هەروەها باس لەوەش دەكات، كورد شارەزای نییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتی نە ترەمپ نە بایدن سودیان نییە بۆ كورد، چونكە بە شێوەیەكی راستەوخۆو لە سیاسەتی دەرەوەیاندا شتێكیان بۆ كورد پێ نییە.
پۆڵەتیك پرێس: هەڵبژاردن لە ئەمریكا چی دەگۆڕێت؟ گۆڕانكاری لەسەرۆكەكاندا تاچەندە دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لەسیاسەت و ستراتیجی ئەمریكا لە ناوخۆو دەرەوە؟
زەردەشت بابان: تێگەشتنێكی زۆر هەڵەیە بەتایبەتی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێك جار دەوترێت خەڵك دەڵێت با سەرۆكی ئەمریكاش بگۆڕێت، هیچ كاریگەری نابێت لەسەر سیاسەتی ئەمریكا بەڕاستی ئەو بۆچوونە زۆر هەڵەیە، گۆڕینی سەرۆك لە ئەمریكا واتە گۆڕانكاری لەسیاسەتی ناوخۆ و دەرەوە، چونكە سیاسەتی دەرەوە بەو شێوە كلاسیكییە كارناكات، كە لەدوای جەنگی حیهانی دووەمەوە كاری كردووە، لەدوای جەنگی عێراقەوە لەسەرەتای دوو هەزارەكاندا لە كاتی جۆرج بۆشەوە سەرۆكی ئەمریكا رەهەندێكی دیكەی وەرگرتووە، بێگومان گۆڕانكاری لەسەرۆك گۆڕانكاری لە سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەش دروستدەكات.
پۆڵەتیك پرێس: گرنگی ئەم خولەی هەڵبژاردنی ئەمریكا بەراورد بە خولەكانی رابردوو لە چیدایە لەم قۆناغەدا بۆ ئەمریكا؟
زەردەشت بابان: مێژووی ئەمریكادا كە لە ساڵی 1779 ەوە دەستوور نووسراوەتەوە هەتا ئەم كاتە ئەمە گرنگترین هەڵبژاردن دەبێت، ئەم هەڵبژاردنە بڕیاردەدات ئاراستەی ئەمریكا و ژیانی هاوڵاتی ئەمریكی چۆن دەبێت لەنێوان دوو كەسدا یان لەنێوان دوو سیاسەتدا، كە هیچ نزیكییەك نییە لە نێوانیاندا، لەسەر چەندین پرسی پەیوەست بە ئەمریكا و هاووڵاتی ئەمریكی ئێمە لەگەڵ دیموكراتەكان جیاوازین لەوانە (بیمەی تەندروستی، باج، پرسی كۆچبەران، لەلاربردنی منداڵ، دادگای باڵای ئەمریكا) هەر بۆیە ئێمە و دیموكراتەكان دوو جیهانی جیاوازین نە ئێمە ئەوانمان بەدڵًە و نە ئەوان ئێمەیان بەدڵە، ئەگەر ئێمە سەركەوین كۆتایی دیموكراتەكانە و ئەگەر ئەوان سەركەون كۆتایی كۆمارییەكانە.
پۆڵەتیك پرێس: تا چەندە ئەوە راستە ئێران و روسیا هەوڵی دەستوەردان دەدەن لە هەڵبژاردنی ئەمریكا
زەردەشت بابان: ئەمە شتێكی نوێ نییە، لەوەتەی هەڵبژاردن بووە بەشێوەی دیجیتاڵ لە ئەمریكا، زۆربەی وڵاتەكان هەوڵی دەستتێوەردان دەدەن لە هەڵبژاردنی ئەمریكا لەوانە ئێران و چین و رووسیا، بەڵام ئاسان نیە وڵاتێكی وەكو ئێران یان رووسیا بتوانن دەست بخەنە ناو هەڵبژاردنی ئەمریكا.
پۆڵەتیك پرێس: ئەو وڵاتانەی ترامپ بەشێوەیەكی توند مامەڵەی لەگەڵ كردوون پێیان خۆشە بایدن سەربكەوێت، ئەم وڵاتانە بۆ حەز بەسەركەوتنی بایدن دەكەن؟
زەردەشت بابان: بۆ شوێنێكی وەكو ئێران بایدن دەڵێت، كە بووم بەسەرۆك دەچمەوە ناو گرێبەستەكەی ئێران و پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە نیویۆرك بەردەدەم، ئەمە لەكاتێكدا سەرۆك ترەمپ پارەكانی ئێرانی بلۆككردووە و سوپای پاسدارانی خستووەتە ناو لیستی تیرۆرەوە، زۆربەی وەزیرەكانی ئێران ناتوان بازرگانی لەگەڵ هیچ وڵاتێك بكەن، یان وڵاتێكی وەكو رووسیا كە ترەمپ گەورە ترین و قورسترین ئابڵۆقەی خستووەتە سەر ئەوانەی كە نزیكی پوتنن بە نەمانی دۆناڵد ترەمپ، بایدن دێت ئابڵۆقەكان لەسەر رووسیا لا دەبات، وڵاتێكی دیكە ئەڵمانییایە بە ئاشكرا بەمیدیا و خودی میركلەوە خەریكی ئەوەن بایدن دەرچێت.
بەشێوەیەكی گشتی وڵاتە ئەوروپییەكان حەزناكەن ترەمپ دەربچێتەوە چونكە لیبرالیزمی ئەوروپا دەكەوێتە مەترسییەوە.
پۆڵەتیك پرێس: لە كوردستان بۆچوونێك هەیە پێی خۆشە جۆبایدن سەربكەوێت، گوایە ئەمە بۆ بەرژەوەندی كورد گرنگە، تاچەندە بۆ كورد گرنگە رۆڵێكی هاوسەنگ ببینێت لەسەر هەڵبژاردنی ئەمریكا یان لانی كەم بێدەنگ بوون باشتر نیە؟
زەردەشت بابان: خۆشم كوردم بەڵام بەراستی كورد لەبارەی شتێكەوە كە زانیاری نیە قسە نەكات باشترە، كورد شارەزای نییە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بەشێوەیەكی گشتی نە سەرۆك ترەمپ نە بایدن سودیان نییە بۆ كورد بە شێوەیەكی راستەوخۆو لە سیاسەتی دەرەوەیاندا شتێكیان بۆ كورد پێ نییە.
پۆڵەتیك پرێس: پێشبینیتان بۆ هەڵبژاردنی ئەمریكا چییە، پێتان وایە دۆناڵد ترەمپ بۆ چوار ساڵی دیكە لە كۆشكی سپی بمێنێتەوە؟
زەردەشت بابان: لەهەڵبژاردنی ئەمریكادا دوو شت هەیە كە پێی دەوترێت، سیاسەتی هەڵبژاردن و ماتماتیكی هەڵبژاردن، سیاسەتی هەڵبژاردن وەكو ئەو راپرسییانەی دەكرێت، ئێستا راپرسی زۆر پشتی پێنابەسترێت، چونكە هەرلایەك دێت راپرسی بەو كەسانە دەكات كە لایەنگری خۆینی، لایەنی دووەم بریتیە لە ماتماتیكی هەڵبژاردن كە ئەمەیان بڕیاردەدات كێ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا نەك سیاسەتی هەڵبژاردن، هەڵبژاردنی ئەمریكا لەسەر ئاستی نیشتمانی نیە لەسەر ئاستی ویلایەت بە ویلایەتە، ئێمە هیچ گومانێكمان نیە تكساس دەبەینەوە “لەهەڵبژاردنی ئەمریكاشدا ئەگەر تكساس نەبەیتەوە دەرناچیت”.
سەرۆكی ئەمریكا پێویستە 270 خاڵی هەبێت، ئێستا بایدن 55 خاڵی كالیفۆڕنیا و 42 خاڵی نیویۆركی هەیە، ئێمەش وەكو كۆمارییەكان ئەگەر لە سەعاتی یەكەمی هەڵبژاردن لە كۆمەڵێك ویلایەت كە بریتین لە فلۆریدا و تكساس و جۆرجیا و پەنسلڤینیا و میشیگن نەیبەینەوە بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو خاڵانەی كالیفۆرنیا و نیویۆرك بكەینەوە ئەوە بایدن دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا، لەلایەكی دیكە ئەو دەنگانەی تائێستا دراون (95 ملیۆن كەس) دەنگی داوە ئەگەر ئاشكرابكرێن دەزانرێت كێ دەبێتە سەرۆكی ئەمریكا.