شۆڕش خێمە نییە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
لەدوای كردنەوەی گۆڕەپانی تەحریر لەناوەڕاستی بەغدا، كەشێكی نائومێدانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باڵی بەسەر چالاكوانانی عێراقدا كێشا، ئەو گۆڕەپانەی بوو بەناونیشانی شۆڕشی تشرینی ساڵێك بەر لەئێستا.

دوای زیاتر لە ساڵێك لە داخرانی بەڕووی جوڵەی هاتوچۆدا، گۆڕەپانی تەحریر لە خێمەكانی خاڵی بووەوە و وێنەی قوربانیانی خۆپیشاندانەكان لابران و خۆپیشاندەرانیش گەڕانەوە بۆ ماڵەكانیان.

مستەفا كازمی سەرۆكی وەزیرانی عێراق لەو بارەوە تویتێكی بڵاوكردەوە تێیدا نووسی، گەنجەكانمان بەدرێژایی ساڵێك لە گۆڕەپانی تەحریر باشترین رۆڵی نیشتیمانییان گێڕا، ئەمڕۆش جەخت لە شانازی نەتەوەییان دەكەوەنە بەدووپاتكردنەوەی ئەوپەڕی هاوكارییان بۆ كردنەوەی گۆڕەپانەكە بەڕووی هاتووچۆكەراندا و گەڕانەوەی ژیانی سروشتی.

گەنجەكانمان بەدرێژایی ساڵێك لە گۆڕەپانی تەحریر باشترین رۆڵی نیشتیمانییان گێڕا

لە مانگی ئایاری رابردوو، دوای چەند مانگێك لە قەیرانی سیاسی، كازمی پەیمانیدا داواكاری خۆپیشاندەران بخاتە ناو كارنامەی حكومەتەكەی و هەڵبژاردنی پیشوەختە ئەنجام بدرێت و وڵاتەكە لە قەیرانی سیاسی و ئابوری رزگار بكات.

بەڵام سەرباری جەختكردنەوەی كازمی لە گەڕانەوەی ژیان بۆ دۆخی سروشتی خۆی، هێشتا ئەو چاكسازییانە نەكراون، كە خۆپیشاندەران داوایان دەكرد.

لەدوای بڵاوكردنەوەی تویتەكەی، رەخنەكان رووبەڕووی كازمی بوونەوە و یەكێك لە تویتكەرەكان تویتێكی بڵاوكردەوە و تێیدا نوسی، ئەوەی عادل عەبدول مەهدیش نەیكرد تۆ كردت.

ئەوەی عادل عەبدول مەهدیش نەیكرد تۆ كردت

یەكێكی دیكە لەژێر ناوی عومەر جەنابی تویتێكی بڵاوكردەوە و بۆ كازمی نوسی: تۆ، براكەی مالیكی و عەبدول مەهدی و جەعفەری، ئەمڕۆ خۆت كوشت.

لەلایەكی دیكەوە، رۆژی شەممە، یەحیا رەسوڵ وتەبێژی راگەیاندنی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان وێنەیەكی بڵاوكردەوە تێیدا بلدۆزەری كوتلەی خۆراسانی لە گۆڕەپانی تەحریر و پردی جمهوریە دەردەكەوێت و نوسیویەتی بەهەماهەنگی لەگەڵ رۆڵە خۆپیشاندەرەكانمان ئەمەمان كرد.

لە وەڵامی ئەم بڵاوكراوەیەدا، زەید ئەعزەمی رۆژنامەنوسی عێراقی تویتێكی بڵاوكردەوە و نووسی، ئەوەی بلدۆزەرەكان بەرزیدەكەنەوە تەنیا بەردێكی ئاسایی نین بەڵكو مێژووی گەلێك و چیرۆكی ئەو قوربانیانەن كە ساڵێك پێش ئێستا و لە تشرینی رابردوو نوسرانەوە و تا ئێستاش دەنوسرێنەوە، ئەم تویتەی ئەعزەمی دەنگدانەوەیەكی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا.

پردی جمهوریە و گۆڕەپانی تەحریر بە دوو ناوەندی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو لەقەڵەم دەدرێن

پردی جمهوریە و گۆڕەپانی تەحریر بە دوو ناوەندی خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو لەقەڵەم دەدرێن كە دژی گەندەڵی و بەمەبەستی داواكردنی رەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان و دابینكردنی خزمەتگوزیارییە گشتییەكان و گرەنتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی روون بەڕێوەچوون.

پردی جمهوریە گۆڕەپانی تەحریر بە ناوچەی سەوزەوە دەبەستێتەوە، كە بارەگای حكومەت و پەرلەمان و باڵیۆزخانەی ئەمریكایە، ئەو پردە شایەتحاڵی ئەو توندوتیژیانە بوو كە لە خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو بووەهۆی كوژرانی نزیكەی ٦٠٠ خۆپیشاندەر و برینداربوونی ٣٠ هەزار كەس لە سەرانسەری عێراقدا.

لەدوای كردنەوەی پردی جمهوریە و گۆڕەپانی تەحریر، جۆرێك لە خەم و سەرسوڕمان بەسەر بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی عێراقدا زاڵ بوو، هەندێكیشیان دەڵێن: شۆڕشی تشرین دیارنەما.

هەفتەی رابردووش، خۆپیشاندەران خێمەكانیان لە گۆڕەپانی تەحریر هەڵگرت و لەدوای پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنییەكان و كۆمەڵە تێكدەرەكان، كشانەوە.

محەمەد كندی یەكێك لە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكە دەڵێت: چالاكوانان بەشێك لە خێمەكانیان بەمەبەستی جیاكردنەوەی تێكدەران هەڵگرت، باسی لەوەشكرد، ئەم جوڵەیەمان بە رێككەوتن لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان ئەنجامدا، لەگەڵ هێشتنەوەی نیشانەی شەهیدان و وێنەكانیان و هەندێك خێمەی خزمەتگوزاری پزیشكی و خۆراك.

لە درێژەدا كندی وتی: بەڵام حكومەت رێككەوتنەكەی شكاند و هەرچییەك كە پەیوەست بوو بە شۆڕش و شەهیدانەوە لایبرد و رێگاكەی بەڕووی هاتوچۆدا كردەوە، ئەم هەوڵەش ئاشكرایە بۆ كۆتاییهێنان بوو بە شۆڕش بە زەبر و بە رق.

چۆڵكردنی گۆڕەپانەكان مانای كۆتاییهاتنی راپەڕین نییە

لەو بارەیەشەوە، عەمار حەلەفی رایگەیاند، ئەم كشانەوەیە لەدوای سەركەوتنی خۆپیشاندانەكانی ٢٥ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو دێت كە بە هەزاران خوێندكار و خۆپیشاندەر لە سەرجەم پارێزگاكان بەشداریان تێدا كرد، ئەوە بوو دواتر بووە جێگای سەرسوڕمانی حزبە سیاسییەكان و رەوتی سەدر و هەر ئەوانیش تێكەدەرەكانیان ناردە ریزی خۆپیشاندەران و مۆلۆتۆڤی سوتاویان گرتە هێزە ئەمنییەكان.

بیرۆكە نەك خێمە
حەلەفی پێیوایە، لابردنی خێمەكان بە زەبری هێز وا لە خۆپیشاندەران ناكەن بگەڕێنەوە دواوە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، سووربوونی زیاتر دەداتە خۆپیشاندەران و وایان لێدەكات خۆیان بۆ خۆپیشاندانێكی گەورەتر لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاكان ئامادە بكەن.

لە چوارچێوەی ئەم قسانەدا كندی وتی: چۆڵكردنی گۆڕەپانەكان مانای كۆتاییهاتنی راپەڕین نییە، بەڵام لابردنی خێمەكان و كردنەوەی رێگای گۆڕەپانەكان هەوڵێكی ناشرینی حكومەت و حزبەكانێتی بۆ كۆتاییهێنان بە شۆڕشە پیرۆزەكەمان.

باسی لەوەشكرد، شۆڕشەكەمان بیرۆكەیە نەك تەنیا خێمە، بیرۆكەش نامرێت، سەركردەی راستەقینەی شۆڕش و هاوڵاتیانی بەشدار لەم بیرۆكەیە كەسانی هۆشیارن، بۆیە شۆڕشەكەمان هەتا سەردەكەوێت بەردەوام دەبێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە، قەیس محەمەداوی فەرماندەی ئەپراسیۆنەكانی بەغدا وتی: گەڕانەوەی ژیان بۆ گۆڕەپانی تەحریر داواكاری خۆپیشانەران بووە.

بەپێی لێكدانەوەی عەلی مقدام چالاكوانی یاسایی، ئەو قسەیەی محەمەداوی ئاماژەیە بۆ ئەو كەسانەی كە بازرگانی و مامەڵەیان بە تشرینەوە كرد و چاویان بە كازمی و راوێژكارانی كەوت.

لێرەدا حەلەفی دەڵێت: ژمارەیەكی كەم لە خۆپیشاندەرانی سەر بە راوێژكاران رێككەوتنیان لەگەڵ حكومەت كردووە بەڵام ئەمە كاریگەری ناكاتە سەر گۆڕەپانی خۆپیشاندانە سەرەكییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا