عێراق پلان بۆ دروستکردنی ١٤ بەنداوی نوێ دادەنێت

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، دەیانەوێت ١٤ بەنداوی نوێ لەسەر روبارەکانی دیجلە و فورات دروست بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەونی دیاب وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، عێراق توانی خەزێنەیەکی ئاوی باش دروست بکات، وتیشی: کێشەی ئاوی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کێشەیەکی ئاینەدییە.

دیاب باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا کێشەی ئاو کۆنتڕۆڵکراوە و بەشی پێویست ئاومان هەیە تا بتوانین بۆ ئاودانی رووبەری کشتوکاڵی  لەم وەرزی زستانە و تەنانەت هاوینی داهاتووش سودی لێوەربگرین.

جەختی لەوەش کردەوە، کێشەی ئاوی عێراق لەدوای تەواوکردنی پڕۆژەکانی تورکیا لەسەر رووباری دیجلە و فورات زیادیکردووە بەتایبەت پڕۆژەی کاپی گەورە بۆ گەشەپێدانی ناوچەی باشوری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ کە دەبێتەهۆی ئەوەی تورکیا رێژەیەکی زۆر ئاو بەکاربهێنێت و بڕی پێویست نەگاتە دەست عێراق.

باسی لەوەش کرد، ئێرانیش یەکێکی ترە لەو وڵاتانەی پڕۆژەکانی کاریگەری لەسەر سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق دادەنێت بەتایبەت لەسەر ئەو سەرچاوە ئاوییانەی لە رووباری دیالە و سیروانەوە دێن.

دیاب جەختی لەوەش کرد، پێشنیاری دیراسەکردنی ستراتیژی دامەزراندنی ١٤ بەنداو لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات دەکەین، دەشڵێت: ئەم بەنداوانە پێویستیان بە تێچوویەکی ماددی زۆر دەبێت کە پشت دەبەستێت بە توانا و خەزێنەی دەوڵەت.

ساڵانێکە ترسی کەمئاوی بەهۆی پڕۆژە ئاوییە یەکلەدوای یەکەکانی وڵاتانی دراوسێ سەرتاپای عێراقی داگرتووە و مەترسی ئەوە هەیە لە ساڵانی داهاتوو کەمی ئاو زیان بە ژیان و کشتوکاڵی عێراق بگەیەنێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا