ئێران كار بۆ گۆڕینی سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
سەرچاوەیەكی سیاسی لەبەغدا ئاشكرایكرد، ئێران پلان دادەنێت بۆ گۆڕینی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق بەر لەهەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان، كە بڕیارە لە هاوینی ساڵی داهاتوو ئەنجامبدرێت، بەڵام خواستەكانی رووبەڕووی ئاستەنگی جددی دەبنەوە.

رۆژنامەی عەرەب بڵاویكردەوە، ئێران هەریەكە لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران‌و بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆمارو محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان لەخانەی هاوپەیمانانی سعودییەو ئەمریكا لەقەڵەمدەدات بەتایبەت لەدوای ئەوەی بەهۆی خۆپیشاندانەكانی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق‌و هاوپەیمانیان لەسەر كار لابرا.

ئێران پێیوایە خۆپیشاندانەكان تەنیا عەبدول مەهدی هاوپەیمانی گۆڕی

سەرچاوەكان پێشبینی ئەوە دەكەن، ئەو پلانەی ئێران بۆ گۆڕینی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لەدوای شەڕی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا كارا بكرێت.

بەپێی رۆژنامەكە، ئێران پێیوایە خۆپیشاندانەكان تەنیا عەبدول مەهدی هاوپەیمانی گۆڕی و بەرهەم ساڵح و حەلبوسی پشتگوێخست، بەوەشەوە نەوەستا مستەفا كازمی كۆنە ركابەری وەك سەرۆكی نوێی حكومەت دامەزراند.

سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، تاران دەیەوێت توڕەیی لایەنە سیاسییەكان بەكاربهێنێت بۆ دەستخستنی پۆستەكانی سێ پۆستە سەرۆكایەتییەكەی عێراق تا بتوانێت لەو رێیەوە گۆڕانكاری گەورە بكات، بۆیە هەوڵ دەدات كار لەسەر توڕەیی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان دژی بەرهەم ساڵح و توڕەیی حیزبی ئیسلامی سوننە دژی محەمەد حەلبوسی و توڕەیی شوێنكەوتووانی خۆی لەناو باڵی شیعە دژی مستەفا كازمی بكات.

تاران دەیەوێت توڕەیی لایەنە سیاسییەكان بەكاربهێنێت

ئەم هەوڵانەی ئێران لەدوای دروستبوونی ئەو بزووتنەوە سیاسییە سوننەیەی لەلایەن ئێران و توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت زیاتر ئامانجی خۆی پێكات، بەتایبەت لەدوای ئەوەی هەوڵیاندا بۆ لابردنی محەمەد حەلبوسی، كە نوێنەرایەتی نەوەی دووەمی سیاسەتمەدارانی سوننی دەكات و نمونەیەكی لیبڕاڵ لەقەڵەم دەدرێت، لەگەڵ ئەوەشدا كراوەیە بەڕووی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی كەنداو و رۆژئاوا و ئەمریكا.

لە راپۆرتەكەدا ئەوەش هاتووە، پڕۆژەی عەرەبی بەسەركردایەتی خەمیس خەنجەر و بەرەی رزگاری بە سەركردایەتی ئوسامە نوجێفی، كە لەلایەن توركیاوە پاڵپشتی دەكرێت، حیزبی “الجماهیر” بە سەركردایەتی ئەحمەد جەبوری، كە لەلایەن نوری مالیكی یەكێك لەدیارترین پیاوەكانی ئێران لە عێراق پاڵپشتی دەكرێت چوونەتە پاڵ هەوڵەكانی حزبی ئیسلامی بە سەركردایەتی رەشید عەزاوی بۆ لابردنی محەمەد حەلبوسی، سەرباری گڵۆپی سەوزی مەسعود بارزانی و سەركردایەتییە شیعەكان بۆ گۆڕینی بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، حیزبی ئیسلامی بووەتە باڵی ئیخوان موسلیمین لە عێراق، كە هەردووكیان هاوپەیمانی باوەڕپێكراوی ئێرانن لەدوای ئەوەی رەشید عەزاوی گەیشت بە باڵاترین پۆست لەو حزبەدا.

عەزاوی نزیكەی نیوەی ژیانی لە ئێران بەسەربردووە و هەر لەوێش هاوسەرگیری كردووە، چەندین پەیوەندی بەرفراوانی لەگەڵ سەركردایەتییە سیاسی و سەربازییەكانی ئەو وڵاتە دروستكردووە بەر لەوەی ساڵی ٢٠٠٣ بگەڕێتەوە بۆ عێراق.

سەرچاوەكان دەشڵێن: هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پلانەكەی ئێراندا رۆڵ دەگێڕن بەجۆرێك، یەكەمیان وەك هێمنكەرەوەی دۆخەكە كار دەكات و دووەمیشیان فشاری بەردەوامی سیاسی دەكاتە سەر جەماوەر بەمەبەستی لابردنی حەلبوسی و كازمی و بەرهەم ساڵح.

هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدر و نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە پلانەكەی ئێراندا رۆڵ دەگێڕن

مالیكی ناتوانێت ئەوە لەبیر بكات، حەلبوسی سوور بوو لەسەر پەیڕەوكردنی سیستمی فرەبازنەیی لە هەڵبژاردنەكان كە یەكێك بوو لە داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانی تشرینی رابردوو، ئەو دەیەوێت هەموو پارێزگاكانی عێراق یەك بازنە بێت هەتا كارئاسانی بۆ بكات لەڕووی گەیشتن بە كورسیی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق كە جەماوەرێكی زۆری تێیاندا كۆكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، مالكی لە هەوڵدایە بۆ قایلكردنی موقتەدا سەدر بەمەبەستی یەكخستنەوەی هەوڵە شیعییەكان دژی حەلبوسی و كازمی و ساڵح، بەڵام بەپێی قسەی چاودێران، لە ئێستادا سەدر دەیەوێت لەسەر گردەكە بمێنێتەوە و هیچ هەنگاوێك نەنێت.

چاودێران دەشڵێن: ئێران دەیەوێت بە چەند مانگێك بەر لە هەڵبژاردنی پێشوەختە سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق لاببات بەمەبەستی گەڕانەوەی هەیمەنەی ژیانی سیاسی لە وڵات.

بەڵام بەدیهێنانی ئەم ئامانجە زۆر سەخت دەبێت لەژێر رۆشنایی ئەو ئاڵۆزییە ناوخۆیی و دەرەكییانەی عێراقی پێدا تێپەڕ دەبێت.

ئەگەر مەسعود بارزانی بیەوێت بەرهەم ساڵح لە پۆستەكەی دووربخاتەوە لەبەرئەوەیە، كە پێیوایە مافێكی بنەماڵەییەتی، بەڵام ئەو سەرۆكە كوردە بە هاوڕێ و هاوپەیمانی دیاری مستەفا كازمی دادەنرێت.

ئەگەریش بڕوانینە دۆخی سەدر بەرانبەر كازمی دۆخێكی ناڕوونە، كۆكردنەوەی هێزە شیعەكان بۆ دوورخستنەوەی كازمی كارێكی ئاسان نابێت، سەبارەت بە حەلبوسیش، بەهۆی ئەو پەیوەندییە فرە لایەنانەیەی لەگەڵ لایەنە سیاسییە شیعە و سوننەكاندا هەیەتی پێدەچێت دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی كارێكی ئاسان نەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا