حکومەت دەیەوێت شکستی خۆی بخاتە ئەستۆی پەرلەمان

پۆڵەتیک پرێس

لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق حکومەتی بەوە تۆمەتبار کرد کە دەیەوێت شکستی خۆی لە دابین نەکردنی موچەی فەرمانبەران بخاتە ئەستۆی پەرلەمان.

نەدا شاکر جەودەت ئەندامی لیژنەکە رایگەیاند، حکومەتی عێراق دەتوانێت موچەی فەرمانبەران دابین بکات بە بێ ئەوەی دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای قەرز بدرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکومەت دەتوانێت قەرز لە بانکی ناوەندی و بانکەکانی دیکە بکات و دواتر کە بڕیار لەسەر پڕۆژە یاسای قەرز درا ئەو بڕە پارەیە بگەڕێنێتەوە بۆ بانکەکان.

باسی لەوەش کرد، حکومەتەکەی مستەفا کازمی بە ئەنقەست دابەشکردنی موچەی فەرمانبەران دوادەخات، دەشڵێت: ئەم دۆسیەیە بۆ رەشکردنی پەرلەمان بەکاردەهێنێت تا ناچاری بکات دەنگ بە پڕۆژە یاسای قەرز بدات.

جەختی لەوەش کردەوە، ناکرێت لەڕێی ئەم پڕۆژە یاسایەوە وڵاتەکە وێران بکەین چونکە پێویستە زۆر گۆڕانکاری لە یاساکاندا بکرێت و دواتر بە مەرج دەنگی پێبدرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، موچەی فەرمانبەران راستەوخۆ لەدوای بڕیاری پەرلەمان لەسەر پڕۆژە یاسای قەرز دابەش دەکرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا