جەلالی مەلەکشا لە دوای خۆی، دەنگدانەوەی زیاتر دەبێ

کۆچی ئاویەر

نووسینی: ناسڕ حسامی

جەلالی مەلەکشا، کۆچی دوایی کرد. کاک جەلال کە خەڵکی شاری سنە بوو، ناوی شاخی “ئاویەر”ی کردبوو بە ناسناوی خۆی. لە سەردەمی ڕاپەڕینی خەڵکی ئێراندا لەدژی حکوومەتی شا، کاک جەلال بە شیعری پڕ لە حەماس و ورە و وزەی شۆڕشگێڕانە ناوبانگی دەرکرد. کاسێتی شیعرەکانی، کە پێم وایە بە دەنگی خۆی تۆمار کرابوو، لە بنکەکانی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا و لەو شوێنانەی شارەکان کە ڕۆژنامە و بەیاننامەی حیزب و لایەنەکان بڵاو دەکرانەوە، زۆربەی جار بەدەنگی بەرز بڵاو دەکرانەوە:
ئەوا ڕێوی لە پێچی کوێرەرێیانەوە دێن
بڵێ شێرەکوڕان ئامادە بن.
….
بەجێت ناهێلم
ئەی وڵاتی سووتاو
بە تەنیات بەجێ ناهێڵم.
کاک جەلال وڵاتە سووتاوەکەی خۆی بەجێ نەهێشت و بە هەموو هاوارە حەماسییەکانییەوە، لە پەراوێزی وڵاتەسووتاوەکەی خۆی مایەوە. ئەو “شێرەکوڕان”ـەی کاک جەلال بانگەوازی کردبوون بۆ خۆڕاگری، سەردەمێک شار و ناوچەکانی خۆیان پاراست. بەڵام نە ئەو دەم و نە ساڵانی دواتریش، نەبوونە چیایەک کە کاک جەلال دەنگدانەوەی بانگەوازەکەی خۆی لێ ببیستێتەوە. کاک جەلال خۆیشی ئیدی زۆر چاوەڕێی بیستنی دەنگدانەوەی بانگەوازەکەی خۆی نەمایەوە. وەک ئەحمەدی شاملوو دەڵێ:
بوومە میوەی سەر لقی دار
خڕەبەردی دەستی منداڵ
تەلیسمی موعجیزەیەک مەگەر
لە دەست خۆمم بپارێزی
وا کە هەلینگم داوەتە تاڵانکردنی خۆم.
شاعیری “ئاویەر”، شاعیری ڕاپەڕین و خۆڕاگری، بەڵام بە شیوەیەکی دیکە بوو بە هێمای وڵاتەکەی خۆی: شارێک دەکەوێتە بەر هێرش و، لە دوای سووتماک و وێرانی و تاڵان و بڕۆ، قەڵایەکی سووتێنراو هەتا ساڵانی ساڵ دووکەڵی لێ هەڵدەستێ. جەلالی مەلەکشا، ئەو قەڵایەی سەردەمی خۆڕاگری بوو کە هەتا ژیا وەک یادگاری ئەو سووتماکە گەورەیە، برین و دڵشکاوی و ئازاری وەبیر هێناینەوە. مەلی کونجی قەفەس بوو، بەڵام هەرگیز چریکەی خۆی لەبیر نەبردەوە.

جەلالی مەلەکشا لە دوای خۆی، دەنگدانەوەی زیاتر دەبێ. ئەو کاتەی نەوەکانی داهاتوو ئیدی نەک دیمەنی لەشی بیماری ئەو شاعیرە دڵشکاوە، بەڵکوو دیمەنی شاعیری شیعری گەرمی هاندەرانە و ستایشی ئازادی لە یادیاندا دەمێنێتەوە.

جەلال مەلەکشا، شاعیر، نووسەر و وەرگێڕی ناسراوی کوردی خەڵکی سنە، ئێوارەی رۆژی شەممە ٣١ ی ١٠ ی ٢٠٢٠ لە تەمەنی 69 ساڵیدا بە جەڵتەی دڵ لە شاری سنە کۆچی دواییکرد. 

 لە ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی مەلەکشا سەر بە شاری سنە لەدایک بووە. ھەر لە شاری سنە خوێندوویەتی و بڕوانامەی دیپلۆمی وەرگرتووە. لە منداڵییەوە ھۆگری شیعر و نووسین بووە.

مەلەکشا شاعیرێکی  نەتەوەیی بوو کەلە سەرەتاوە بە فارسی شیعر و پەخشان و چیرۆکی نووسیوە و لەبەر ھێز و پێزی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی ببێ، کراوەتە ئەندامی کانوونی نووسەرانی ئێران. 

شیعرەکانی جەلال مەلەکشا تا ئێستا بە زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، لیبیایی، سویدی و… وەرگێڕدراون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا